کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ لە ڕۆژئاوای کانادا بەڕێوە چوو

18:32 - 9 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ، ٧١ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕۆژئاوای کانادا بەڕێوە چوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٧ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێوڕەسمێکی تایبەت لە ڕۆژئاوای کانادا بەڕێوە چوو.

ئەو ڕێوڕەسمە لە یەکێک لە پارکە سەرەکییەکانی شاری ڤانکۆوێر، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی دانیشتووی ئەم هەرێمە بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب، و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێبازی پیرۆزی دێموکرات دەستی پێکرد.

پاشان پەیامی کومیتەی حیزب بەو بۆنەوە پێشکەش کرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا ئاماژە بە ژمارەیەکی بەرچاو لە پەیام و برووسکەی پیرۆزبایی کرا کە لە لایەن ڕێکخراو و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە نێردرابوون.

هەروەها بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژەوە، خولێکی تایبەتی تۆپی ‌پێ، بۆ مێرمنداڵان و لاوان ڕێکخرابوو، کە لەو جێژنەدا خەڵاتی تایبەت پێشکەشی براوەکانی خولی تایبەتی تۆپی ‌پێی ٢٥ی گەلاوێژ کرا.

ڕێوڕەسمەکە بە هەڵپەڕکێ و شایی بەشداربوون کۆتایی پێهات.