کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیسی ڕێژیم دیسان بووە گۆڕەپانی شەڕەشەق

18:40 - 9 خەرمانان 2716

كوردستان میدیا: نادر قازی پوور، نوێنەری فاشیستی ورمێ لە مەجلیسی ڕێژیمدا بە كوتان و لێدانی ڕۆژنامەوانێك بۆ جارێكی دیكە بوو بە ڕۆژەڤی باسەكان.

بە گوێرەی هەواڵی دویچە وێللە، ئیحسان بوداغی، هەواڵنێری ڕۆژنامەی حكومەتیی ایران كە ڕۆژی یەكشەممە ٧ی خەرمانان لە یەكێك لە داڵانەكانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیدا، لە لایەن نادر قازی پوور، نوینەری ورمێ لەو مەجلیسەدا كەوتبووە بەر كوتان و لێدان، لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند: قازی پوور سەرەتا مشتێكی لە دەموچاوم دا و دەزگای ڕیكۆردێرەكەی منی كە خەریكی تۆماركردنی وتووێژ بوو، لێ ئەستاندم و پاش ئەوەی كە هەوڵم دا ڕێكۆردێرەكەم وەربگرمەوە، دوو مشتی دیكەی لە سەرم دا.

هەروەها غوڵامعەلی جەعفەرزادە ئیمان ئابادی، نوێنەری ڕەشت كە ئەو تێكهەڵچوونەی بە چاوی خۆی بینیوە، لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆیدا نووسیویە: لە پڕێكدا... چاوم بە ئیحسان دەباغی كەوت كە لە لایەن هاوكاری بەڕێزمان قازی پوورەوە بە توندی بە كومێدی نامەكاندا دەدرا... لە پاڕانەوەی بوداغی بۆ ڕزگاربوون لە ژێر دەستە بەهێزەكانی هاوكاری ئازەری زمانمان زۆر دڵگران بووم.

پاش ئەو لێدانە، قازی پوور ڕوژنامەوانەكەی پەلكێشی حەراسەتی مەجلیس كردووە و حەراسەتیش فایلی دەنگیی پرسیار و وەڵامەكانی ئەو ڕۆژنامەوانە و قازی پووری سڕیوەتەوە و بەڵێنیی لە دەباغی وەرگرتووە كە لەمەوبەدوا نەبێتە هۆی گێرەشێوێنی لە مەجلیسدا.

لە نامەیەكی سەرئاوەڵادا كە ٢٠٨ ڕۆژنامەوان لەو پێوەندییەدا بۆ عەلی لاریجانی سەرۆكی مەجلیسیان نووسیوە، هاتووە كە: بێگومان لەمێژە سەردەمی شەعبان بێ مێشكەكان (چەقۆكێشەكان) لە شەقامەكاندا تێپەڕیوە و چ ڕاستێیەكی تاڵە ئەگەر مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ـ كە دەزگای یاسادانانە و ئەركی پاراستنی یاسایەـ لە شەقامەكانیش دوا بكەوێت.

نووسەرانی ئەو نامەیە لە كۆتاییدا هۆشداریان داوە كە ئەگەر پێش بە هەڵسوكەوتەكانی قازی پوور نەگیردرێت، لەوە دەترسن كە ناوبراو سبەی دووسبەی لە دانیشتنەكانی مەجلیسدا چەقۆكێشی بكات.

نادر قازی پوور پێشتر لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی مەجلیسدا سەبارەت بە خۆپاڵاوتنی ژنان لە دەربڕینێكی نەشیاودا وتبووی: مەجلیس جێگای جاشكەكەر و ژن نیە. ناوبراو هەروەها لە لێدوانێكی دیكەدا دانی بەوەدا نابوو كە لە كاتی شەڕی ئێران و عێراقدا دەیان دیلی عێراقیی بە دەستی خۆی سەربڕیوە. سەرەڕای هەموو ئەو لێدوانانەش، شیاویی ناوبراو بۆ ئەندامەتی لە مەجلیسی ڕێژیمدا پەسەند كرا.

ئەوە جاری یەكەم نیە كە مەجلیسی ڕێژیم دەبێتە گۆڕەپانی شەڕی فیزیكی و شەڕەجنێوی نوێنەرانی پەسەندكراوی شۆرای نیگابان و ئەو جۆرە هەڵسوكەوتانە لەو دەزگای بەناو یاسادانانەدا بوونەتە دیاردەیەكی ئاسایی.