کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فرۆشی نایاسایی دووهەزار میلیاردیی مڵکە بەنرخەکانی شارەوانیی تاران

18:52 - 9 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: بەپێی نامەیەک لە دەزگای لێکۆڵینەوەی گشتی ئێرانەوە (سازمان بازرسی کل کشور) بۆ شارەداری تاران، کۆمەڵێک مڵکی بەنرخ لە باکووری شاری تاران بەبێ تێپەڕاندنی قۆناغە یاساییەکان ڕادەستی بەرپرسانی شارەداری و ئەندامانی شورای شار و هەندێک لە نوێنەرانی مەجلیس کراوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٦ی خەرمانانی ١٣٩٥ هەتاوی، ڕۆژنامەی شرق ڕاپۆرتێکی لەسەر بنەمای ئەم نامەیە بۆ شارەداری تاران بڵاوکردووەتەوە.

لەم نامەیەدا دەزگای ئاماژەبۆکراو باسی لەو موڵکانە کردووە کە لەژێر دەسەڵاتی شارەداری تاران دا بوون بەڵام بە بێ هیچ یاسایێک بە بڕیاری ڕاستەوخۆی بەرپرسی شارەداری تاران بە بەرپرسان و ئەندامانی شورای شاری تاران و هەندێک لە نوێنەرانی مەجلیس فرۆشراوە.

نرخی ئەم مڵکانە زۆرتر لە ٢هەزار و٢٠٠ میلیارد هەڵسەنگێندراوە و ئەم مڵکانە لە ناوچە باکووریەکانی شاری تاران وەک ئاجودانیە و دەربەند هەڵکەوتووە.

محەممەد باقر قاڵیباف، بەرپرسی شارەداری تاران، بەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هەڵوێستی گرتووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم زەویانە لە ڕاستای دابین کردنی ماڵ بۆ بەرپرسانی شارەداری بووە.

ناوبراو لە دڕێژەدا ڕایگەیاندووە کە: هیچ کەسێک لە شارەداری وەک من کاتی خۆی بۆ کار و چالاکی، تەرخان ناکات بەڵام تاکوو ئێستاش لە هیچ قازانجێکی شارەداری کەڵکم وەرنەگرتووە.

لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا ئەمە یەکەم جار نیە کە کاربەدەستان و بەرپرسانیی حکومەتی، پەروەندەی گەندەڵیەکانیان لێ ئاشکرا دەبێت، ئەویش لە ڕێژیمێکدا کە بەردەوام بانگەشەی دادوەری لە دەسەڵاتەکەیدا دەکات.