کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردارێکی سپای تێرۆریستی پاسداران لە سووریه کوژرا

16:49 - 10 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: لە درێژەی کوژرانی ئەندامانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە سووریه، سەردارێکی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، پاسدارێکی تێرۆریست بە ناوی سەردار ئەحمەد غوڵامی لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکان لە شاری حەلەب بە کوشت چووە.

پاسداری تێرۆریست ئەحمەد غوڵامی، یەکێک لە فەرماندەکانی لەشکری ١٠ی ناسراو بە سیدالشهدا بووە کە بە دەستی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئەسەد کوژراوە.

ناوبراو تا ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، بەرپرسی جێگری فەرماندەهی لەشکری ١٠ی ناسراو بە سید الشهدا، و فەرماندەی تیپی سەربەخۆی ١١٠ی بروجێردی تا کۆتایی شەڕ، لە ئەستۆ بووە.

هەروەها چەند ڕۆژ پێش ئێستا، هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردەوە کە؛ ٢ پاسداری تێرۆریستی دیکەی ڕێژیمی ئێران، کە شان بە شانی هێزەکانی ئەسەد لەو وڵاتەدا شەڕ دەکەن، کوژراون.

هەواڵدەریی قۆم پرێس سەر بە ڕێژیمی ئێران، شوناسی ئەو پاسدارە تێرۆریستەی بە زیا حوسێنی ڕاگەیاندووە، کە لە سووریەدا کوژراوە.

لە لایەکی دیکەوە ماڵپەڕی قودس ئانلاین یەکێکی دیکە لە ماڵپەڕەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بڵاویان کردەوە کە؛ پاسداری تێرۆریست محەممەد بەخشی کوژراوە؛ ناوبراو جێگری حەسەن ڕووحانی لە شاری مەشهەد بووە.

لەو پێوەندییە دامەزراوەی فۆربێس لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە؛ ڕێژیمی ئێران، لە ڕێگای کۆمپانیای ماهان‌ئێیرەوە، بە ژمارەی ساختەوە گەشتی ئاسمانی بۆ سووریە ئەنجام دەدات، و لەو ڕێگایەوە چەکوچۆڵی سەربازی بۆ ڕێژیمی ئەسەد بەڕی دەکات.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ماهان، چەکوچۆڵی سەربازیی وڵاتەکەی بە نهێنی دەگوازێتەوە بۆ دەمێشق، و لەوێشەوە دەنێردرێن بۆ بەرەکانی جەنگی دژ بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریە.

ئەو دامەزراوەیە، هەروەها باسی لەوە کردووە کە؛ ڕێژیمی ئێران یەکەم وڵاتی جیهانه کە پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە لەپێوەندی لەگەڵ سپی کردنەوەی پارەشدا، یەکەم وڵاتە لە نێوان ١٤٩ وڵات‌دا.

شاری حەلەب لە باکووری سووریە، بووەتە گۆڕەپانی تێکهەڵچوون لە نێوان دژبەرانی ڕێژیمی سووریە و هێزەکانی بەشار ئەسەد و پشتیوانانی نێونەتەوەیی دەوڵەتی ئەسەد، بە تایبەت هێزە ئاسمانییەکانی ڕووسیە، بەکرێگیراوەکانی سپای تیرۆڕیستی پاسدارنی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان و لایەنە بەکرێگیراوەکانی دیکەی ڕێژیم لەو ناوچەیە.

ڕێژیمی ئێران پشتیوانی ستراتژیکی ڕێژیمی ئەسەدە، و بە هەموو ‌هێز و توانایەوە پشتیوانی لە ئەسەد دەکات، و تا ئێستا تێچوویەکی بەرچاوی ماڵی و ماددی لەو وڵاتەدا خەرج کردووە.

ڕێژیمی ئێران لە دوایین هەوڵەکانی خۆی بۆ مانەوەی ئەسەد، پایەگای هەوایی نۆژەی هەمەدانی داوە بە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیه، و ئەوەش سەربەخۆیی سیاسی و خاکی ئێرانی خستووەتە مەترسییەوە. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە بەردەوام باس لە یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆیی ئێران دەکەن.