کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژيمی سووریە لە حەلەب، تووشی تێكشكانێكی سەربازیی گەورە بوو

22:59 - 10 خەرمانان 2716

كوردستان میدیا: دژبەرانی ڕێژیمی ئەسەد لە هێرشێكی بەربڵاودا بۆ سەر هێزەكانی ڕێژیم لە پارێزگای حەلەب، شارۆچكەیەكی ستراتژیكیان كۆنترۆڵ كرد.

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی ئاگۆست، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بە گواستنەوەی هەواڵێك لە دژبەرانی ڕێژیمی ئەسەد و چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاند، هێزەكانی ڕێكخراوی جندالاقصی و كۆمەڵێك لە هێزەكانی سوپای ئازادی سووریە بە هێرشكردنە سەر هێزە حكوومەتییەكان لە شارۆچكەی حلفایا، توانیویانە كۆنترۆڵی چەند بازگەیەكی سوپای ڕێژیم و هێزە هاوپەیمانەكانی لە دەڤەرەكانی باكووری حەلەب بە دەستەوە بگرن.

شارۆچكەی حلفایا لە نزیك یەكێك لە ڕێگا سەرەكییەكانی نێوان ناوچە كەناراوییەكانی سووریە و شاڕێگەی حەلەب ـ دیمەشقدا هەڵكەوتووە.

ئەبووكەنان، فەرماندەی گرووپی جیش العزە كە یەكێك لە لقوپۆپەكانی سوپای ئازادی سووریە لە شەڕەكانی ناوچەی حەمادا بووە، لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە: پاش ڕزگاركردنی شارۆچكەی حلفایا، ئێستا سەرقاڵی پاككردنەوەی لە هێزەكانی ڕێژیمین.

تێكچوونی خێرای هێڵەكانی بەرگریی هێزەكانی ئەسەد لەو شەڕەدا، دەرفەتی ئەوەی بۆ هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن ڕەخساند كە كۆنترۆڵی چەند گوندێكیش وەك ئەلبوەیزە، زەلین و ئەلمەساسنەش بە دەستەوە بگرن. هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن هەنووكە لە هەوڵی ئەوەدان كە كۆنترۆڵی شارۆچكەی تەیبەتولئیمام لە ڕۆژهەڵاتی حلفایاش بە دەستەوە بگرن.

ئەو سەركەوتنە، چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆنی لە شارۆچكەی سەوران یەكێك لە پێگەكانی سوپای ڕێژیم و دەروازەی باكووری شاری حەما نزیك كردۆتەوە.