کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆكی بەكرێگیراوانی بەسیج: ئیعدامەكانی ساڵی ٦٧ بە فتوای خومەینی بوو

23:03 - 10 خەرمانان 2716

كوردستان میدیا: لە درێژەی كاردانەوەكانی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیدا بەرانبەر بە بڵاوبوونەوەی فایلی دەنگیی مونەتەزیری لەمەڕ ئیعدامەكانی ساڵی ٦٧، سەرۆكی ڕێكخراوی دژی گەلیی بەسیج ڕایگەیاند بەڕێوەچوونی ئەو ئیعدامانە بە تەواوی هاوتەریب لەگەڵ بنەما یاسایی، ئایینی، نیونەتەوەیی و نێوخۆییەكاندا بووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حكوومەتیی ئیرنا، پاسدار موحەممەد ڕەزا نەقدی ڕۆژی سێ شەممە ٩ی خەرمانان لە پەراوێزی كۆبوونەوەیەكدا لە شاری مەشهەد، قوربانیانی ئیعدامەكانی ساڵی ٦٧ی بە كۆمەڵێك مونافق لە قەڵەم دا كە بە وتەی ناوبراو بە تاوانی ڕێككەوتن لەگەڵ سەدام و ڕێكخستن بە مەبەستن ڕووخاندنی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ئیعدام كراون.

موحەممەد ڕەزا نەقدی هەروەها ڕایگەیاند: هێندێك كەس كە كوڕی پیاوێكی گەورە و بەناوبانگن، لەو پێوەندییەدا لێدوان دەدەن كە ئەوە كارێكی هەڵەیە.

وێدەچێت مەبەستی نەقدی لەو ئاماژەیە، قسەكانی ئەم دواییانەی عەلی موتەهەری، جێگری سەرۆكی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی بێت كە ڕۆژی سێ شەممە وێڕای پێداگری لە سەر هەڵوێستە پێشووەكانی خۆی سەبارەت بە فایلە دەنگییەكەی ئایەتوڵڵا مونتەزیری، داوای لە بەرپرسانی ڕێژیم كردبوو لە جیاتی دروشمدان، سەبارەت بە ئیعدامەكانی ساڵی ٦٧ ڕوونكردنەوە بە خەڵك بدەن.

ساڵی ١٣٩١ لە پێوەندی لەگەڵ ئیعدامەكانی ساڵی ٦٧دا دادگایەك بە ئامادەبوونی بنەماڵەی هێندێك لە قوربانیانی ئەو كارەساتە، شایەتحاڵان و دادوەرە نێونەتەوەییەكان، لە كۆشكی ئاشتیی شاری لاهەی هولەند بەڕێوە چوو و دادوەرە نێونەتەوەییەكان لە مانگی خەزەڵوەری ئەو ساڵەدا پاش دوو جار دانیشتنی ئەو دادگایە، ئیعدامەكانی ساڵی ٦٧یان لە زیندانەكانی ئێراندا وەكوو تاوان دژ بە مرۆڤایەتی ناساند.