کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ کۆچی دوایی کرد

22:37 - 11 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: کاک غەفوور غەفاری کادر و پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی نۆرێژ ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٠ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، کاک غەفوور غەفاری بە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە، لە تەمەنی ٥٣ ساڵیدا کۆچی داویی کرد.

ناوبراو ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی، لەدایک بووە و تا قۆناغی دواناوەندی لە گوندی نروێ و شاری نەسوود، درێژەی بە خوێندن داوە.

کاک غەفوور دوای ئاشکرا بوونی خەباتی حیزبی دێموکرات لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی‌دا، و دەست‌پێکردنەوەی خەباتی سیاسی و چەکداری، وەک لاوێکی گوندی نروێ، لە ڕیزی لاواندا، لە سازمانی جەوانانی ئەوکاتدا دەستی دایه خەبات و دواتر لە ڕێزەکانی پێشمەرگەکانی هێزیشاهۆدا سازمان درا.

هاوکات لەگەڵ خەبات لە یەکیەتیی لاوان‌دا، بەپێی ویستی ئەو سەردەمە دەستی دایه خەباتی چەکداری.

کاک غەفوور ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، لە تەمەنی ١٦ ساڵی‌دا، بەفەرمی وەک پێشمەرگەیەکی لاو لە خزمەت حیزبەکەیدا، ئامادە بوو بۆ جێبەجێ‌کردنی هەموو فەرمانێک و هەردەم گیان لەسەردەست بوو.

ناوبراو هەروەها لە شەڕی جاددەی پیرانشار ـ سەردەشت‌دا بەشدار بوو، و مەئمووریەتی خۆی بەجێ گەیاند، و هەروەها لە ناوچەکانی داڵاهۆ و جوانڕۆش بەردەوام لە بەڕێوەبردنی مەئمووریەتی حیزبیدا بوو.

کاک غەفوور لە زۆربەی یەکە چەکدارییەکاندا، چ وەک تیمی تەشکیلاتی و چ وەک تیمی نیزامی بەشدار بوو، بۆیه لە ساڵی ١٣٦٧دا، لە ناوچە بریندار بوو و بە هۆی بریندارییەوە ماوەیەک بە نهێنی ژیا.

ناوبراو پلە تەشکیلاتییەکانی یەک لە دوای یەک بڕی، و ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، وەک ئەندامی کۆمیتەی شارستانی هەورامان و دواتر لە کاتی پێکهێنانی مەڵبەندی سێ‌دا، بۆ سێ جار لە کۆنفڕانسەکاندا وەک ئەندامی مەڵبەند هەڵبژێردرا.

چەندین خزم و کەسوکاری کاک غەفوور شەهیدی حیزبی دێموکراتن و ناوبراو ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی، زێدی خۆی بەجێهێشت و سەرئەنجام پاش ماوەیەک لە وڵاتی نۆروێژ گیرسایەوە و بەداخەوە بە هۆی نەخۆشی ماڵئاویی لە ژیان کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، پرسه و سەرەخۆشیی خۆی له بنەماڵه و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی به شەریکی خەمیان دەزانێت.