کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دزیی بەرپرسانی گومرکی پەرویزخان ئاشکرا بوو

18:33 - 13 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: پەروەندەیەکی گەندەڵیی، بە بڕی ١٥ هەزار میلیارد تمەن لە گومرکی پەرویزخان سەر بە پارێزگای کرماشان لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی گەندەڵەوە ئاشکرا بوو.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم بڵاویان کردووە کە ١٠ کەس لە بەرپرسانی گومرکی پەرویزخانی کرماشان گەندەڵییەکی ماڵیان بە بڕی ١٥ هەزار میلیارد تمەن ئەنجام داوە و یەکێک لە گەندەڵییە گەورەکانی نێو کاروباری دارایی ڕێژیم ئەژمار دەکرێت.

بەپێی ئەو ڕاپۆرته سەرجەم ئەو ١٠ کەسەی گومرکی پەرویزخانی کرماشان کارمەند بوونە و لە ماوەی چەند ساڵ‌دا گەندەڵی گەورەی جۆراوجۆریان ئەنجام داوە.

یەکێک لەو بەرپرسانەی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای قاچاغەوە ٨٠٠ تۆن ئەڵکۆڵی سپی هاوەردەی ئێڕان کردووە.

لەو پێوەندییەدا بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان نوێنەرێکی دەست‌نیشاندەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ئاشکرای کرد کە؛ لە سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگییان، گەندەڵییەکی ماڵی بە بڕی ٨ هەزار میلیارد تمەن ئەنجام دراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٠ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، نوێنەرێکی سەبزەوار لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، بە ناوی حوسێن مەقسوودی ئاشکرای کرد کە؛ سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگیان، ٨ هەزار میلیارد تمەن گەندەڵیی ماڵی کردووە و نوێنەرانی مەجلیسیش بۆ لەسەرکار لابردنی وەزیری پەروەردە و فێرکردن، پێداگری دەکەن و لێکۆڵینەوەش لە بارەی سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگیان دەکەن.

بەرز بوونەوەی گەندەڵیی ئابووری لە ئێران و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، کە وەک یەکێک لە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی وڵاتان لەلایەن ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی بەئەژماردێت، ڕێژیمی ئێرانی لە بواری پێوەری گەندەڵیی ماڵی، لە نێوان ٣٠ وڵاتی یەکەمی خشتەی جیهاندا داناوە.