کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەلجوبەیر: ڕێژیمی ئێران دەبێ ڕێز بۆ كۆمەڵگای نێونەتەوەیی دابنێت

18:43 - 13 خەرمانان 2716

كوردستان میدیا: وەزیری كاروباری دەرەوەی عەربستانی سعوودی لەو باوەڕەدایە كە ڕێژیمی ئێران بە درێژەدانی پاڵپشتی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد و ڕێكخراوە تیرۆریستیەكانی وەك حیزبوڵڵا و حووسییەكان، بێ‌ڕێزی بە یاسا نێونەتەوەییەكان دەكات.

بە گوێرەی هەواڵی ئەلعەرەبیە، عادل ئەلجوبەیر ڕایگەیاندووە كە ئێران بە پشتیوانیكردنی ئەسەد، حیزبوڵڵا و حووسییەكان بێ‌ڕێزی بە یاسا نێونەتەوەییەكان دەكات و بۆ پێوەندی و هاوكاریكردن لە گەڵ ئەو ڕێژیمە، ئێران دەبێ ئاڵوگۆڕ بە سەر سیاسەتەكانی خۆیدا بهێنێت.

ئەلجوبەیر لە درێژەدا وتی: دەبینین كە ئێران لە سووریەدا دەستێوەردان دەكات و پاڵپشتیی حیزبوڵڵا و حووسییەكان دەكات. ئەو وڵاتە لە پشتەوەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەدایە كە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەكە دەكەن، ئێمە هیچ ئاڵوگۆڕێك لە سیاسەتەكانی ئێراندا نابینین.

ناوبراو سەبارەت بە سیاسەتی شەڕەنگێزانەی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا و دژ بە دراوسێكانی خۆی وتی: دەبینین كە ئەم وڵاتە هەوڵ دەدات چەكوچۆڵی قاچاخی ڕەوانەی بەحرەین، عەرەبستان و كوەیت بكات. ئێران دەبێ بڕیار بدات كە لە شەڕدایە یان بە پێچەوانە؟ ئەگەر لە شەڕدا بێت و ڕێز لە یاسا نێونەتەوەییەكان نەگرێت و درێژە بە پیلانەكانی خۆی بدات، ناكرێ هاوكاری و پێوەندی لە نێوانماندا هەبێت.

وەزیری دەرەوەی عەرەبستان كە بە گرتنی بەردەوامی هەڵوێستی بوێرانە و ڕاشكاوانە دژ بە ڕێژیمی ئێران ناسراوە، داوای لەو ڕێژیمە كرد بگەڕێتەوە بۆ نێو بنەماڵەی نێونەتەوەیی و بنیاتنانی پێوەندییەكی باش لەگەڵ حكوومەتەكانی ناوچە.