کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لەگەڵ پارلمانتارێکی سوئێد دیداری کرد

19:00 - 13 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: حەمید تەیمووری نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئێد لەگەڵ هانس لیندە (Hans Linde) پارلەمانتار و بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەیەکانی حیزبی چەپ چاوپێکەوتنیان پێک هێنا.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی١٢ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە حەمید تەیموری نوێنەری پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوئێد و ئاسۆ ساڵح هاوکاری ناوبراو چوونە پارلەمانی سوید و لەگەڵ بەڕێز هانس لیندە (Hans Linde) پارلەمانتار و بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەیەکانی حیزبی چەپ چاوپێکەوتنیان پێک هێنا.

لەم چاوپێکەوتنەدا کۆمەڵێک باسیان لە سەر کوردستان و ئێران و بە گشتی جیهان خستە بەر باس و ئەو خاڵانەیان تاوتوێ کرد.

لەم دیدارەدا، باسی ڕاسانی حیزبی دێموکرات و جموجووڵی پێشمەرگەکانی ئەم حیزبە و چالاکیەکانیان هەم لە نێوخۆی وڵات و هەمیش جێگیربوونیان لە سەر سنوورە دەستکردەکان کرد. هەر لەو پێوەندیەشدا باسی چالاکیی پێشمەرگەکان و هێرشی سپای پاسداران و بەسیجی ڕێژیم بۆ سەر پێشمەرگەکان و شەهیدبوونی کۆمەڵێک پێسمەرگە خرانە بەر باس و لێکدانەوە.

هەر سەبارەت بە چالاکی و جموجووڵی پیشمەرگەکان لە نێوخۆی وڵات، سەرانی ڕێژیمی ئێران تووشی شۆک و سەرلێشێوان بوون و بە تووڕەییەوە هاتنە سەر خەت و هەڕەشەیان لە بنەماڵەی پێشمەرگەکان دەکرد لە کەمپەکانی باشووری کوردستان و تەنانەت باسی داگیرکردنی باشووریشیان هێنایە بەر باس کە ئەوەش لە ماسمێدیاکانی خۆیان و تەنانەت لە ماسمێدیای جیهانیش دەنگدانەوەی هەبوو.

تەیمووری لەو دیدارەدا گوتی کە ئێمە وەک حیزبی دێموکرات هەرچەند دەمانزانی کە ئێران تۆقیوە و ئەگەرچی ئێران خۆی بە جەزیرەی بێدەنگی ناو دەبرد بەڵام پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات ڕێژیمیان تووشی شۆکە کرد. هەر بۆیە ئێران دەستی داوەتە ئێعدامی لاوانی کورد و لەم مانگانەی دواییدا زیاتر لە ٥٠ کەسیان لە سێدارە داوە بە ناوی جۆراوجۆر و سونی بوون.

هەر لەو بوارەشدا ئێران دەیەوێ خەبات و چالاکیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەلاڕێدا ببات و لە بەر چاوی خەڵکی ئێران و تەنانەت جیهانیش کە گوایا وڵاتی سعوودیە یارمەتی حیزبی دێموکرات دەکا و ئەمەش چوونکە کوردەکان سوننه مەزهەبن. هەر بۆیە دەیانهەوێ حیزبی دێموکرات وەک سێکتێکی سوننه مەزهەبیی لە قەڵەم بدەن.

حەمید تەیمووری باسی لەوە کرد ئێمە وەک حیزبی دێموکرات ئاگاداری ئەوەین کە ئێران خەریکە شەڕێکی دەروونی و بە ئێعدام‌کردن و بانگەشەی مەزهەبی بوون و سونی بوون تووشی خەڵکی کوردستان دەکا بە تایبەتی کوردستانی ئێران.

لە درێژەی ئەو دیدارەدا تەیمووری باسی کرد کە هەرچەند بۆ جیهان ئاشکرایە کە ئێران بە ڕوونی و لە بەر چاوی جیهان دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە وەک عێراق، سووریە، یەمەن، بەحرەین دەکات و بە ناردنی چەک بۆ حیزبولای لوبنان و حوسییەکان، یان ناردنی هێز بۆ سووریە پەرە بە شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکە دەدات، بە جۆرێکیش خەریکی ئاژاوە نانەوەیە لە باشووری کوردستان.

هەروەها تەیمووری گوتی کە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە لایەن ڕێژیم بە تەواوەتی میلیتارێزە کراوە و هیچ ڕێکخراوی مەدەنی و ژینگەپارێزی ناتوانن بە ئاسانی چالاکیی خۆیان جێبەجێی بکەن. تەواوی چین و توێژەکانی کوردستان لەژێر زەڕەبینی سپای پاسداران و ئیتڵاعاتی ڕێژیم دان.

نوێنەری پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە سوئێد سەرەڕای ئەمانەش ژیانی خەڵکی لەوپەڕی بەدەبەختی دایەو خەڵک ڕۆژ دوای ڕۆژ وەزعی ژیانیان خەراپتر و هەژارتر دەبن و سەرانی ڕێژیمیش سروەتی خەڵک بە تاڵان دەبەن و خەرجی ڕێکخراوە تێروریستیەکانی دەکەن.

تەیمووری گوتیشی که ڕۆژانەش دەبینین کە ئاڵوگۆڕەکان لە کوردستانی باشوور و سووریە و کوردستانی باکوور بە هۆی سپای تورکیە و شەڕی داعش بەرە و خراپی دەچێ و شەڕ یەخەی ئەو خەڵکەی لەو بەشانەدا گرتووە. ئەمەش بەجۆرێک دەتوانین باسی دەستێوەردانی ئێرانی تێدا بکەین و لەو بەشانەش خەریکی نانەوەی کێشەیە، بۆیە ئێران پێی خۆش نیە کە کێشەی کورد بە شێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێ.

تەیمووری گوتی کە ئێمە چاوەڕوانیمان لە حیزبی چەپ ئەوەیە کە کاریگەری هەبێ لەسەر هەم دەوڵەتی سوئێد و هەمیش لایەنەکانیتری بۆ چارەسەری کیشەی کورد و پاڵپشتی داخوازە ڕەواکانی گەلی کورد بن لە هەر چوار بەشی کوردستان.

لەو دیدارەدا، هانس لیندە باسی ئەوەی کرد کە ئەوان هەردەم پاڵپشتی مافە ڕەواکەی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستانن و ڕێزی تایبەتیان بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەیە و بە حیزبێکی ئینترناسیوناڵی دەزانن و حیزبێکە کە خەباتەکەی ڕەوایە و ئێمەش دەزانین کە لە چوار چێوەی پرینسیپە نێونەتەوەیەکان دەجوڵێتەوەو خەباتەکەشیان ڕەواترە لەوەی کە ئێران ئەو هەموو ناو و ناتۆرەیان بۆ دەدۆزێتەوە و وەک ڕێکخراوی تێروریستی یان سێکتێکی مەزهەبی یان ڕێکخراوێکی بێ پرینسیپ.

ئێمە وەک حیزبی چەپ ڕێزمان هەم بۆ خەبات و چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەمیش بۆ کۆڵنەدانی پێشمەرگەکانی هەیە لە پێناوی رزگاری و ەزگاریخوازانەی نیشتمانەکەیان. هەر لەو پێوەندیەشدا ئێمە وەک حیزبی چەپ پرۆژەیەکمان لە بەردەستدایە کە ئامادەی دەکەین لە پارلەماندا بیخەینە بەر باس و لێکدانەوە، ئەویش لە سەر کوردستانە بە هەر چوار بەشەکەی.

نوێنەری حیزبی دێموکرات باسی ئەوەی کرد کە لە ماسمیدیای جیهانی و وڵاتان بە جۆرێک کێشەی کوردیان لە ئێران وەلا ناوەو هەموشی ئێستا بووەتە باسی شەڕی داعش وەک ڕێکخراوێکی تێروریستی. لینده لەو بارەیەوە گوتی کە ئەم پرۆژەیە کوردستانی ئێران دەگرێتەوەو زۆر لایەنی ئەو بەشە دەخەینە بەر باس و لێکدانەوە.