کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

منداڵەکانی تاڵەقانییش هاتنە گۆ

19:44 - 18 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: پاش ئاشکرا کردنی فایلە دەنگییەکەی ئایەتوڵڵا مۆنتەزێری لەلایەن کوڕەکەیەوە سەبارەت بە ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧، منداڵەکانی ئایەتوڵڵا مەحموود تاڵەقانییش هاتنە سەر هێڵ و پاکانە بۆ باوکیان دەکەن.

ماڵپەڕی خبرآنلاین لە زاری منداڵەکانی تاڵەقانییەوە بڵاوی کردۆتەوە کە؛ ئەوان مەرگی باوکیان بە پرسێکی گوماناوی دەزانن و پێیان وایە کە ئەگەر باوکیان زیندوو مابایە، ئەوا ڕووداوەکانی پاش شۆڕشی ٥٧ نەدەهاتنە ئاراوە.

ئایەتوڵڵا تاڵەقانی کە یەکێک لە دامەزرێنەرانی نهضت آزادی ایران بوو، لە ساڵی ٥٧دا لەلایەن خومەینییەوە وەک بەرنوێژی هەینیی تاران دیاری کرا و لە خەرمانانی ساڵی ٥٨دا، بەهۆی جەڵدەی دڵەوە گیانی لەدەست دا، بەڵام مێهدی تاڵەقانی کوڕی گەورەی ناوبراو پێی وایە کە مردنی تاڵەقانی گوماناوییە و هەندێک کەس لە نێو سیستمی کۆماری ئیسلامی‌دا لەڕووی ڕق و قینەوە لەنێویان بردووە.

مێهدی تاڵەقانی هەروەها وتوویەتی؛ ئەگەر باوکم زیندوو بمایەت بەدڵنیاییەوە کێشەکانی دوای شۆڕش نەدەهاتنە ئاراوە، بۆ وێنە نەیدەهێشت شەڕی ئێران و عێراق ڕوو بدات، یان نەیدەهێشت باڵوێزخانەی ئامریکا داگیر بکرێت.

ناوبراو هەروەها باسی لە دەسەڵاتخوازیی و زێدەخوازییەکانی هاشمی ڕەفسەنجانی کردووە و دەڵێ: هاشمی ڕەفسەنجانی بەهۆی زێدەخوازییەکانیەوە تەنانەت پاشقولی لە دۆستە دێرینەکانی خۆی دەدا، بۆوێنە سەحابی، کە یەکێک لە دۆستەکانی خۆی بوو بە بڕیاری ئەو خرایە زیندان.

تاهێرە تاڵەقانییش لەدرێژەی قسە و بۆچوونەکانی براکەی‌دا بە خبرآنلاینی گوتووە: من پێم وایە ئەگەر باوکمان لەسەر ڕێلانەبرایەت، ئەوا لایەنە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی دەستیان بۆ چەک نەدەبرد، چوونکە باوکم بە وتووێژ چارەسەری دەکرد.

لە پاش ٣٧ ساڵ، ناوە بەناوە کۆمەڵێک لە ڕاستییەکانی شاراوەی نێو سیستمی کۆماری ئیسلامی لەزاری کەسانی ئاگادار لەو ڕووداوانە بۆ وێنە منداڵانی تاڵەقانی و مۆنتەزێری دەخرێنەڕوو، کە ئەمە نیشاندەری داڕزینی سیستمی گەندەڵی کۆماری ئیسلامییە.