کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوكی: ئاماژەكان دەری دەخەن كە چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران جێی نیگەرانین

15:47 - 19 خەرمانان 2716

كوردستان میدیا: ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوكی لە ڕاپۆرتێكدا ڕایگەیاندووە ئێران تا ئێستا پابەندی هەموو بەلێنییەكانی خۆی لە ڕێككەوتنی ناوكیدا بووە. هاوكات لەو ڕاپۆرتەدا ئاژانس نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بە بەرهەمهێنانی بۆریی ڕۆتۆری سانتریفیۆژ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەربڕیوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنجشەممە (١٨ی خەرمانان، ٨ی سێپتامبر)ی هەواڵدەریی ئاڵمان لە ڤییەنەوە، ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوكی لە ڕاپۆرتی نوێی خۆیدا جەختی كردۆتەوە كە ئێران پابەندی هەموو خاڵە گرینگەكانی نێو ڕێككەوتنی ناوكی بووە و پشكنەرانی ئاژانس ڕێگەیان پێدراوە لە ئێراندا نیشتەجێ بن و هەروەها سەردان و پشكنینی شوێنە گرینگەكان بكەن.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، ئێران ئاستی دیاریكراوی بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی پیتێندراو، واتە ٣٠٠ كیلۆ ئۆرانیۆمی پێتینراو بە ڕێژەی ٣.٦٧%ی ڕەچاو كردووە.

هاوكات، هەواڵدەریی ئاسۆشێتێد پرێس لە ڕاپۆرتێكدا باس لە نێگەرانیی پشكنەرانی ئاژانس سەبارەت بە یەكێك لە چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران دەكات. ئاژانس لەو ڕاپۆرتەدا نیگەرانیی خۆی لە هەمبەر دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی بۆریی ڕۆتۆری سانتریفیۆژ لە لایەن ئێرانەوە دەربڕیوە. بەپێی ڕێككەوتننامەی ناوكیی نێوان ڕێژیمی ئێران و وڵاتانی گرووپی ٥+١، ئێران تەنیا دەتوانێ بۆ گۆڕینی پارچەكانی ئەو ٥٠٦٠ سانتریفیۆژەی كە بۆی ماونەتەوە، لە پارچەكانی سانتریفیۆژە كۆنەكانی خۆی كەڵك وەربگرێت، نەك ئەوەی كە لەو بوارەدا بەرهەمهێنانی تازە بكات.

شایانی باسە، بەم دواییانە ڕێژیمی ئێران بە دامەزراندنی سیستمی قەڵغانی مووشەكیی ئێس ـ٣٠٠ لە دەوروبەری دامەزراوە ئەتۆمییە ڕاگیراوەكانی فۆردۆ نیشانی دا كە دەیهەوێ لە داهاتوودا چالاكییە ئەتۆمییە سەربازییەكانی خۆی لەو ناوەندەدا دەست پێ بكاتەوە.