کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئۆتریش کۆچی دوایی کرد

17:45 - 21 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: ئەندامێکی حیزبی دێموکرات بە هۆی نەخۆشینی شێرپەنجە لە وڵاتی ئۆتریش ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەر لە ئێوارەی دوێنی ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانان، خاتوو شەیدا ڕەزایی، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هۆی نەخۆشینی شێرپەنجە لە وڵاتی ئۆتریش کۆچی دوایی کرد.

خاتوو شەیدا ڕەزایی ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێرانبوو. ناوبراو هاوسەری شەهید هەژار ڕەزایی ناسراو بە هەژار تەنگیسەری بووە.

شەیدا یەکێک بوو لەو ژنە تێکۆشەرانەی زیاتر لە نیوەی تەمەنی خۆی لە ڕێگای خزمەت بە خەباتی حیزب و گەلەکەی تەرخان کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیڕان پرسە و سەرخۆشیی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی ناوبراو و شەهید هەژار و سەرجەم کەسوکاری دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.

كورتەیەک لە ژیاننامە و بەسەرهاتی شەیدا ڕەزایی

شەیدا ڕەزایی لە ساڵی ١٣٤٩ی هەتاوی لە ناو بنەماڵەیەكی هەژار و زەحمەتكێش لە گوندی تەنگیسەر لە ناوچەی ژاوەرۆی، سەر بە شارستانی سنە لە دایک بووە. بە هۆی دەستكورتی بنەماڵەكەی لە خوێندن بێ‌بەش كراوە و هەر لە منداڵییەوە شانبەشانی دایک ‌و باوک ‌و خوشک ‌و براكانی لە مەزرا خەریكی كاركردن بووە. ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی. لەگەڵ كاک خلیل ڕەزایی بڕیاریاندا كە ژیانی هاوبەش پێک بێنن‌ و لە كاک خلیل مارە بڕا، بەڵام بەداخەوە بەر لەوەی كە شایی بكەن، كاک خلیل پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، شەهید بوو.

پاش شەهید بوونی كاک خلیل، خوشكە شەیدا مارە بڕا لە كاک هەژار ڕەزایی، برای شەهید خەلیل ڕەزایی ‌و لەگەڵ كاک هەژار ژیانی هاوبەشیان پێک هێن ا‌و بوونە خاوەن كوڕێک بە ناوی پێشەوا. كاک هەژار ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی، هاتە دەرەوە و بوو بە پێشمەرگەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران.

بەوهۆیەوە خوشكە شەیدا كەوتە ژێر گوشار و ئەزیەت ‌و ئازاری بەكرێگیراوانی ڕێژیمەوە و بەردەوام فشاریان خستبووە سەری كە دەبێ‌ بڕوا هەژاری مێردی لە ناو پێشمەرگەدا بێنێتەوە‌و تەحویلی بداتەوە. بە ناچار خوشكە شەیدا ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی هاتە دەرەوە ‌و ژیانی ئاوارەیی ‌و دەربەدەری هەڵبژارد و شانبەشانی هەژاری مێردی ئەركی حیزبی بەڕێوە دەبرد ‌و لە ناو شۆڕشدا بوونە خاوەنی سێ‌ منداڵ بە ناوەكانی شلێر، پشتیوان ‌و شادی.

بە داخەوە كاک هەژار ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی، لە جەریانی بەڕێوەبردنی ئەركی پیرۆزی حیزبی لە ناوچەی ژاوەرۆ لە گوندی میراو كەوتە بەر دەستڕێژی جاشە خۆفرۆشەكانی ڕێژیم ‌و لەگەڵ هاوڕێیەكی دیكەی بە ناوی شمسوڵڵا ڕۆستەمی شەهید بوون.

خوشكە شیدا وەكوو ژنێكی شۆڕشگێڕ توانی منداڵەكان بەخێو بكات ‌و كارێک بكات كە هەم وەک باوكیان ‌و هەم وەک دایكیان نازی منداڵەكان بكێشێ‌‌ و نەهێڵێ‌ بێ‌باوكیان پێوە دیار بێ‌.

ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی، لەگەڵ كاک سدیق ژیانی هاوەشی پێک هێناوە و بوون بە خاوەن منداڵێكی دیكەش. بەڵام بەداخەوە خوشكە شەیدا چەند ساڵ پێش تووشی سەرەتانی مەعدە هات و تا ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، لەگەڵ كاک سدیقی مێردی ‌و منداڵەكان بڕیاران دا بەرە و ئووروپا بە هیوای ئەوەی كە لە ئووروپا چارەسەریی نەخۆشییەکەی بكرێ کۆچ بکەن ‌‌و لە وڵاتی ئۆتریش نیشتەجێ‌ بوون ‌و خوشكە شەیدا لەوێ‌ لە خەستەخانە بەستەری كرا و هەوڵی زۆر درا كە لە مردن رزگاری بكەن ‌و پاش ساڵێك دەستوپەنجە نەرم كردن لەگەڵ مەرگدا بەداخەوە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە وڵاتی ئۆتریش بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان كرد.

خوشكە شەیدا ژنێكی نیشتمانپەروەر بوو زۆر دڵسۆزی حیزبەكەی بوو‌و ئەندامێكی هەڵسووڕ‌ و تێكۆشەری حیزبی دێموكرات‌ و یەكیەتیی ژنان بوو، ناوبراو هەر ئەركێك كە بۆی دیاری كرابا بە گیان ‌و بە دڵ بەڕێوەی دەبرد.