کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆمیسێری مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕەخنەی لە ڕێژیمی ئێران گرت

19:08 - 24 خەرمانان 2716

كوردستان میدیا: كۆمیسێری مافی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بە هۆی هاوكاری نەكردنی ڕێژیمی ئێران لەگەل‌َ ئەو دامەزراوە نێونەتەوەییە، ڕەخنەی لە ڕێژیم گرت.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فەرانسە، زەید ڕەعد ئەلحوسەین ڕۆژی سێشەممە ١٣ی سیپتامبر لە دەستپێكی سی و دووەمین كۆبوونەوەی كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا وێڕای ئاماژە بەوەی كە لە سێ ساڵ پێش بەملاوە بەرپرسانی ڕێژیم ئێران نەیانهێشتووە نوێنەرانی ئەو كۆمیسیۆنە سەردانی ئێران بكەن، ڕایگەیاند: ئێمە بەردەوام ڕاپۆرتی پێوەندیدار بە كێشە بنەڕەتییەكانی دامودەزگاكانی سزادانی یاساییمان لە ئێراندا پێ دەگات.

كۆمیسێری مافی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئێران، ڤێنزووئێلڵا، سووریە، كۆریای باكوور و ئێریترەی بەوە تۆمەتبار كرد كە هیچ جۆرە هاوكارییەك لەگەڵ ئەو كۆمیسیۆنە ناكەن.

ناوبراو هەروەها وتی ئەم ڕێژیمانە بە بیانووی ئەوەی كە مافی مرۆڤ بیانوویەك بۆ دەستێوەردان لە كاروباری نێوخۆیی وڵاتەكەیاندایە خۆیان لە هاوكاریكردنی ئەو دامەرزاوە نێونەتەوەییە دەبوێرن، لە كاتێكدا كە كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دامەزراوەیەكی بێ لایەنە كە هەوڵ دەدات تریبۆنێك بۆ قوربانیانی پێشێلكرانی مافی مرۆڤ بێت.

زەید ڕەعد ئەلحوسەین وێڕای ڕەخنەگرتن لە ژمارەی ئیعدامەكان لە ئێراندا، نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بە ڕەوتی لەسێدارەدانی تۆمەتبارانی كەمتر لە هەژدە ساڵ دەربڕی.

ناوبراو لە درێژەدا وتی: لەوانەیە هێندێك وڵات بتوانن دەفتەری نوێنەرایەتیی ئەو كۆمیسیۆنە دابخەن یان هاوكاریی پشكنەرە نێونەتەوەییەكان نەكەن، بەڵام دەبێ بزانن كە هەرگیز ناتوانن ڕاستییەكان لە چاوی ئێمە بشارنەوە. ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی كە ڕاپۆرتەكانمان لە سەر ئەو وڵاتانە وردبینانە بێت.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕیكخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، لە ساڵی ٢٠١٥دا ٩٧٧ كەس لە ئێران لە سێدارە دراون كە لە ڕاپۆرتی ئەو دامەزراوەیەدا بە بێ‌وێنە لە قەڵەم دراوە.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، ئێران لە دوای چین، زیاترین ژمارەی ئیعدامەكانی تێدا بەڕێوە دەچێت.