کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی پەیوەندییەكانی حیزب سەردانی پارلمانی دانمارکیان کرد

17:53 - 26 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: شاندێکی پەیوەندییەكانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارك، سەردانی پارلمانی ئەو وڵاتەیان كرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ لە درێژەی سەردانە دیپلۆماتیکەكانی بەشی پەیوەندییەكانی حیزب لە وڵاتی دانمارك، ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێكەوتی ١٥ی سێپتامبر، شاندێكی پەیوەندییەكانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی دانمارك، بە سەرپەرەستیی سەعید سۆڵتانپوور، سەردانی پارلمانی دانماركیان كرد و چاوپێكەوتنیان لە گەڵ ئەندام پارلەمانێکی ئەو وڵاتە بەناوی خاتوو مێدێ بۆسك، سەر بە حیزبی لیبراڵ ئالیانسێن پێك ھێنا.

شاندی حیزب لەو دیدارەدا بە وردی لە سەر باردۆخی نەتەوەی كورد لە چوار پارچەی كوردستان و ھەوڵەكانی ئەو نەتەوەیە بۆ سەربەخۆیی لە باشووری كوردستان قسەی كرد.

لە بەشێكی دیكەی ئەو سەردانەدا لە سەر داوای شاندی حیزبی لیبراڵ ئالیانسێن، نوێنەری حیزب لە سەر قۆناغی تازەی خەباتی حیزب ڕاسان و چوونی بەردەوامی پێشمەرگەكانی حیزب بۆ نێوخۆی كوردستانی ڕۆژھەڵات، زانیاری بە ئەو شاندە دا.

لە درێژەی وتەكانی خۆیدا، سەعید سۆڵتانپوور لە سەر ھەڕەشەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر حیزبەكانی كوردستانی ڕۆژھەڵات لە باشووری كوردستان، زانیاری پێشكەش بەو شاندە كرد.

پاشان سۆڵتانپوور لە سەر بارودۆخی نەتەوەكانی ئێران و ڕەوتی لە سێدارەدانی زیندانیانی كورد و باقی نەتەوەكانی ئێران لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێراندا زانیاری وردی ڕادەستی شاندی حیزبی لیبراڵ ئالیانسێن كرد.

لە تەوەرێكی دیكەی ئەو دانیشتنەدا سەعید سۆڵتانپوور ئاماژەی بە كوشتنی بەردەوامی كۆڵبەرانی سەر سنوورەكانی كوردستان بە دەستی سپای تیرۆریستی پاسداران كرد و ئاماژەی بەو راستییە دا كە ئامانجی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران تواندنەوەی گەلی كورد لە كوردستانی ڕۆژھەڵاتە و ئەو كەسانە بە ھەر بیانوویەك بگیرێن بە تاوانی كورد بوون بە شێوەیەكی دڕندانە دەكوژرێن.

لە كۆتایی‌دا شاندی حیزبی لیبراڵ ئالیانسێن وێڕای سوپاسی نوێنەرایەتیی حیزب لە وڵاتی دانمارك، جەختیان لە سەر دیداری زیاتر كردەوە و داوایان كرد كە زانیاریی زیاتر لە سەر ئەو باسانە بۆ ئەوان بەڕێ بكرێت.

لیبراڵ ئالیانسێن حیزبێکی لایەنگری پشتگیری و کار بۆ توێژی لاوانە و یەکێک لە حیزبەکانی بلۆکی شین( بلۆکی حاکم) ە کە لە دەرەوەی کابینە پشتگیریی کابینەی حکوومەت دەکا.