کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێک لەتەنیشت منۆمێنتی شەهیدانی میکۆنوس بەڕێوەچوو

23:14 - 28 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدانی میکۆنوس لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان، ڕێوڕەسمێک لە تەنیشت مۆنۆمێنتی شەهیدانی میکۆنوس بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی. لە لایەن کۆمیتە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان، بە هاوبەشیی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکرات ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ لەتەنیشت مۆنۆمێنتی شەهیدانی میکۆنوس بەڕێوەچوو.

سەرەتای ڕێورەسمەکە بە خوێندنی سروودی ئەی ڕەقیب لە لایەن گرووپی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدان دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان لە لایەن ڕەشید ڕەحمانی بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی کۆمیتەوە خوێندرایەوە.

لە بەشێکی ئەو پەیامەدا باس کرابوو: ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی کە هەر لە دەستپێکی هاتنە سەرکاریەوە، لەسەر بنەمای ئازادی کوشتن پێی گرتووە و کارنامەیەکی ڕەشی لە گرتن، ئێعدام و تێرۆری جیابیران هەیە، بە نیسبەت داخوازییە ئینسانی و ڕەواکانی گەلی کوردە دڕندانتر بزواوەتەوە و لە هەموو چەشنە جینایەتێک کەڵکی وەرگرتووە، دیپڵۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە وییەنی پایەتەختی وڵاتی ئۆتریش، بە دوور لە هەموو پرەنسیپ و پێوەرێکی نێونەتەوەیی و ئینسانی، لەسەر مێزی وتووێژ، مامۆستا و ڕێبەری ناوداری کورد شەهید دوکتور قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و عەبدوڵڵا قادری ئازەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵاتیان شەهید کرد، بە خەیاڵی ئەوەی بتوانێت لەو ڕێگایەوە چۆک بە بزووتنەوەی کوردستان دابدات.

بەڵام کۆماری ئیسلامی نەتەنیا نەیتوانی بە خەونە نگریسەکانی بگات، بەڵکوو بزووتنەوەی کورد بە بوونی کاک د. سادق شەرەفکەندی وەک ڕێبەرێکی شۆڕشگێڕ و لێهاتوو و قوتابییەکی وەفاداری شەهید د. قاسملوو پتر لە جاران بڵێسەی سەند. دوکتور سادق شەرەفکەندی لە حاڵێکدا بۆ بەشداری لە کۆنفڕانسی ڕێکخراوی ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیستی جیهانی هاتبووە بێرلین، ئێوارەی ١٧ی سێپتامبری ١٩٩٢ی زایینی، بە مەبەستی پێکهێنانی هاودەنگی و یەکگرتوویی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بۆ بەگژداچوونەوەی ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە ڕێستورانی میکۆنوس کۆبوونەوە، کە لە پیلانێکی‌تردا دەکەونە بەر پەلاماری تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی و بەداخەوە وێڕای هاوڕێیان کاک فەتاح عەبدولی، کاک هومایون ئەردەڵان و د. نووری دێهکوردی دۆستی نزیکی حیزبی دیموکرات شەهید دەکرێن.

لە درێژەی پەیامەکەدا ئاماژە بە ڕەوتی بەدواداچوون و دەستگیرکردنی تێرۆریستان و ناساندنی ئەنجامدەرانی ئەو تێرۆرە سامناکە، وەک عەلی خامنەیی، عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی، عەلی فەلاحیان و موحسین ڕەزایی درا و بەو بۆنەوە بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و گەلی کوردەوە سپاس و پێزانینی خۆیان بۆ دەزگای داد، حکوومەت و گەلی ئاڵمان دووپات کردەوە و داوا لە حکوومەتی ئۆتریشیش کرا کە لە هەوڵ و بڕیاری بوێرانەی وڵاتی ئاڵمان دەرس وەرگرێ و لەوەزیاتر ئیزن نەدەن ڕوو زەردی مێژوو ببن و ڕووسووری و سەرفرازی بۆ خۆیان و دەزگای دادی وڵاتەکەیان بگێڕنەوە.

ڕەحمانی لە کۆتایی پەیامەکەدا بە وردی پرژایە سەر ڕەوتی ڕاسان و چوونەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ نێوخۆی کوردستان، بەرنگاریی بێ‌وێنەی قارەمانەکانی دێموکرات لە بەرانبەر هێرشی سوپای داگیرکەر و وەشاندنی زەبری کوشندە لە پەیکەری ئەو ڕێژیمە تێرۆریستیە و بەڕێزەوە یادی لە شەهیدانی ڕاسانی دێموکراتیش کردەوە.

له درێژەی ڕێورەسمکەدا پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان بە زمانی ئاڵمانی لە لایەن ئارێز داراپوور بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی ئاڵمان خوێندرایەوە.

هەر بەو بۆنەوە پەیامی یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران خوێندرانەوە.

پاشان پەیامی ڕێکخراوی کوردۆساید چاک پێشکەش کرا.

پاشان ژنە شاعیری لاو دیمەن سوهرابی دوو پارچە هۆنراوەی بۆ گیانی پاکی شەهید کاک د.سەعید و سەرجەم شەهیدانی کوردستان خوێندەوە.