کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆستالۆژی حیزبی دێموکرات، پزیشکانی جیهانی لەدەوری یەکتر کۆ کردەوە

17:00 - 31 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: لە کۆبوونەوەی ساڵانەی پزیشکان و پەرەستارەکانی سەر بە دامەزراوەی پزیشکانی جیهان کە لە ڕابردوودا زیاتر لە یەک دەیە هاوکاری حیزبی دێموکراتیان کردووە، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بەشداری کرد.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا بڵاوی کردەوە، ئەمساڵیش بەشێک لە پزیشک و پەرەستارەکانی سەر بە دامەزراوەی پزیشکانی جیهان کە لە ساڵانی ڕابردوودا زیاتر لە یەک دەیە لە کوردستان هاوکاری حیزبی دێموکراتیان کردبوو، لە ڕۆژانی ١٧ و ١٨ی سێپتامبری ٢٠١٦ لە گوندی ئێتوال سەر بە پارێزگای مارسی کۆبوونەوە و ڕێزیان لەو هاوکارییانە گرت.

پێویست بە ئاماژەیە کە ١٢ ساڵ پێش ئێستا و بە دەسپێشخەری دوکتور بێرنارد گرانژۆن، سەرۆکی ئەو کاتی ڕێکخراوی پزیشکانی جیهان، پیشنیاری بەستنی کۆبوونەوەیەکی لەم شێوە هاتە ئاراوە کە لەگەڵ پێشوازی زۆربەی ئەو پزیشک و پەرەستارەکانی بەرەوڕوو بوویەوە کە کاتی خۆی هاتبوونە کوردستان و یارمەتی حیزبی دێموکراتیان دابوو. بۆیە لەو کاتەوە، هەموو ساڵێک لە دوو ڕۆژی پشودان لە کۆتاییەکانی مانگی سێپتامبر یان ئۆکتۆبر لە دەوری یەکتر کۆدەبنەوە و لە ژێرناوی کۆتایی حەوتووی تایبەت بە کوردستان باس لەو ساڵانە دەکەن کە هاوکاری حیزبی دێموکراتیان کردووە و رێزی لێدەگرن.

ئەمساڵ بەوهۆیەوە کە ١٧ی سێپتامبر هاوکات بوو لەگەڵ ساڵڕۆژی شەهیدکرانی دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی بە دەستی تێرۆریستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، یەکەم دانیشتنی ئەم کۆبوونەوە تەرخان کرابوو بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی ئەم شەهیدانەی ڕێگەی ئازادی و دێموکراسی.

لە دانیشتنی دووهەمی ڕۆژی ١٧ی سێپتامبر، لەسەر داوای بەشداربووان، خوسرەو عەبدوڵاهی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە فەڕانسە سەبارەت بە بارودۆخی کوردستان بەتایبەت کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەت چالاکی پێشمەرگەکانی حیزب لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ داکۆکی لە خەڵک لەبەرامبەر سەرکوتکارییەکانی ڕێژیمی ئاخوندنی و تێکەڵ کردنی خەباتی شاخ و شار لێدوانێکی پێشکەش کرد.

ڕۆژی ١٨ی سێپتامبریش تایبەت کرابوو بۆ گێڕانەوەی بیرەوەری و بەسەرهاتی بەشێک لە پزیشکان و پەرەستارەکانی بەشدار کە تێیدا باسیان لە ماوەی مانەوەیان لە کوردستان و ئەزمونەکانیان لەو هاوکارییانەی پێشکەشی حیزبی دێموکراتیان کردووە.