• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢١ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

نادیە موراد باڵوێزێکى نیاز پاک لە نەتەوەیەکى نیازپاک

زایینی: ٢٢-٠٩-٢٠١٦ - هەتاوی: ١٣٩٥/٠٧/٠١ - ١٧:٣٩ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
نادیە موراد باڵوێزێکى نیاز پاک لە نەتەوەیەکى نیازپاک
ئەلبورز ڕوئین تەن

هەواڵى دەستنیشان کردنى نادیە موراد وەک باڵوێزى نیاز پاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێوڕەسمێکى تایبەتدا، نیشانەى پێشکەوتنى بزاڤى گەلەکەمان لە بوارى دیاری کردن و گەیاندنى ئازار و مەینەتییەکانى گەلەکەمان بە دونیایە، و بێ‌گۆمان لەو ڕێگەیەوە دەتوانین جیا لە پشتگیریی مرۆیى، پشتگیریی سیاسیش بەدەست بێنین.

ئەو دەستنیشان کردنە سەرەتا بۆ ئێمەى کورد شانازییە، و چوونکە تراژیدیاى نادیە موراد وەک بەشێک لە تراژیدیاى مێژووى کورد، دەتوانێ نموونەیەکى بچووک لە ئازارەکانى کورد بێت، هەروەها نموونەیەکى ترى ڕەوایی بزووتنەوەکەمانە کە دەتوانێ بە باشی ئازارەکانى ئێمە بە دونیا نیشان بدات.

ئێمەى کورد وەک نەتەوەیەکى چەوساوە، خاوەن ئازارى وەکوو ژینوساید و ئەنفال و کوشتنى بە کۆمەڵ و ڕفاندن و داگیرکردن، بەردەوام بە دواى ئەوەوە بووین تاکوو بتوانین دەنگمان بە ڕێکخراوەکانى جیهان و هەروەها ناوەندەکانى بڕیار و چالاکیی مافى مرؤڤ بگەیەنین، تا بتوانین لەو ڕێگەیەوە پشتگیریی سیاسی و مرۆیى بەدەست بێنین.

هەر چەند کارێکى وا لە دونیاى ساڵانى ڕابردوو زۆر ئاسان نەبوو، چوونکە لە دونیاى سیاسەتدا بەشێک نەبووین لە بەرژەوەندییەکان و هاوکات بەشێکیشی بۆ خۆمان دەگەڕێتەوە کە نەمانتوانیوە لە بوارى دیپلۆماتیک و پەیوەندییەکانماندا سەرکەوتوو بین. هەر بۆیەش یەکێک لە ئەرکەکانی بزووتنەوە جیاجیاکانى کورد ئەوە بووە کە بتوانێ، ئەو پەیوەندی و پشتگیرییە دروست بکات.

باڵوێزىی نیاز پاکیی نەتەوە یەکگرتوەکان کە تا ئەو شوێنەى پێشتر باو بووە، دراوە بە کەسایەتییە ناودارەکانی بوارى جیاجیا، تاکوو بتوانن لە ناوبانگى خۆیان کەڵک وەرگرن بۆ پەرەپێدانی چالاکى و کۆکردنەوەى پشتیوانى بۆ چالاکییەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئەو کەسانەى کە پێشتر لەو بوارەدا لە نەتەوە یەکگرتوەکان چالاک بوون، وەک ئەکتەرەکانى بوارى سینەما و ناودارەکانى تری بواری هونەری بوون، بەڵام دەستنیشان کردنى نادیە موراد لە بەر ئەوە نەبوو کە نادیە ئەکتەر یان کەسایەتییەکى بەناوبانگە، بەڵکوو بە هۆى ئەو ئازارانەوە بوو کە چێشتبووی. ئەوش چەندە دەبیتە هۆى ئەوەى کە نادیە زیاتر لە چالاکێکى مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا کار بکات، لە هەمان کاتدا دەتوانێ باشتر لە هەموو کەسێک ئەو ئەرکە پیرۆزە بەڕێوە ببات، چونکە خۆى لە ناخى ئازارەکانەوە هاتۆتە دەرەوە.

پێم وایە ئەوەش لە مێژووی کورددا بە ڕوونی خۆی دەردەخا کە، سەڕەڕاى ئەوە کە بوارمان پێ‌نەدراوە، بەڵام هەمیشە نموونە بووین لە بەجێ گەیاندن و پاراستنى نرخە گەردوونییەکان، بۆ نموونە ئێمە گەلێکى ئازاد نەبووین، بەڵام بەردەوام هەوڵمان داوە کە ئازادىی گەلانى دیکە بپارێزین.

ئێمە بەردەوام وەکو نەتەوە و شارۆمەندى پلە دو و سێ سەیر کراوین، بەڵام بەردەوام داواى برایەتى و یەکسانىی گەلانمان کردووە، ئێمە قوربانیی نەبوونى سیستمێکى دێموکراتیک بووین، بەڵام لە هەمان‌کاتدا قوربانیی زۆرمان داوە لە پێناو دێموکراسی‌دا.

باڵوێزى نیاز پاکى نادیە مورادیش دەکەوێتە ئەو چوارچێوەیە، سەرەڕاى ئەوەى کە نادیە موراد خۆى بوو بە قوربانیی نەبوونى نیاز پاکى و تۆندئاژۆیی داعش، بەڵام ئێستا وەک باڵوێزى نیاز پاکى هاوکاریی نەتەوە یەکگرتوەەکان دەکات، تاکوو بتوانێت ڕۆڵى هەبێت لە چالاکی و پشتیوانى کردن لە نەهێشتنى توندوتیژى و توند ئاژۆییەکان.

ئەو دەستنیشان کردنە لە هەمان‌کاتدا دەتوانێ کارى دیپلۆماسی بۆ کورد ئاسانتر بکات، چوونکە ئیتر جیهان کورد دەناسێ و هاوکات ئازارەکانى دەناسێ و دەبینێ، ئەوش بۆ کەیسی سەربەخۆیی کوردستان و بڕیاردان لە چارەنووسی خۆى دەتوانێ ببێتە پاڵنەرێک کە کاریگەرى لە سەر ڕاى گشتى هەبێت، چوونکە دەوڵەتی نەتەوەیەک کاتێک دروستبوونى ئاسانتر دەبێت کە، نەتەوەکە لە ژێر هەڕەشەى نەماندا بێت و نادیە مورادیش نمونەى ئەو هەڕەشەیە لەسەر کورد.

لە لێدوانێکی‌دا نادیە موراد کە باس لە کاندید بوونى بۆ خەڵاتى نوبێل دەکات، ئازادیى ئێزدییەکانى بندەستى داعش بە گرنگتر لە وەرگرتنى خەڵات دەزانێت، ئەوەش نیشان دەدات کە نادیە موراد لەو پێشهاتەیە زیاتر لە بەرژەوەندیى تاکەکەسی، بەرژەوەندى گشتى لە بەرچاو دەگرێت، و ئەگەر ئەو ڕەوتەش بەردەوام بێت، دەتوانێ لە پلەى باڵوێزى نیاز پاکى، زیاتر بۆ خزمەت کردنى نەتەوەکەى کەڵک وەربگرێت.

هەر بۆیەش ئەگەر نادیە موراد چەند ساڵ بەر لە ئێستا تەنیا ناوى کچێک بوو لە شنگال، ئێستا پێناسەى ئازارى شنگال و نەتەوەى کوردە، ئێستا پێناسەى مێژووى توندئاژۆى داگیرکەران بەرانبەر بە نەتەوەى کوردە، پێناسەى هەموو ئەو کچانەیە کە بوونەتە قوربانیی کولتوورى هەڵەى ئایین بەرانبەر بە ڕەگەزى مێ، هەر بۆیەش بۆ ئیمەى کورد وێڕاى شانازى کردن بە نادیە موراد، دەبێ هاوکارىی زیاترى بکەین تا بتوانێ لە ئەرکەکانى خۆیدا سەرکەوتوو بێت، و هەروەها لە بەدەست هێنانى خەڵاتى نۆبێلى ئاشتییش‌دا سەرکەوتن بەدەست بێنێت، بۆ ئەوەى شڕۆڤەى ئازارەکانى کورد بۆ بیانیەکان ئاسانتر بێت لە جاران، چوونکە نادیە مورادیش یەکێک لە بەڵگەکانە.

ئەگەر نادیە موراد چەند ساڵ بەر لە ئێستا تەنیا ناوى کچێک بوو لە شنگال، ئێستا پێناسەى ئازارى شنگال و نەتەوەى کوردە، ئێستا پێناسەى مێژووى توندئاژۆى داگیرکەران بەرانبەر بە نەتەوەى کوردە، پێناسەى هەموو ئەو کچانەیە کە بوونەتە قوربانیی کولتوورى هەڵەى ئایین بەرانبەر بە ڕەگەزى مێ
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک