کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمێک بۆ یادی شەهیدانی میکۆنۆس لە دانمارک بەڕێوە چوو

16:40 - 4 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک ڕێوڕەسمێکی بۆ یادی شەهیدانی میکۆنۆس بەڕێوە برد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دانمارک لە شاری هوڕسێنس ڕێوڕەسمێکی بۆ یادی شەهیدانی میکۆنۆس بە بەشداری لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی، ڕەوەندی کورد و ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەڕێوە برد.

ڕێوەڕەسمە کە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە لایەن سلێمان کەڵەشی بەرپرسی کۆمیتە پێشکەش کرا کە تێیدا باسی لە ڕۆڵ و شوێندانەریی دوکتور شەڕەفکەندی لەسەر بزوتنەوەی میللی دێموکراتیکی گەلەکەمان و هەروەها زۆر لایەنی بەرجەستەی کەسایەتیی ئەو ڕێبەرە و هاوڕێ شەهیدەکانی کرابوو.

کەڵەشی لە بەشێک لە پەیامەکەیدا بەم بۆنەوە، باسی لە ڕاسانی نوێی ڕۆژهەڵات بە ڕێبەریی حیزبی دێموکرات وەک نیشانەی بەردەوامیی ڕێبازی شەهیدان کرد.

لەو ڕێوەڕەسمەدا چەندین حیزب و لایەنی سیاسی پەیامی هاوخەمی و پشتیوانیان پێشکەش کرد:
ـ پارتی دێموکراتی کوردستان
ـ یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان
ـ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ـ پارتی دێموکراتی کوردستانی سووریە
ـ پارتی پێشڤەڕۆی دێموکراتی کوردستان ـ سوریە
ـ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
ـ پارتی سەربەستی کوردستان

شایانی ئاماژەپێدانە نێوئاخنی ئەم ڕێوڕەسمە بە کۆمەڵێک شێعر وپەخشانی شۆڕشگێڕانە ڕازێندرابوویەوە.