کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆنگرەی سوسیال دێموکراتەکانی دانمارک

16:40 - 5 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنگرەی سوسیال دێموکراتەکانی وڵاتی دانمارک بەشداریان کرد.

شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات له کۆنگرەی ساڵانەی پارتی سوسیال دێموکراتەکانی دانمارک که ڕۆژانی هەینی تاکوو یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢٣تاکوو ٢٥ی سێپتامبر٢٠١٦ی زایینی لە شاری ئاڵبۆرگ بەڕێوە چوو بەشداریی کرد.

لەو کۆنگرەیەدا و لە سەر بانگهێشتی فەرمیی سوسیال دێموکراتەکان شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداری کرد.

کۆنگرە میوانداریی چەندین پارتی دیکەی سوسیال دێموکرات لە ئووروپا، ئافریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێژەیەکی بەرچاو لە بالوێز و کاربەدەستانی بالوێزخانەکانی ئورووپایی و ئامریکایی بوو.

لە ڕەوتی ٣ ڕۆژ کاری کۆنگرەدا و بەپێی پڕۆگرامێکی تایبەت کە بۆ میوانەکان دانرابوو، وێڕای سەرۆک و سکرتێر و کۆمەڵێک لە بەرپرسان و پارلمانتارانی ئەو پارتە، زانیارییان لە سەر سوسیال دێموکراتەکان و سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەوەی ئەم پارتە پێشکەش بە بەشداربووان کرد.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات بێجگە لە بەرپرسان و کۆمەڵێک لە پارلمانتارانی سوسیال دێموکرات توانیان لەگەل زۆرێک لە کاربەدەست و باڵوێزەکانی وڵاتانی بەشدار لە کۆنگرە وەک: مەجارستان، بریتانیا، کانادا، ئیسرائیل و ئەرمەنستان چاوپێکەوتن پێک بێنن و لە سەر پرسی کورد، زۆرداری و سەرەڕۆیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بیروڕا بگۆڕنەوە.