کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەوت زیندانیی بەلووچ ئێعدام کران

14:51 - 7 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: لە درێژەی ڕەوتی ئێعدامەکان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ٧ زیندانیی بەلووچ لە زیندانی میناب ئێعدام کران.

بەپێی ڕاپۆرته بڵاوکراوەکان ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، ٧ زیندانیی بەلووچ لە زیندانی شاری میناب ئێعدام کران.

ئەو ٧ زیندانییە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە سڕکەرەکان سزای ئێعدامیان بۆ بڕابوویەوە.

شوناسی ئەو ٧ زیندانییە خودابەخش بەلووچ، عەلی بەلووچ، چاکر بەلووچ، محەممەد محەممەدزێهی، مەجید نەریمان خەڵکی شیراز، مێهدی مورادی خەڵکی جاسک و محەممەد قورچی‌زادە خەڵکی میناب ڕاگەیەندراوە.

لە ماوەی کەمتر له یەک مانگدا نزیک بە ٣٠ زیندانی لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا سزای ئێعدامیان لە سەر جێبەجێ کراوە.

لەو پێوەندییەدا ١٧ هاووڵاتیی زیندانی لە زیندانی وەکیل‌ئابادی مەشهەد بەپێی حوکمی دادگا ئێعدام کران.

هەروەها لە زیندانەکانی گورگان، تایباد و شاهروود حوکمی ئێعدامی چوار زیندانی جێبەجێ کرا.

تەمەنی ئێعدامییەکان کەمتر لە ٣٠ ساڵ بووە.

هەروەها لەم حەوتوویەدا ٧ زیندانی لە زیندانەکانی تەورێز، ورمێ، تەبەس و نێی‌ڕیز ئێعدام کران کە چوار کەس لەو زیندانیانە خەڵکی سەردەشت و ورمێ بوونە.

سەرەڕای لەسێدارەدانی ئەو ڕێژە لە زیندانی، لانیکەم ١١ کەسی دیکەش بۆ ئەگەری لەسێدارەدانیان گوازراونەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی گرتووخانەی ڕەجایی شار، کە تاکوو ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

ساڵی ڕابردووی زایینی، ٩٩٦ کەس لە ئێراندا ئێعدام کراون کە تاوانی نزیک بە دوو لە سەر سێیان، واتا ٦٣٨ کەسیان تاوانی مادە سڕکەرەکان بووە، کە ئەوە زیاترین ڕێژەی ئێعدام کراوان لەو پەیوەندییەدایە لە ٢٥ ساڵی ڕابردووی حکوومەتی ئێراندا.