کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیمۆن پرێز لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد

15:26 - 7 رەزبەر 2716

كوردستان ميديا: شیمۆن پرێز، سەرۆكی پێشووی ئیسرائیل بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە ٧ی ڕەزبەر (٢٨ی سیپتامبر) لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری تەلئەبیب كۆچی دوایی كرد.

بە گوێرەی هەواڵی ڕاگەیەنە ئیسرائیلییەكان، سەرۆكی پێشووی ئیسرائیل كە دوو حەوتوو لەمەوپێش بەهۆی جەڵتەی مێشك كەوتبووە نەخۆشخانە و بێهۆش بوو، ئەمڕۆ چوارشەممە كۆچی دوایی كرد.

پێشتر ڕۆژی سی‌َ‌شەممە میدیاكانی ئیسراییل ڕایانگەیاندبوو كە بنەماڵە و كەسوكاری پرێز بانگ كراون بۆ دوایین جار لە نەخۆشخانەی شیبای شاری تەلئەبیب چاویان پێی بكەوێ.

پرێز ساڵی 1٩٢٣ بە ناوی شەمعوون پرێسكی لە شارۆكەی ویشنبای وڵاتی لەهستان لە دایك بوو كە زێدی ناوبراو هەنووكە بەشێكە لە وڵاتی بلاڕووس. لە سەردەمی مێرمنداڵیدا پرێز بە كاری شوانی و شیردۆشینەوە سەرقاڵ بوو و دواتر لە كاتی وەرگرتنی خەڵاتی نووبێلدا ئاماژەی بەو سەردەمە كرد.

شیمۆن پرێز بۆ یەكەمجار لە دەیەی هەشتای زایینیدا بوو بە سەرۆك وەزیرانی ئیسراییل و چەندین جار پۆستەكانی وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری، وەزیری ئابووری، سەرۆك وەزیران و دواجاریش سەرۆك كۆماری ئیسراییلی وە ئەستۆ گرتووە.

شیمۆن پرێز وەكوو داڕێژەری پرۆسەی ئاشتیی نێوان ئیسراییل و فەڵەستین ناسراوە و هەر بەو هۆیەشەوە لە ساڵی ١٩٩٤ی زایینیدا بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسحاق ڕابین و یاسر عەرەفات خەڵاتی ئاشتیی نووبێلی بردەوە. پرێز بە ٧٥ ساڵ پێشینەی چالاكیی سیاسییەوە، وەكوو بەتەمەنترین سیاسەتڤانی زیندووی جیهان لەم چەند ساڵەی دواییدا دەناسرا.

ناوبراو یەكێك لە دۆستانی ڕێبەری شەهید، دوكتور عەبدولڕەحمان قاسملوو بوو كە لە نزیكەوە یەكتریان دیتبوو و دوای شەهیدبوونی دوكتور قاسملوو گوتبووی: ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئیستا سیاسەتمەداری زانای وەكوو قاسملووی بە خۆیەوە نەبینیووە.