کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی هونەرمەندێکی ناسراوی بواری مۆسیقا لە شاری سنە

17:05 - 7 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: پەنجە ئەفسووناوییەکانی پێشەنگێکی مۆسیقای کوردستان لە شاری سنە، لە ژەندن وەستا.

مامۆستا عەباس نیرومەند، ژەنیاری بەئەزموون و لەمێژینەی ئامێری کلارنێت، ڕێکەوتی شەشی ڕەزبەر، لە ماڵەکەی خۆیدا ماڵئاوایی لە دونیای مۆسیقا کرد.

عەباس نیرومەند کە لە کاتی ماڵئاوایی‌دا تەمەن ٨٥ ساڵ بووە، ساڵی ١٣٣٠ هەتاوی چالاکیی هونەریی خۆی دەست پێ کردووە و زیاتر لە ٥٠ ساڵ ئەزموونی کار و چالاکیی لە بواری مۆسیقادا هەبووە و لەگەڵ مامۆستایانێکی وەکوو مەزهەری خالقی، حەسەن زیرەک، عەلائودین باباشەهابی، عەباس کەمەندی، فەتانە وەلیدی و مێهدی حوجەت‌سادات هاوکاریی نزیکیان پێکەوە هەبووە.

تەرمی ئەو هونەرمەندە ناودارە کوردە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدیی شاری سنە ئەسپەردە دەکرێت.