کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هاوشێوەی داعش کەڵک لە منداڵان وەردەگرێت

15:42 - 8 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانجە شەڕخوازانەکانی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکەدا و بە تایبەت لە سووریه، کەڵک لە منداڵان وەردەگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، میلیشا نیزامییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە درێژەی شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەدا، وەکوو داعش و بە یارمەتیی ماڵی و چەک و چۆڵی ڕێژیمی تاران، منداڵانی عێراقی بۆ شەڕی سووریە دەنێرن.

چالاکانی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردووەتەوە کە حەشدی شەعبی هێزی میلیشایی سەر بە ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران لە پارێزگای ذی قار منداڵان بۆ شەڕی سووریه بەڕێ دەکەن، بۆئەوەی پشتیوانی لە ڕێژیمی ئەسەد بکەن.

هەندێک لە سەرچاوە هەواڵدەرییەکان باس لەوە دەکەن کە؛ ئەو منداڵانەی کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ سووریه بەڕێ دەکرێن لە ژێر تەمەنی یاساییەوەن و ڕێژیمی ئێرانیش پارە بە بنەماڵەی ئەو منداڵانە دەدات.

هەروەها ڕێژیمی ئێران پاسپۆرتی بۆ ئەم منداڵانە درووست کردووە تا بتوانن بە ئاسانی بڕۆنە سووریه.

بەپێی ڕاپۆرتی هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ، ژمارەی ئەو منداڵانە زیاتر لە ٤ هەزار کەس ڕاگەیەندراوە، کە سەرجەم ئەو منداڵانە لە ژێر تەمەن ١٨ ساڵەوەن.

لە ماوەی هەر مانگێکدا، لە سووریه نزیک بە ٢٠ تا ١٠٠ منداڵ دەکوژرێت و داعش ئەو منداڵانەی کە لە بەرەکانی شەڕدا شەڕ دەکەن بە بێچووە شێرانی خەلافەت ناودێر کردووە و ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران ساڵی ڕابردوو پڕۆژەیەکی لەژێر ناوی شیرەخۆرەکانی حوسێنی دەست پێکرد.

لە بەیانییەیەکدا ڕێکخراوی یونیسێف بڵاوی کردووەتەوە کە؛ لە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی٢ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاویەوە تا ئێستا ٩٦ منداڵ بە هۆی بۆردومانی هاوپەیمانییەتی ئێران ـ ئەسەد ـ ڕووسیه، کوژراون و زیاتر لە ٢٢٣ منداڵیش بریندار بوونە.

هەروەها هۆشدار دراوە کە؛ ٦٠٠ هەزار کەس لە شاری حەلەب مەترسیی کۆمەڵکوژییان لەسەرە.

لەو پێوەندییەدا ڕەحیم سەفەوی یەکێک لە بەرپرسانی نیزامیی ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران باسی لەوە کردووە کە؛ فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕووس لە لایەن هێزەکانی ئێمەوە گەرای نیزامییان پێ دەدرێت.

لەو پێوەندییەدا ڕێژیمی ئێران لە یەکێک لە پارکەکانی شاری مەشهەد بە ناوی پارک سنگی بۆ منداڵانی تەمەن ٨ هەتا ١٣ ساڵان شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراقیان شێوە سازی کردۆتەوە.

حەمید سادقی بەڕێوەبەری فەرهەنگسەرای کودک و آینده باسی لەوە کردووەکە؛ ئەو منداڵانە وەکوو شەڕکەرانی هەشت ساڵ بەرگریی پیرۆز ماڵئاوایی لە ئیمام ڕەزا دەکەن و بۆ شوێنی شەڕەکان ڕەوانە دەکرێن و لە شوێنی شەڕەکان بە نێو دوژمنی جۆراوجۆری فەرزی‌دا تێپەڕ دەبن.

ڕێژیمی ئێران کۆنوانسیۆنی بەرگری لە مافی منداڵانی واژۆ کردووە، کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنه ڕێژیم ناتوانێت کەڵک لە منداڵان بۆ شەڕ وەبگرێت و دەبێ بیانپارێزێت، ئەوەش لەگەڵ ڕەخنەی توندی یەکێک لە نوێنەرانی بناژۆخوازی ڕێژیم بەرەڕوو بووە.

ڕێژیمی ئێران ڕێکخراوی بەسیجی دانش آموزی هەیە کە ئەوەش ڕاستەوخۆ پێشێل‌کردنی مافی منداڵانە.