کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤیتۆی ئۆباما لە لایەن كۆنگرێسەوە ڕەت كرایەوە

16:56 - 8 رەزبەر 2716

كوردستان میدیا: ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا ڤیتۆی باراك ئۆبامای دژ بە یاسایەك ڕەت كردەوە كە ڕێگە بە بنەماڵەی قوربانیانی هێرشەكانی ١١ی سیپتامبر دەدات سكاڵای یاسایی دژ بە وڵاتانێك تۆمار بكەن كە وێدەچێت شارۆمەندانی ئەو وڵاتانە لە هێرشەكەدا دەستیان بووبێت.

بە گوێرەی هەواڵی ڕاگەیەنەكان، ئەنجومەنی نوێنەران بە ٣٣٨ دەنگی بەڵێ لە بەرانبەر ٧٤ دەنگی نادا ڤیتۆی ئۆبامای لە سەر ئەو یاسایە ڕەت كردەوە. ڕەتكردنەوەی ڤیتۆی سەرۆك كۆمار پێویستی بە ڕێژەی لانیكەم دوو لە سەر سێی دەنگی نوێنەران بوو. پێشتر سێنای ئەمریكاش بە ٩٧ دەنگی بەڵێ لە بەرانبەر تەنیا یەك دەنگی نادا ڤیتۆی ئۆبامای ڕەت كردبووەوە. بەو پێیە پرۆژە یاسای ناسراو بە دادپەروەری لە بەرانبەر تیرۆریزمدا كە كورتكراوەكەی دەبێتە جاستا، بە فەرمی دەبێتە یاسا.

ئەوە بۆ یەكەم جارە كە مافی ڤیتۆی سەرۆك كۆمار لە سەردەمی دەسەڵاتی باراك ئۆبامادا ڕەت دەكرێتەوە.

ئۆباما هەینیی ڕابردوو دژ بە پرۆژە یاسای ناسراو بە دادپەروەری لە بەرانبەر تیرۆریزمدا مافی ڤیتۆی بە كار هێنابوو، چوونكە پێی وابوو ئەو پرۆژە یاسایە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا تووشی خەسار دەكات.

ئۆباما لە پەیامی خۆیدا بۆ سێنای ئەمریكا ڕایگەیاندبوو: لە ویستی بنەماڵەی قوربانیان بۆ جێبەجێكردنی دادپەروەری تێدەگەم و دەمهەوێ لەو پێناوەدا یارمەتییان بدەم. بەڵام ناوبراو ئەوەی زیاد كردبوو كە واژۆكرانی ئەو پرۆژە یاسایە كاریگەریی خەسارهێنەر لە سەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دادەنێت.