کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕاگەیەندراوێکی لەسەر سوودان بڵاو کردەوە

17:18 - 8 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ڕێکەوتی ٢٨ی سێپتامبر، دەوڵەتی سوودانی تۆمەتبار کرد بە کەڵک وەرگرتن لە چەکی شیمیایی لە دارفور.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتە بڵاوبووەکان، دەوڵەتی سوودان لە چەند مانگی ڕابردوودا لەدژی خەڵکی وڵاتەکەی خۆی چەکی شیمیایی بەکارهێناوە کە تەنیا لە هێرشەکانی مانگی ژانویەدا زیاتر لە ٢٠٠ منداڵ بوونەتە قوربانی.

شەڕی دارفور ماوەی ١٣ ساڵە لەنێوان دەوڵەتی ناوەندیی سوودان و ناڕازییانی ئەم ناوچە لە ئارادایە و بەهۆیەوە تاکوو ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ هەزاری کردووەتە قوربانی و زیاتر لە ٢ میلیۆن کەسیش بەهۆی ئەم ڕەوشەوە ئاوارە بوون.

لە ڕاگەیەندراوی لێبوردنی نێونەتەوەییدا هاتووە؛ لە ٨ مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٣٠جار هێرشی شیمیایی کراوەتە سەر خەڵکی دارفور و دەوڵەتی ناوەندی بەبەردەوامی سەرقاڵی سووتاندنی زەوییەکان، دەستدرێژی بەربڵاو، کوشتن و بۆردومان کردن بووە.

سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوەی قەیران لە لێبووردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە دۆخی سوودان وتوویەتی؛ هیچ شتێک لەم وڵاتە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٠٤ گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە و تەنانەت پانتای هێرشە شیمیاییەکانی دەوڵەتی ناوەندی بۆ سەر خەڵکی دارفوور بەربڵاوتریش بووەتەوە و ئاسەواری گەلێک مەترسیداری بەجێ هێشتووە.

هەرچەند کە تا ئێستا دەوڵەتی سودان هیچ پەرچەکردارێکی بەرانبەر بەم ڕاگەیەندراوە نیشان نەداوە، بەڵام لێبووردنی نێونەتەوەیی داوای لە دەوڵەتەکانی جیهان کردووە کە گوشار بخەنە سەر دەوڵەتی خارتووم تاکوو کۆتایی بەم ڕەوشە بهێنێت و ڕێگە بە لایەنە پێوەندیدارەکان بدات تاکوو چارەسەری پزیشکی بە برینداران لە دارفور بگەیێنن.