کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بەشداریی لە پرسەی سەید حەسەن عەلیزادەدا کرد

16:42 - 10 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی حەسەن شەرەفی، بەشداریی لە پرسەی سەید حەسەن عەلیزادەدا کرد.

دوانیوەڕۆی پێنج‌شەممە ۸ی ڕەزبەری ۱۳۹٥ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی حەسەن شەرەفی جێگری سكرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، بەشداریی لە پرسەی سەید حەسەن عەلیزادە باوکی ئیبراهیم عەلیزادە دەبیر ئەوەڵی سازمانی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە)، کرد و هاوخەمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لەو پەیوەندییەدا ڕاگەیاند.

تەرمی سەید حەسەن عەلیزادە سەر لەبەیانیی هەمان ڕۆژ، لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەدی هیندی، لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا و هەیئەتیکی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی تاهیر مەحموودی بەرپرسی پێوەندییەکانی سلێمانی بەشدارییان لەو ڕێوڕەسمەدا کرد.

لە ڕێوڕەسمی بە خاک سپاردنی بەڕێز سەید حەسەن علیزادەدا، ئاماژە بە ڕۆڵی بەڕێزیان لە کۆماری کوردستاندا کرا. سەید حەسەن علیزادە لەسەر حیزبی دێموکرات تووشی زیندان و بێ‌ڕێزیی حکوومەتی شاهەنشاهی بووەتەوە و دواتر لە حوکمی زیندانی تاهەتایی دەربازی بووە و هەروەها ئامادە نەبووە لە زینداندا ئیعتراف لەسەر هاوڕێیانی حیزبیی خۆی بکات.

دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، وەک کەسێکی بە هەڵوێست و شۆڕشگێر و کوردپەروەر ڕۆڵی بووە و دامودەزگاکانی ئیتلاعات زۆریان کێشە و گرفت بۆ دروست دەکرد و تەنانەت جارێکیان بە ماشێن لێیان داوە و هەردوولاقی بۆ ماوەیەکی زۆر لە کار کەوتن.

ناوبراو خۆشەویستی خەڵکی ناوچەکە بووە و لە تەمەنی ۹۳ساڵی‌دا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.