کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سه‌قز: ڕێژیم له‌ مزگه‌وته‌كاندا به‌ دژی‌ حیزب قسه‌ ده‌كا

16:50 - 10 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: ڕۆژی‌ هەینی ڕێکەوتی ٩ی‌ ڕه‌زبه‌ری‌ ١٣٩٥ی‌ هه‌تاوی‌، فه‌رمانده‌ سەربازی و ئیتلاعاتییەکانی ڕیژیم لە شاری‌ سه‌قز له‌ نوێژی‌ هەینیدا و له‌ مزگه‌وته‌كانی‌ ساڵحاوا‌ و قه‌وخ به‌ دژی‌ حیزبی‌ دێموكرات ته‌بلیغاتیان كرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ له‌ مزگه‌وتی‌ ساڵحاوادا فه‌رمانده‌یه‌كی‌ سپای تێرۆریستی پاسداران به‌ ده‌ره‌جه‌ی‌ سه‌رهه‌نگی،‌ قسه‌ی‌ بۆ خه‌ڵك كرد و له‌ مزگه‌وتی‌ قه‌وخ فه‌رمانده‌ی‌ هێزی‌ به‌سیج.

ئه‌م دوو فه‌رمانده‌ نیزامییه‌ی‌ رێژیم له‌ قسه‌كانیاندا باسیان له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی دێموكرات ‌ له‌ ناوچه‌ی‌ سه‌قز بوونیان هه‌یە ‌‌و ئه‌یانه‌وێ‌ نێوشار بشێوێنن ‌و داوایان له‌ خه‌ڵكی‌ سه‌قز كرد كه‌ به‌ دژی‌ ئه‌م هێزانه‌ هه‌ڵوێست بگرن ‌و له‌ به‌رانبه‌ریاندا ڕاوه‌ستن.

هه‌روه‌ها له‌ مزگه‌وتی‌ قه‌وخدا باسیان له‌وه‌ كردووە كه‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بڕیار له‌ ئالی‌ سعووود وه‌رده‌گرێ‌.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە شاری سەقز هەروەها ڕایگەیاند: له‌ مزگه‌وتی‌ ساڵحاواشدا فه‌رمانده‌كه‌ی‌ سپا باسی‌ له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ چه‌ندین چه‌كداری‌ حیزبه‌كان ویستوویانه‌ هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر پاسگای‌ ساڵحاوا، كه‌ به‌ هاوكاری‌ خه‌ڵك‌ و هێزی‌ به‌سیج پێشیان به‌و كاره‌ گرتووه‌، به‌ڵام نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ شناسایی‌ بكه‌ن ‌و داوایان له‌ خه‌ڵك كرد بۆ شناسایی‌‌ و ده‌ستبه‌سه‌ركردنی‌ ئه‌م چه‌كدارانه‌ یارمه‌تییان بكه‌ن.

بەپێی ئەم هەواڵە، به‌ گشتی‌ قسه‌كانی‌ ئه‌م فه‌رمانده‌ نیزامییانه‌ی‌ ڕێژیم زۆر به‌ توندی‌ دژی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان‌ و به‌تایبه‌ت حیزبی‌ دێموكرات بوو.

بە وتەی خەڵکی ئاسایی و شایەتحاڵان، لە کاتی قسەکردنی ئەم کەسانەدا تەواوی ئەو ناوچە بە هێزی لیباس شەخسی و سەربازی تەنرابوو، کە ئەمە نیشانەی داڕووخانی ورەی فەرماندەکانی سپا لە کوردستانە.