• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢٣ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٠٢ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی  

زاگرۆس، بەڕوو، پێشمەرگە

زایینی: ١٠-١٠-٢٠١٦ - هەتاوی: ١٣٩٥/٠٧/١٩ - ١٠:٢٩ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
زاگرۆس، بەڕوو، پێشمەرگە
شەهرام میرزایی

و: نارین


کاتێک لە ئێمپراتۆری شێعری دونیایان پرسی کە کوردستان کوێیە، زۆر سادە و ساکار وەڵامی دایەوە؛ لەو جێگایەوە کە بەڕوو دەست پێدەکات تا شوێنێک کە بەڕوو کۆتایی پێدێت. چاولێکردنێک بە جۆغرافیای کوردستان لە باکووریترین شوێن هەتاکوو باشووریترین شوێن، ڕاست و دروستیی ئەم قسەیەمان پێ نیشان دەدات و دەیسەلمێنێت. وڵاتی ئێمە، وڵاتی بەڕووە، شوێنێک لەم گۆی زەوییە کە زۆرترین حەشیمەتی کوردانی لە ئامێز گرتووە و شوێنی پێکهاتنی دەسەڵاتی مادەکان و ڕووخاندنی یەکەمین ئێستێعماری جیهانی -ئاشوور- بووه. کوردەکان ئەوینداری زاگرۆسن، بەم بۆنەیەوە لەگەڵ سرووشتی ئەو -کە شادەماری ژیانیان بووە و هەیە- دۆستن و هیچکات نەیانویستووە بەجێی بهێڵن و بەم بۆنەیەشەوە هیچکات دەستیان نەداوەتە خولقاندنی ئایدولۆژییەکی مێتافیزیکی و ئەوەیکە خولقاندوویانە- لە میترا و مەزدەکسیم و یارسان بگرە هەتاکوو هەڵپەڕکێ و مووسیقا و شێوەی ژیانیان- هەموو و هەموو پیشاندەری قبووڵکردنی واقعیەتی تاڵی ژیانە. مێژوویەکی جیاواز لەگەڵ نەتەوەکانی دراوسێی کوردەکان کە تەنانەت داگیرکەری نیشتمانەکەیانیش بەئەژمار دێن.

بەڕوو یەکێکی دیکە لە نیشتەجێیەکانی زاگرۆسە کە هەزاران ساڵە لە نالەبارترین دۆخی کوێستانی‌دا خاشەی لە بەرد ڕۆکردووە و لە ڕکەبەرایەتییەکی بێ‌کۆتایی لەگەڵ سروشتی تووڕە و لەناوچووندا، دەست و پەنجە نەرم دەکات و ملی بۆ تەسلیم بوون و بەزین ڕانەکێشاوە.

ئەمە بووەتە هۆی ئەوە کە بەڕوو ئەفسانەیەکی زیندوو لەناو کورددا بخولقێنێت کە بەشی هەرەزۆری غەریزەکانیانی پێکهێناوە، کە کردەوەی بەکۆمەڵی ئەم خەڵکە کۆنتڕۆڵ و ڕێنوێنی دەکات. سیمبولەکان لە نێو نەتەوەکاندا ڕۆڵی گرینگ و چارەنووس‌ساز و ناخۆدئاگایان لە ئافراندن، کۆنتڕۆڵ و ڕێنوێنیی کردەوەی ئەندامانی کۆمەڵگایان لەسەرشانە، کردەوەگەلێک کە لە ڕەوتی زەمەندا بارکۆدی ژێنێتیکی بەخۆیان دەگرن و دەبنە تایبەتمەندیی هەڵسوکەوتی کۆمەڵگا.

بەڕوو بەهۆی زاتی خۆڕاگری و سەرسەخت بوونی لە هەمبەر قاقڕ و مێمڵ و بەربەرەکانێی بێ‌کۆتایی لە گەڵ ڕژدیی ژینگە، سەدان ساڵ هۆی سەرسووڕمان و ئەوینی کوردان بووە و هەیە. نێشتەجێ بوونی هەزاران ساڵەی ئەم دووانە لەپێناوی یەکتردا، بەڕووی وەکوو سەمبولی بەرخودان و خۆڕاگریی بێکۆتایی لە مێشکی مرۆڤی کورددا وێنا کردووە. تێزێکی دەروونناسی کە دەشێ بەکردەوە لە ئەدەبیات و هونەری خولقێندراو لە کوردستاندا ببینرێت. گەلی کورد ساڵانێک چاکترین کەرەستە جەنگییەکانیان لە چێوی بەڕوو ساز دەکرد، کەرەستەگەلێک کە بە مەبەستی بەرخۆدان و بەرەنگاری و خەبات لەگەڵ داگیرکەرانی وڵاتەکەیان بەکاردەهاتن، نە بۆ دەستدرێژی و داگیرکردنی وڵات و خاکی خەڵکانی دیکە. هەروەها سەدان ساڵ ژیان لە کوێستانە بێ‌بەزەیی و چڕ و هەڵەمووتەکانی زاگرۆس و لەبەردەست نەبوونی گەنم، کوردانی لەگەڵ بەکارهێنانی بەڕوو بۆ دروستکردنی ئارد ئاشنا کرد، دۆزراوەیەک کە کەڵکوەرگرتن لێی هەتا ئەمڕۆ درێژەی هەیە و ژیانی ئەم خەڵکەی لە نالەبارترین دۆخی ئاو و هەوادا ئاسان کردووە و دۆزراوەیەک کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ ڕۆڵی ژیان بەخشیشی بە تایبەتمەندییەکانی بەڕوو زیاد کرد.

سەرەڕای هەمووی ئەمانە، بەڕوو هەمووکاتێک لە خەباتی کورداندا لە پاراستنی نیشتمانەکەیاندا ڕۆڵێکی هەرەبەرچاو و گرینگی هەبووە، خەباتگێڕانی کورد بە کەڵکوەرگرتن لە ژینگەی داپۆشراو بە بەڕوو، بۆ خۆ حەشاردان و هێرشی لەناکاو بۆسەر دوژمن توانیویانە لە زۆربەی کاتەکاندا ببنە هۆی تۆقاندن و بەزین و دۆڕاندنی دوژمن، توانایەک کە ڕۆڵی گیانپارێز و پاڵپشتی بە بەڕوو داوە.

چەمکگەلێک وەکوو بەرخۆدان، خەبات و خۆڕاگری، ژیان بەخشی، پاڵپشتی و گیانپارێز بوونی بەڕوو لە ماوەی هەزاران ساڵدا، ئاوێتە و ئاوقای بووە و وەکوو کۆمەڵێک ناوەڕۆک و پێناسەی تێکەڵاو و سەمبولیک لە ناخودئاگای کۆمەڵگای کوردیدا بەجۆرێک جێگای گرتووە، کە بە دیتن یان بیستنی نێوی بەڕوو کومەڵێک تایبەتمەندیی دیاریکراو لە مێشک و بیری مرۆڤی کورددا سەرهەڵدەدەن. تایبەتمەندیگەلێک کە کوردەکان کەسایەتییە شۆڕشگێر و قارەمانەکانیان بەو تایبەتمەندییانەوە پێناسە دەکەن. لە ڕاستیدا بەم شێوەیە بیرکردنەوە و وێناکردنەکە بەرگی کردەوەیی وەخۆدەگرێت و خۆی لە دنیای واقیعدا دەردەخات و دێتە گۆڕەپانی سیاسی-کۆمەڵایەتییەوە. گەلی کورد کە بەردەوام خۆیان لە پەنا بەڕوودا پێناسە کردووە، لە وەسفکردنی پێشمەرگەدا لە کۆمەڵێ ئاوەڵناو وەکوو تایبەتمەندی، وەکوو خەباتگێڕ، خۆڕاگر، پشوودرێژ، ژیان بەخش، پەناگە و ...هتد، کەڵک وەردەگرن، لێرەدایە کە بە لەبەرچاوگرتنی دەروونناسی بۆمان دەردەکەوێت کە بەشێوەی ناخودئاگا کورد و سروشت یەکێکن.

بەڵام بۆچی ئاگر

هەموو پەرچەکردارەکانی مرۆڤ هەڵگری پەیام و مانایەکە، ئێستا ئەگەر بمانەوێ سەبارەت بە کردەوەکانی حکوومەتە تۆتالیتر و داگیرکەرەکان لەهەمبەر وڵاتە داگیرکراوەکان و خەڵکانی ژێردەست و چەوساوە لێکۆڵینەوە بکەین، ناچار بە جۆرێک دێرینەناسیی کردار، واتا و دەسەڵاتین.

بە لەبەرچاو گرتنی ئەو بابەتە کە ئاماژەی پێدرا و ئاگایی مێژوویی-کۆمەڵایەتیی ئیرانییەکان لە نەتەوەی کورد، ئاگر تێبەردانی دارستانەکانی زاگرۆس و دەستپێکردنەوەی سیستماتیک و بەرنامەبۆداڕێژراو بۆ لەناوبردنی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی دارستانە بەڕووەکان لە لایەن حکوومەتی فاشیستی-ئایینی ئێرانەوە بە ئامانجی کەمڕەنگ کردنەوە و دواجار لەناوبردنی هەستی بەرخۆدان و خەبات و جێگیرکردنی چڕتری دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندگرای ئێرانه. هەروا کە پێشتر باس کرا، بەڕوو لە ناخودئاگای کۆمەڵگای کوردیدا سەمبولی بەرخودان، خۆڕاگری؛ سەرسەختی، ژیان بەخشی؛ پاڵپشتی و گیانپارێز بوونیە و لە ڕاستیدا دەسەڵاتدارانی ئێرانی بە ئاگرتێبەردانی بەڕوو و فەوتاندنی ئەم دارستانانە، لە هەوڵی نەهێشتنی شێوەی ڕاستەقینەی ئەم بیرکردنەوە ئاخودئاگایە تا بەم شێوەیە بتوانن بە شێوازێکی سیستماتیک و حیساب لەسەرکراو بیرکردنەوە و وێناکردنێکی ژێردەستبوون، نەبوونی توانایی ڕزگاربوون و دەستەوەستانی جێگیری بۆچوونە کۆنەکە بکەن. لەڕاستیدا لەم چەند ساڵەی دوایی‌دا زاگرۆس بەمەبەستی لەناوبردنی هەستی خۆڕاگری و قبووڵ نەکردنی ژێردەست بوونی نەتەوەی کورد، کراوەتە ئامانجی ئاگری نەیار و ڕۆژانە گڕی تێبەردەدرێت.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٣ لەم ژمارەیەدا:

ــ بوومەلەرزەی سیاسی
ــ لە خەبات دژ بە ئەپارتایدەوە بۆ ڕاسان
ــ ئەمن چی بكەم، خۆتان دروستی بكەنەوە
ــ دانیشتن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و چەند سەرنجێک