کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کۆمیتەی حیزب لە سێمیناری پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریەدا بەشداریی کرد

14:50 - 19 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە سێمینارێکدا کە لە لایەن پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە لە سەر دۆخی ئیستای کوردستانی ڕۆژئاوا لە وڵاتی سوویس بەڕێوە چوو، بەشداریی کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتای، لە شاری بازڵ لە وڵاتی سوویس، سێمینارێک لە لایەن کۆمیتەی پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە لە وڵاتی سوویس، بۆ حەبیب ئیبراهیم بەرپرسی ئورووپای پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد بەڕێوە چوو.

سەرەتای سێمینارەکە بە سروودی نەتەویی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد.

پاشان حەبیب ئیبراهیم وتارێکی پێشکەش کرد و ناوبراو لە سەرەتای وتارەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی کورد بەگشتی و کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی دا.

ئیبراهیم لە بەشێکی دیکەی قسەکانی‌دا، لە پێوەندی لەگەڵ کوردستانی ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسی ئەوەی کرد کە؛ پێویستە هەر کوردێک لە هەر شوێنیک بێت، وەکوو ئەرکێکی نەتەوەیی پشتیوانی لە ڕاسانی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بکات، و ئەو خەباتەی بە خەباتێکی ڕەوا و پیرۆز ناو برد.

لە بەشێکی دیکەی ئەو سێمینارەدا نوێنەرانی حیزب و لایەنەکان وتار و پرسیارەکانی خۆیان پێشکەش کرد.

لەو سێمینارەدا شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرەستیی مریەم سەفەری ئەندامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و شاهۆ تەیمووری بەرپرسی پێوەندییەکانی یەکیەتیی لاوان لە سوویس و حەمید عەلیپوور ئەندامی حیزبی دێموکرات لە سوویس بەشدارییان کردبوو.

لە بەشی پەیامی هێزە سیاسییەکاندا مریەم سەفەری ئەندامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە سوویس پەیامێکی پێشکەش بە بەشداران کرد.

سەفەری لە پەیامەکەیدا هێمای بە دۆخی ئێستای ڕۆژئاوا و سیاسەت و هەڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە نیسبەت هەموو بەشەکانی کوردستان و بەتایبەت کوردستانی ڕۆژئاوا کرد.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، خاتوو مریەم سەفەری باسی لە دۆخی ئیستای ڕۆژهەڵات و سیاسەت و هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد.

ناوبراو هەروەها وێڕای بەرز نرخاندنی سیاسەت و هەڵوێستی بەشی زۆری هێز و لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە گشتی و پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە بە تایبەتی، لە مەڕ پشتیوانییان لە ڕاسانی نوێی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەو هەڵوێستەی بە هەڵوێستێکی بەرز و نیشتمانی لەقەڵەم دا و هیوای خواست کە گەلی کورد و هێزە کوردییەکان لە پرسە نەتەوەییەکاندا یەک هەڵوێست و یەک دەنگ بن.