کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هەورامان هێرش کرایه سەر مۆڵگەیەکی سپای تێرۆریستی پاسداران

16:37 - 21 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: یەکێک لە مۆڵگەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی هەورامان هێرشی کرایە سەر.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، هێزێکی چەکداری نەناسراو، کاتژمێر ٥:٠٠ی بەیانی هێرش دەکەنە سەر مۆڵگەی سپای تێرۆریستی پاسداران و لە ئەنجامدا ئەو مۆڵگەیە دەکەنە کاولاش.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە؛ ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونە ماوەی دوو کاتژمێری خایاندووە و دواتر ئەو پایەگایەی ڕێژیم خاپوور کراوە و ئاگری تێ‌بەردراوه.

ئەو شەڕە لە گوندی ڕواری سەوڵاوا سەر بە ناوچەی هەورامان ڕووی داوە.

هەروەها هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە مەریوان ڕایگەیاند کە؛ ٧ کەس لە هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بریندار بوونە و بۆ نەخۆشخانەی شاری مەریوان گوازراونەتەوە.

لەو پێوەندییەدا هاووڵاتییانی شاری مەریوان باس لەوە دەکەن کە؛ ژمارەیەک لە هێزەکانی ڕێژیمیش کوژراون، کە هیچ زانیارییەک له ئاماری تەلەفاتەکانی ڕێژیم لە بەردەستدا نیه.

هەروەها لە هەواڵێکی هاوشێوەدا، شەوی دووشەممە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، لە لایەن چەند چەکداری نەناسراوەوه هێرش کراوەته سەر چەند شوێن لە نێو شاری ڕەبەت و بۆ ماوەیەک تێکهەڵچوون ڕووی داوە.

له‌ کاتی ئەو هێرشەدا بۆ سەر مۆڵگەی سپای پاسدرانی ڕێژیمی ئێران، کەسێک بە ناوی عەزیز قادری که یەکێک لە بەکرێگیراوانی کۆنی ڕێژیم بووه، بە توندی بریندار دەبێت و بۆ نەخوشخانەی شاری ورمێ دەگوازرێتەوە.