کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان بەشداریی لە یادی زیندەیاد ئێسماعیل عومەردا کرد

15:12 - 28 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات بە سەرپەرستی هوشیار ئەحمەدی بەشداریی لە یادی شادڕەوان ئێسماعیل عومەردا کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ۲٥ی ڕەزبەری ۱۳۹٥ی هەتاوی، پارتی یەکیەتی دێموکراتی کوردی سووریه لە شاری هامبۆرگی ئاڵمان ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی بۆ یادی شەش ساڵەی کۆچی دوای ئیسماعیل عومەر سەڕۆکی ئەو پارتە بەڕێوەبرد و شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له ئاڵمان بە سەرپەرستیی هوشیار ئەحمەدی ئەندامی حیزبی دێموکرات بەشداریی لەو ڕێوڕەسمەدا کرد و بەو بۆنەوە پەیامی کۆمیتەی حیزبی خوێندەوە.

لە پەیامەکەدا وێڕای گەیاندنی هاوخەمیی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەمەڕ کۆچی تێکۆشەر ئیسماعیل عومەر، ئاوڕێکیش لە دۆخی هەنووکەیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان درابووەوە و داوا لەسەرجەم لایەنە کوردییەکانی ئەو بەشەی کوردستان کرا کە بە گیانی برایەتی و یەکتر تەحەمول کردن و بە ڕێگەی ئاشتی و دیاڵۆگ کێشەی نێوان پارتەکان چارەسەر بکەن و پێکەوە دەستکەوتەکانی خەباتی کورد بپارێزن و لە بونیاد نانەوەی نیشتمان و سەقامگیرکردنی دێموکراسی ڕۆڵی نیشتمانی بگێڕن.

ئەحمەدی لە کۆتایی پەیامەکەیدا هیوای درێژە پێدانی ڕێگای تێکۆشەری نەمر ئیسماعیل عومەر لە لایەن هاوڕێ و هاوسەنگەرانییەوە و سەرکەوتنی پارتی یەکیەتی دێموکراتی کوردی سووریەی بۆ بە ئاوات خواستن.