کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"ناخودییەکان\" ناچار بە \"دەست لەکار کێشانەوە\" دەکرێن

16:53 - 28 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان و هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرکۆماری ڕێژیم، ٢ وەزیری کابینەی ڕوحانی دەستییان لەکار کێشایەوە.

هەواڵدەرییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەزبەر هەواڵی دەست لەکارکێشانەوەی ٢ وەزیری کابینەی ڕوحانییان بڵاو کردەوە کە گوایە بە مەبەستی نۆژەن کردنەوە و بەهێزکردنی کابینەی یازدەیەم دەستیان داوەتە ئەم کارە.

عەلی جەنەتی وەزیری فەرهەنگ و ئیرشاد و مەحمود گودەرزی وەزیری وەرزش و لاوانی کۆماری ئیسلامی ناوی ئەو ٢ وەزیرەیە کە هەندێک لایەن پییان وایە لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ خودی حەسەن ڕۆحانی ناچار بە دەست لەکار کێشانەوە کراون.

هەندێک سەرچاوەی دیکەش هەواڵی دەست لەکارکیشانەوەی وەزیری ئابووری و وەزیری پەروەردە و بارهێنانیشیان بڵاو کردۆتەوە کە لە لایەن ناوەندە فەرمییەکانەوە تا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە.

دەست لەکارکێشانەوەی جەنەتی دوابەدوای ئەوە دێتە ئاراوە کە؛ هەندێک لە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیەتی و پێشنوێژانی ڕۆژی هەینی دژ بە بڕیاری بەڕێوەبردنی کۆنسێرت لە قۆم و مەشهەد وەستانەوە.

ماڵپەڕی تابناکیش سەبارەت بە دەست لەکارکێشانەوەکەی گودەرزی وتوویەتی ناوبراو کاتژمێر ١٥:٣٠ خولەکی ڕۆژی سێ‌شەممە و پاش چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆحانی بڕیاری داوە لە پۆستەکەی دوور بکەوێتەوە.

وەلانانی بەڕێوەبەرانی دەوڵەتی چ بە حەزی خۆیان بێ یان بە بڕیاری لایەنە ئەمنیەتییەکان، لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا پرسێکی نوێ نییە و لە هەندێک حاڵەتدا ئەگەر ناوەندە داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیم زانیبێتیان ئەو کەسە ملکەچیان نابێت پەنایان بردووەتە بەر حەزفی فیزیکی.