کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ٣ ئەندامی پارڵمانی ئورووپا کۆبووەوە

17:10 - 28 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: لە درێژەی چالاکییە دیپلۆماتیکەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە بلژیک، مستەفا هیجری لەگەڵ سێ ئەندام پارڵمانی ئورووپا کۆبووەوە و لە سەر ڕاسانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەروەها ڕۆڵی نەرێنی و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کار و باری وڵاتانی ناوچە و هەروەها زیادبوونی زەخت و توندوتیژی لە نێوخۆی ئێران دوای ڕێککەوتنی وڵاتانی ١+٥ لە سەر بەرنامەی ناوکیی ئێران هەڵوێست و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتیان شی کردەوە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مستەفا هیجری، سەردانی پارڵمانی ئورووپا لە شاری برۆکسێلیان کرد و لەگەڵ سێ پارڵمانتار کۆبوونەوە.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات لە یەکەمین کۆبوونەوەدا، لەگەڵ جارۆمیر ئێستێتینا ئەندامی پاڕڵمانی ئورووپا لە فڕاکسیۆنی ئورووپا و جێگری بەرپرسی کۆمیتەی ئەمنیەت و بەرگریی پارڵمانی ئورووپا کۆبووەوە.

لەم کۆبوونەوەیەدا، سکرتیری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مستەفا هیجری، سەرەتا ئاماژەیەکی کورتی بە مێژووی خەباتی ئازادیخوازانەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد و هەروەها خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لە پێناو دابینکردنی مافە دێموکراتیکەکانی گەلی کوردی خستە بەر باس.

هیجری هەروەها تیشکی خستە سەر بنەما سیاسییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەمبەر گەلانی ئێران و نکۆڵی‌کردن لە هەموو ماف و ئازادییەکانیان. مستەفا هیجری باسی ئەوەی کرد کە؛ دوو ڕێگا لە هەمبەر گەلی کورد لە ئێراندا ماوە، یان دەبێت ملکەچ و تەسلیمی ویستەکانی ڕێژیم بن و واز لە هەموو مافەکانیان بێنن، یان ئەوەیکە خەبات دژی ئەم ڕێژیمە پتەوتر و بەربلاوتر بکەین، کە حیزبی دێموکرات ڕێگای دووهەمی هەڵبژاردووە. لەم پەیوەندییەدا، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لەو دیدارەدا باسی له هۆکارەکانی دەستپێکردنی قۆناغی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی ڕاسان کرد.

هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی دیدارەکانی لە پارڵمانی ئورووپا، لەگەڵ تونێ کێلئام ئەندامی پاڕلمانی ئورووپا لە فڕاکسیۆنی پارتەکانی گەڵی ئورووپا The EuropeanPeople’s Party و ئەندامی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا و کۆمیتەی ئەمنیەت و بەرگریی پارڵمانی ئورووپا کۆبووەوە. ناوبراو دۆستێکی نزیکی گەلی کوردە.

لەم کۆبوونەوەیەدا، مستەفا هیچری باسێکی لە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیەتیی کوردستانی ڕۆژهەڵات و لایەنە جیاوازەکانی ڕاسانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی کرد. هەروەها باسی ئەوەشی کرد کە هەڵوێستەکانی هێندێک لە وڵاتانی ئورووپا لە پەیوەندییەکانیان سەبارەت بە ڕێژیم دوورە لە ڕاستی و ناوەرۆکی ڕاستەقینەی ڕێژیم.

مستەفا هیجری باسی ئەوەی کرد کە؛ بەشێک لە پارڵمانتارانی ئورووپایی دەیانهەوێت ئەو ڕەشنووسەی ئامادە کراوە و بڕیارە بە زوویی سەبارەت بە بارودۆخی گشتیی ڕێژیمی ئێران دەنگدانی لەسەر بکرێت و تێدا وا پێشان بدرێت کە سیاسەتەکانی ڕێژیم لە بواری ئابووری و مافی مرۆڤەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بخەنە دەنگدانەوە.

هیجری لەم کۆبوونەوەیەدا پیداگریی لە سەر ئەوە کرد کە؛ ئەگەر بێتو لە سەر پێداگریی ئەو بەشە لە پارڵمانتارانەی ئورووپا ڕەشنووسەکە لە دەنگدان دەربچێت، وەکوو خاڵێکی لاوازی پارڵمانی ئورووپا چاوی لێدەکرێت و لەگەڵ ڕەخنە و ناڕەزایەتیی ئازادیخوازانی ئێران و بەتایبەت گەلانی ئێران بەرەوڕوو دەبێتەوە، چوونکە ناوەرۆکی ئەم ڕەشنووسە دوورە لە هەموو ڕاستییەکانی ناو کۆمەڵگای ئێران.

لەم دیدارەدا تونە کێلئام نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە چاوپووشی هێندێک پارڵمانتارانی یەکیەتیی ئورووپا لە سیاسەتە مەترسیدارەکانی ئێران خستە ڕوو و باسی ئەوەی کرد کە؛ چۆن لە ڕابردوودا پێداگریی لە سەر پێویستیی جێگرکردنی حەق و عەداڵەت لە نێوخۆی ئێران بۆ هەموو پێکهاتەکانی و خستنەڕووی ڕاستییەکانی سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەرەوە و نێوخۆ کردووە و لە داهاتووشدا هەمان هەڵوێست دەنوێنێ.

لە هەمان ڕۆژدا، هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، لەگەڵ لارس ئاداکتۆسوون Lars Adaktusson، ئەندامی پارڵمانی ئورووپا و ئەندامی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا و ئەندامی کۆمیتەی مافی مرۆڤی پارڵمان کۆبووە.

لەم کۆبوونەوەیەدا باسی دەستێوەردان و ڕۆڵی رێژیمی ئێران بۆ درووستکردنی ناسەقامگیریی لە نێو کار و باری وڵاتانی ناوچە کرا. دواتر بە وردی باسی بارودۆخی ئێستای کوردستانی ڕۆژهەڵات و خەباتی حیزبی دێموکرات لەم بەشەی کوردستان کرا.

لەم پەیوەندییەدا، مستەفا هیجری باسی ئەوەی کرد کە؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو بوارێکەوە هەوڵ دەدات لە وڵاتانی دەوروبەری خۆی ئاژاوە بنێتەوە و ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنیەتی ساز بکات.

کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە و عێراق و یەمەن دەرخەری ئەم ڕاستییانەیە. تایفەگەرایی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە وای کردووە کە وڵاتانی سوننەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی‌دا ڕاوەستن.

لاش ئاداکتۆسوون لە سەر خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات کۆمەڵێک پرسیاری لە شاندی حیزب کرد و سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بە وردی وەڵامی پرسیارەکانی ئەم پارڵمانتارەی دایەوە.