کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی دەیان ئەندامی سپای تیرۆریستی پاسداران لە شەڕی سووریەدا

17:30 - 28 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: دەیان ئەندامی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە شەڕی سووریەدا کوژران.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، ١٢ پاسداری ڕێژیمی ئێران، لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریەدا کوژران.

ئۆرێنت نیوز لەم بارەیەوە بڵاوی کردەوە کە ماشێنێکی زرەهی بی.ئێم.پی ‌هێزەکانی ڕێژیمی ئەسەد بە مووشەک کراوەتە ئامانج، کە سەرجەم ٥٠ کەس تێیدا کوژراون. لەو ٥٠ کەسە، ١٢ کەسیان ئەندامی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانن.

هەر لەو پێوەندییەدا، ٤ ئەندامی تێرۆریستی دیکەی سپای تێرۆریستی پاسداران بە ناوەکانی سەید عەلی حوسێنی، سەید ساجد حوسێن، سەید مۆحسێن و حەسەن و شەبیر حوسێن لە حەلەب کوژراون.

لەو پێوەندییەدا چەند رۆژ لەمەوبەر ماڵپەڕی ئەفسەرانـی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە؛ ئاخوندێکی تێرۆریست بە ناوی سەعید بیازی‌زاده کە شان بە شانی هێزەکانی ئەسەد لە سووریه دژی ئۆپۆزیسیونی ئەو وڵاتە شەڕی دەکرد، کوژرا.

لە سەرەتای دەسپێکی قەیرانی سووریە لە ساڵی ٢٠١١ی زایینیەوە تا ئێستا، سەدان کەس لە ئەندامانی پلەبەرزی سپای تێرۆریستی پاسداران لە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریەدا کوژراون، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران بوونی هێزی نیزامیی خۆی لەو وڵاتەدا ڕەت دەکاتەوە.

کارناسان باس لەوە دەکەن کە؛ ڕێژیمی ئێران سەرەڕای ئەوەیکە تێچوویەکی زۆری ماڵیی لە سووریە خەرج کردووە و دەیکات، بەڵام بە دەستێوەردانی بەرینی تورکیە و ڕووسیە، ڕۆڵی ئێران لەو وڵاتەدا کەم بووەتەوە، ئەوەش مەترسییەکە لەسەر بەرژەوەندییەکانی تاران و دۆڕانی خامنەیی.