کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەیەک بۆ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە بلژیک بەڕێوە چوو

17:25 - 28 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، لە سەر هەڵسەنگاندنی دوایین ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پرسی کورد لە ناوچە و بەتایبەت دەستپێکردنی قۆناغی نوێی خەبات لە کوردستانی ڕۆژهەڵات (ڕاسان) لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە، لە وڵاتی بلژیک بەڕێوە چوو.

رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی٢٥ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، بە مەبەستی شیکردنەوەی دوایین هەڵوێست و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر دوایین ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پرسی کورد لە ناوچە و بەتایبەت دەستپێکردنی قۆناغی نوێی خەبات لە کوردستانی ڕۆژهەڵات (ڕاسان) لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە لە شاری گێنتی وڵاتی بلژیک، کۆبوونەوەیەک بۆ مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێکخرا.

لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای نوێنەرانی چەند حیزبی کوردستانی لە باشوور، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان و نوێنەرانی کۆمیتەی ‌هاوبەشی حیزبە کوردستانییەکان لە بلژیک، بەشێک لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە وڵاتانی بلژیک و هۆلەند بەشدار بوون.

کۆبوونەوەکه بە پێشکەش کردنی سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی ڕاسان دەستی پێکرد.

دواتر بەها ئیبراهیمی، بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە بلژیک، وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی سکرتێری گشتیی حیزب بۆ وڵاتی بلژیک، سپاسی نوێنەرانی حیزب و لایەنەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەکەی کرد و دواتر ئاماژەی بە ئامانجەکانی پێکهێنانی ئەم کۆبوونەوە تایبەتەی کرد کە بۆ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات ڕێکخرابوو.

دواتر مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، باسەکەی لە چەند تەوەری جیاوازدا دەست پێکرد و بە وردی تیشکی خستە سەر دوایین ئالوگۆڕەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست و دۆخی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان و دەستپێکردنەوەی قۆناغی نوێی خەباتی حیزبی دێموکرات لە ژێر ناوی ڕاسان.

لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بە وردی ئاماژەی بە بڕیاری حیزبی دێموکرات بۆ دەستپێکردنی ڕاسان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد و هەموو لایەنەکانی ئەم بڕیارە گرینگەی حیزب لەمەڕ بەهێزکردنی خەباتی نەتەوەیی و دێموکراتیکی کورد لە کوردستانی ئێران و گرێدانی خەباتی شاخ و شاری شرۆڤە کرد.

هیجری لەم تەوەرەدا ئاماژەی بەوە کرد کە نزیک بە ٢٠ ساڵ بوو، جووڵەی هێزی پیشمەرگە لە نێو قووڵایی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەرچاو نەبوو و یان لاواز بوو، بەڵام هەڵسووکەوتی دژی گەلی و ستەم و سیاسەتی سەرکوتکەری ڕێژیم لە هەموو بوارەکاندا دژ بە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان نە تەنیا کەمی نەکرد، بەڵکوو هەر وەکوو جاران درێژەی بەم پێشڵکارییانە دا. بۆیە حیزبی دێموکرات وەکوو بەرپرسیارییەتیەکی مێژوویی، خۆی بە بەرپرسیار زانی لە هەمبەر ئەم دۆخە ناڵەبارەی چارەنووسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بڕیاربدات کە قۆناغێکی نوێی خەباتیی جیددی، بە هاندان و پشتیوانیی خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە ڕێک بخرێت، و بەم چەشنە لە ساڵی ڕابردووەوە هێزی پێشمەرگە بۆ پەیوەندیی سیاسی و ڕێکخستنی لەگەڵ خەڵکی کوردستان گەڕانەوە ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکرات بۆ سەرخستنی ئەم بڕیارە مێژووییە و سەرکەوتنی پرۆسەی گرێدانی خەباتی شاخ و شار بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە درێژە بەم خەباتە دەدات.

لە تەوەرێکی دیکەی باسەکەیدا، مستەفا هیجری بە وردی تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ ئاژاوەنانەوە و درووستکردنی ئاڵۆزی لە ناوچە بە قازانجی ئیدۆلۆژی ئەو ڕێژیمە و ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی بە هەموو توانایەوە هەوڵ دەستێوەردان و ئاژاوەنانەوە لەو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات هەروەها باسی ئەوەی کرد کە؛ هەتا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران مابێت، ناوچەکه ئارامی و سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات جەختی لە سەر ئەوەش کردەوە کە؛ کۆماری ئیسلامی لە پیلانێکی ناوچەییدایه، بە جیددی و پلاندارێژراو دەیهەوێ ناکۆکی و ناتەبایی لە نێوان هێزە کوردییەکانی بەشەکانی کوردستان پەرە پێ‌بدات و لەم بارەوە ئاماژەی کرد بە چەندین نموونەی ئەم هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران.

لە تەوەرێکی دیکەی باسەکەیدا، مستەفا هیجری بە تیشک خستنە سەر ڕووداوەکانی ناوچە کە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرچاوتر دەبن، دۆز و خەباتی کوردی لە هەر یەک لە بەشەکانی کوردستانی شرۆڤە کرد و پێداگریی لە سەر ئەوە کرد کە کورد لە قۆناغێکی هەستیار و مێژوییدا بە سەر دەبات، بۆیە دەبێت بە لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کورد، هەوڵ بۆ یەکڕیزی، یەکگرتوویی و هاوخەباتیی هێزە کوردستانییەکان لەم پێڤاژویەدا بدرێت.

دوای ئەو باسە گرینگ و بەربڵاوەکەی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، نوێنەرانی حیزبە کوردستانییەکان و بەشدارانی کۆبوونەوەکە، وێڕای خۆشحاڵی دەڕبڕینی خۆیان بۆ سەردانەکەی هیجری بۆ وڵاتی بلژیک، پرسیاری تایبەت بە تەوەرەکانی باسەکەیان، هێنایانە گۆڕێ و لە کۆتایی تیبینی و پرسیارەکانی بەشدارن، مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەڵامی یەک بە یەکی تێبینی و پرسیارەکانی دایەوە.