کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەر کۆچی دوایی کرد

16:39 - 29 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: حاجی کەریم تەیمووری کەسایەتی خۆشناو و نیشتمانپەروەری ناوچەی داڵاهۆ ماڵئاویی له ژیان کرد.

حاجی کەریم تەیموری لە ڕێکەوتی ٣ی خەزەڵوەری ١٣٠٤ی هەتاوی لە بێویانـی ناوچەی داڵاهۆ لەدایک بووە. ناوبراو کوڕی کوێخامارفی بێویانیی کوڕی حەیدەرسوڵتانی بێویانیە، کە یەکێک لەو حەوت سوڵتانەیە کە بە حەوت سوڵتانی گۆران ناسراون و دژی داگیرکەرانی کوردستان شۆڕشیان کردووە.

حاجی کەریم لە سەردەمی لاویەیتیدا وێڕای لاوانی دیکەی ناوچەکە لەسەر پرسە نەتەوەییەکان، و لەوانە لەبەر کردنی جلوبەرگی قەدەغە کراوی کوردی بەرهەڵستکاری هێزی داپڵۆسێنەری نیزامی پاشایەتیان بوونەتەوە. لەو پێوەندییەدا چەندین جار بەدەستی هێزی ژاندارمەوە گیراوە و ئەشکەنجە و ئازار و زیندانی کراوە، بەڵام ئامادە نەبووە واز لە جلوبەرگی کوردەواری بێنێ.

هەر لە سەر ئەوەش بە تۆمەتێکی ساختەی ژاندارمەریی ئەو کات، بە تاوانی ئەوەی کە پێشمەرگەی شوڕشی ئەیلولی لە ماڵدا حەشارداوە و پاراستوونی، دەیبەن بۆ ساواکی قەسری شیرین و بۆ ماوەی دوو هەفتە ئەشکەنجە و ئازاری دەدەن و لە زیندانی ئینفرادی‌دا دەستبەسەری دەکەن.

ناوچەی شوێنی ژیانی ناوبراو لە سەروبەندی شەڕی ماڵوێرانکەری ئیران و عێراقدا یەکێک لەو ناوچانەبوو کە داگیر کرا و ناوبراو وێڕای خەڵکی ناوچەداگیرکراوەکانی دیکە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان ماوی ساڵێک لەسەر سنوورەکان بەشێوەیەکی دژوار ژیانیان بەسەر برد. دواتر بۆ باشووری عێراق، دەڤەری ڕومادی و کەمپی ئەلتاش گوازرانەوە. پاش نزیکەی ٧ ساڵ مانەوە لەو کەمپە، لەکۆتایی ساڵی ١٩٨٨ی زایینی بنەماڵەی تەیمووری بە یارمەتی خاچی سووری نێودەوڵەتی بەرەو سوید بەڕێ کرا.

حاجی کەریم وەک کوردێکی دڵسۆز بە گەل و نیشتمانەکەی لە ژیانی هەندەراندا هەمیشە هاندەری بنەماڵە ودۆست وهاووڵاتیان بووە. ئاواتی حاجی کەریم گەڕانەوە بۆ کوردستان هەڵگرتنەوەی چەکی پێشمەرگایەتی بوو، بەڵام مەخابن ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، بۆ هەمیشە ماڵئاوای لە ژیان کرد.