کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە لاساییكردنەوەی ڕێژیمی ئێران، ئیعدامە بە كۆمەڵەكانی داعش درێژەیان هەیە

16:39 - 2 خەزەڵوەر 2716

كوردستان میدیا: سەرچاوەیەكی هەواڵگریی عێراقی دەڵێ لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا داعش لانیكەم ٢٨٤ كوڕ و پیاوی لە شاری مووسڵ گوللەباران كردووە.

ئەو سەرچاوەیە بە تۆڕی هەواڵی CNNی وتووە كە ئەو كەسانە لە كۆلیژی كشتوكاڵ لە باكووری مووسڵ، بە دەستڕێژی گوللە ئیعدام كراون.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، ئیعدامكراوەكان لە سێ گرووپدا هێنراونەتە شوێنی گووللەبارانكردنیان و تەرمەكانیان هەر لەو شوێنە بە شێوەی بەكۆمەڵ چاڵ كراوە.

ئەو سەرچاوە هەواڵگرییە ئەوەشی زیاد كردووە كە ١٥٠ كەس لەو قوربانیانە پاش خۆرئاوابوونی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی ئۆكتۆبر گوللەباران كراون و تەمەنی ٦١ كەسیان لە ١٤ ساڵ تێناپەڕێت.

ڕاپۆرتەكە هەروەها دەڵێ قوربانییەكان خەڵكی گوند و شارۆچكەكانی باكووری ڕۆژئاوای مووسڵ و یەك لەوانە شارۆچكەی زاویە بوونە.

داعش لە سەرەتای هاتنەسەركارییەوە بە لاساییكرنەوەی هەڵسوكەوتەكانی ڕێژیمی ئێران بە تایبەتی لە ئیعدامە بە كۆمەڵەكاندا، هەوڵی داوە دەسەڵاتی خۆی بە زەبری ترس و تۆقاندن بسەپێنێت.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەو ئیعدامانە لە كاتێكدایە كە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و ئەرتەشی عێراق بە پاڵپشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان، ئۆپەراسیۆنێكی گەورەیان بۆ ڕزگاركردنی مووسڵ لە ژێر دەسەڵاتی داعش دەست پێ كردووە و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ئەو هێزانە، گەمارۆی سەر داعش لە مووسڵدا تەنگتر دەبێتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەك لە چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەكرێگیراوانی ڕێژیمی ئێرانەوە، نێردرانە نێو شاری كەركووك و لە چەند گەڕەكی ئەو شارەدا پێكدادانی خوێناوی لە نێوان ئەو چەكدارانە و هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی شاری كەركووك ڕووی دا.