کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرجام بەرەو شکست هەنگاو دەنێت

16:44 - 2 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: لە سەروبەندێکدا کە وڵاتانی ئورووپایی بیر لە دانانی گەمارۆی زیاتر بۆ سەر ئێران دەکەنەوە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەپێوەندی لەگەڵ بەڵێنی لابردنی گەمارۆکان لەسەر ئێران دڕدۆنگن.

ڕێکەوتی ١٤ی ئۆکتۆبر، جان کێری لە وتووێژێکدا لەگەڵ بڵاڤۆکی ئامریکایی فارین ئێفرێز ڕایگەیاند: ئامریکا لەهەمبەر جێبەجێ کردنی خاڵەکانی بەرجام زیاتر لەوەیکە لە ئەستۆی گرتووە هەنگاوی هەڵێناوە، بەڵام کێشەی جێبەجێ نەبوونی بەرجام بۆ خودی ئێران دەگەڕێتەوە.

ناوبراو وتوویەتی؛ سیستمی بانکداری، پرسی بازرگانی، سپی کردنەوەی پارە و گەندەڵیی ئیداری و دارایی لەمپەڕە سەرەکییەکانی جێبەجێ نەبوونی بەرجامن، کە کۆماری ئیسلامی بۆخۆی دەبێ جارەسەریان بکات.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە بەشێکی دیکەی ئەم وتووێژەدا دەڵێ: ئێمە ئامادەین هاوکاریی ئێران بکەین لەباری دانی تێکنۆلۆژیی نوێ، بەڵام ئەمە کاتێک دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە کە کۆماری ئیسلامی دەستێوەردان لە یەمەن نەکات و واز لە پشتیوانی کردنی ئەسەد و حیزبوڵڵا بێنێت.

لە وەڵامی ئەم لێدوانانەی کێری، عەباس عێراقچی لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: پرسە ئەمنیەتی، مووشەکی، دیفاعییەکان و سیاسەتە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی،-کە مەبەستی ناوبراو بەشداریی سەربازی لە ناوچەکەدا و بەتایبەت لە یەمەن و سووریە بوو-، پێوەندییان بە بەرجامەوە نییە و وەک کۆڵەکەکانی کۆماری ئیسلامی پێناسەیان بۆ دەکرێت.

ئەم چەشنە لێدوانانە لە سەروبەندێکدا هاتوونەتە ئاراوە کە ئەگەری گەمارۆی نوێ لەلایەن یەکیەتیی ئورووپا و ئامریکا لەدژی کۆماری ئیسلامی لە ئارادایە و ئەمەش دڕدۆنگیی زۆری لە نێو لێپرسراوانی ڕێژیمی تاراندا خوڵقاندووە.