• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢١ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

ڕۆڵی ئێران لە گرتن و ئازاد نەکردنی شاری مووسڵدا

زایینی: ٢٤-١٠-٢٠١٦ - هەتاوی: ١٣٩٥/٠٨/٠٣ - ١٠:١٠ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
ڕۆڵی ئێران لە گرتن و ئازاد نەکردنی شاری مووسڵدا
ئەلبۆرز ڕووئین تەن

مووسڵ ئەو شارەی کە بە درێژایی مێژوو چارەنووسی سیاسەت و هێز لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دیاری دەکات. ئەو شارە کە لە سەدەی ڕابردوودا وەک ناوەندی ویلایەتی مووسڵ بە شارێکی گرینگی ناوچە هەژمار دەکرێت ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە دیاری کردنی سنوور و هەروەها باڵانسی هێز لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. تەنانەت بۆ وڵاتە کۆلۆنیەکانی سەردەمی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و دروست بوونی دەوڵەتی عێراق گرینگ و بابەتێکی هەمیشە جێگەی مشتومڕ بووە. ئەو مێژووە لە سەردەمی ئێستادا بە جۆرێکی دیکە بەردەوامە، چوونکە دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە دەست‌بەسەرداگرتنی، ئازاد کردنی بۆتە گرینگترین بابەتی سیاسی لە نێوان وڵاتانی ناوچە و زلهێزەکانی دونیادا. بەڵام ئەوەی کە گرنگیی ئەو شارەی بۆ وڵاتان و سیاسییەکان لە سەردەمی ئێستادا دوو ئەوەندە کردووە، ڕۆڵی ئێرانە. ڕێژیمی ئێران لە کاتی تەسلیم کردنی مووسڵ بە هێزەکانی داعش و هەروەها لە ئازاد نەکردنی تا ئێستا بەرپرسیارە، ئەو چەندەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی ئێران لە دروست کردنی ئاژاوە و شەڕ و ماڵوێرانی لە دەرەوەی سنوورەکانی بە مەبەستی درێژەپێدانی حکوومەتی دیکتاتۆریی خۆی، کە تێزێکی بەناوبانگی ئێرانە.

بێ‌گومان بۆ سەلماندنی ئەو ڕۆڵەی ئێران کە لە مووسڵ و عێراق گێڕاویەتی، وەکوو نواندنی ڕۆڵی هاوشێوە لە هەموو وڵاتانی ناوچە، بۆتە هۆکاری ماڵویڕانی و کوژارنی سەدان هەزار سیڤیل و بۆ بەڵگەمەند کردنی سەختیەکی ئەوتۆ نابینم، چوونکە بەڵگەی بێ‌هەژمار هەیە. هەر بۆیەش دەبێ بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای تەسلیم کردنی ئەو شارە بە هێزەکانی داعش، واتە مووسڵ چۆن کەوتە دەست داعش؟ ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤، گرووپێکی توندڕەوی تیرۆریست بە تەواوی دەستیان بەسەر شاری مووسڵدا گرت. کە زیاتر لە ٤٠ هەزار هێزی لەشکریی بە هەموو چەک و تەقەمەنییەکەوە کە بە میلیاردەها دولار لە وڵاتی ئەمریکا کڕدرا بوون، لە سێ سوپای گەورەی وڵاتی عێراق بە فەرماندەیی نوری مالیکی لەو شارەدا، لە ماوەی کەمتر لە چەند کاتژمێردا ئەو شارە گرینگەی کە بە هەموو ئەو چەک و ئامێرانە تەیار کرابوو، تەسلیم بوون. هیچ کارناس یان توێژەرێکی زانستی ناتوانێ ئەو تەسلیم کردنە بەدەر لە خواستی فەرماندەی هێزەکان شی بکاتەوە، واتە ئەگەر ویستی نوری مالیکی کە دواتر هەر لەو پێوەندییەدا بانگهێشتی پاڕلەمان کرا و سەبارەت بە تەسلیم کردنی شاری موسڵ بەو گرووپە لێپرسینەوەی لێ کرا نەبا، ئەو کارەساتە ڕووی نەدەدا. مالیکی کەسی یەکەمی ڕێژیمی ئێرانە لە عێراق، کە واتە ئەو ڕووداوە بە بێ ئاگاداری و تەنانەت پلانی ئێران نەبووە، هەروەها ئەگەر سەیرێکی چاوپێکەوتنی ئوسامە نوجێیفی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق و برای پارێزگاری مووسڵ کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦دا لەگەڵ کاناڵی سکای نیوزی عەرەبی کردی بکەین، بە ئاشکرا و بە ڕوونی باس لە هەڕەشەکانی ئێران بەر لە کەوتنی مووسڵ دەکات و دەڵێت؛ لە سەفەرێکدا بۆ وڵاتی ئێران بەرپرسانی باڵای ئیرانی هەڕەشەیان لە ئێمە کرد کە ئەگەر ئێمە هاوکاریی مالیکی نەکەین، ئەوا مووسڵ دەکەوێت. کە واتە بەرپرسی یەکەمی هاتنی داعش بۆ مووسڵ ئێرانە و لەو ڕێگەیەدا وێڕای نانەوەی شەڕ و ماڵوێرانی چەند ئامانجی دیکەی پێکا کە دەتوانین ئاماژە بە هێرش بۆ سەر کوردستان بۆ دوورخستنەوەی کوردەکان لە ڕێفراندۆم و سەربەخۆیی و هەرەوەها لە دروست کردن و ڕەواییدان بە چەندین گرووپی هاوشێوەی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران و بەکارهێنانیان وەک ئامرازی هەڕەشە لە ناوچەدا بکەین. ئێستا دوای زیاتر لە دوو ساڵ، ڕزگار کردنی مووسڵ وەک بابەتێکی لەشکری سەیر ناکرێت، بەڵکوو وەک بابەتێکی سیاسی بۆ دابین کردنی بەرژەوەندیی سیاسیی لایەنەکان بۆتە هۆکاری ترافیکی دیپلۆماسی لە نێو وڵاتانی ناوچەیی و زلهێزەکاندا. کوردەکان کە هێزێکی کاریگەرن و بە بێ ئەوان ڕزگار کردنی مووسڵ ئاستەمە، داوای گارانتی دەکەن بۆ نەگەڕانەوە بۆ سنوورەکانی بەر لە هاتنی داعش. تورکیە کە لە ڕووی مێژوویی و سیاسەتی ناوچەییەوە خۆی لە هەموو کەس زیاتر بە خاوەنی مووسڵ دەزانێت و کار دەکات بۆ ئەوەی لە پرۆسەکەدا بەشدار بێت و تا دوای نەمانی داعش لە بەشداریی خۆی بە مەبەستی هاوکاریی هێزەکانی دۆستی خۆی کەڵک وەربگرێت. زلهێزەکان لە چوونە ناوەوەی هێزەکانی سەر بە ئێران بۆ نێو مووسڵ و دروست بوونی شەڕی تایفی و ئاڵۆزتر بوونی ئەو گێژاوەدا کە لە دروست کردنیدا خەتاباریشن دەترسن. لە هەمووی گرینگتر ئێران کە هۆکاری سەرەکیی ئەو هەموو ماڵوێرانیەیە نایهەوێ لە کۆتاییدا مووسڵ وا بە ئاسانی بکەوێتە ژێر کاریگەریی کورد و سوننە و تورکیە. تێکەڵ بوونی ئەو هەموو بەرژەوەندییە بە ئاراستەی جیاواز وێڕای بەدرەنگ خستنی ڕزگار کردنی مووسڵ، ئاکامەکەشی تا ڕادەیەک تاریک و ئاڵۆز کردووە. کارکردنی ڕێژیمی ئێران بۆ بەشداری لە ڕزگار کردنی مووسڵ لە ڕێگەی گرووپەکانی وەک حەشدی شەعبی و پەراوێز خستنی هێزەکانی دژبەری خۆی، هەوێنی ئەو ئاڵۆزییەیە. تەنانەت ئەگەر لەو ڕۆژانەدا مووسڵ ئازادیش بکرێت، دەبێ چاوەڕوانی پلانی دیکەی ڕێژیمی ئێران بین بۆ ئالۆزتر کردنی ڕەوشەکە و بەردەوام کردنی ئەو نائارامیە و ڕەوشی شەڕ لە ناوچەدا. لەوانەیە ئەو پلانە لە دەستێوەردان لە کاروباری گەڕانەوەی شەنگال بۆ سەر کوردستان و بە کارهێنانی ئەو خەڵکە شیعە مەزهەبانەی کە لەو ناوچانە دەژین خۆی ببینێتەوە. ئێستا کارەساتی سەرەکی ئەوەیە کە لە دوای ئەو هەموو خەسارە مرۆڤیە لە عیراق، لە کات‌وساتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵدا، زیاتر لە گەڕانەوەی هێمنی و ئاسایش بۆ خەڵکی ناوچە و پاراستنیان، باس لە بەرژەوەندیی وڵاتانی ناوچە دەکرێت. هەربۆیەش ڕێژیمی ئێران وەکوو کلیلی هەموو ئالۆزییەکانی ناوچە، لە شاری مووسڵیشدا هەر لە دەستپێکی تەسلیم کردنیەوە تا ڕزگار نەکردنی ئێستا و پلان بۆ بەردەوامیی ئالۆزییەکان دوای ڕزگار کردنی کار دەکات، کە جارێکی دیکە ئەو چەندە بۆ هەموو لایەک دەسلمێنێت کە؛ تا ئەو ڕێژیمە بمێنێ، هێمنی و ئاسایش لە ناوچەدا تەنیا لە خەوندا مسۆگەر دەبێت.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٢ لەم ژمارەیەدا:

ــ شکستی کەرکووک کۆتایی ڕێگا نییە!
ــ ڕەوایی چەک و ڕەوایی خەڵکی
ــ ئیمپراتوریی نافەرمی ئێرانی
ــ دەسەڵات و کۆمەڵگا