• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
٢١ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

مەسعوود تەک: ئەگەر نەتوانین پشتگیری لە خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین، بە دڵنیاییەوە پێشگیریشی لێ ناکەین

زایینی: ٢٤-١٠-٢٠١٦ - هەتاوی: ١٣٩٥/٠٨/٠٣ - ١٠:٢٤ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
مەسعوود تەک: ئەگەر نەتوانین پشتگیری لە خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەین، بە دڵنیاییەوە پێشگیریشی لێ ناکەین
پارتی سوسیالیستی کوردستان دوای ٤١ ساڵ خەبات و تێکۆشانی نایاسایی و ئیلەگال، قۆناغێکی نوێ لە ژیانی سیاسی و یاسایی لە تورکیەدا دەستپێکرد. بەڵام دەستپێکردنەوەی ئەو شێوە لە خەباتی پارتی سوسیالیست، هاوکات بوو لە گەڵ هەندێ گۆڕانکاری و ڕووداوی گرینگ لە تورکیەدا، وەکوو بەرفراوان بوونی شەڕ و ئاڵۆزییەکان، کودەتای سەربازی، دۆخی ئاوارتە، گەڕانەوە بەرەو دواوەی دێموکراسی و ...هتد.

بە هەمان شێوە خەبات و بەربەرەکانێی گەلی کورد بۆ ماف و ئازادییەکانی لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بەردەوام و ڕوو لە گەشانەوەیە، بە تایبەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لاپەڕەیەکی نوێ لە خەبات و بەرەبەرەکانێ لە هەمبەر ڕێژیمی ئێراندا هەڵدراوەتەوە کە دەنگدانەوەی زۆری لە ئاست ناوچەکەدا هەبووە.

کار و خەباتی پارتی سوسیالیست لە ژینگەی سیاسی و یاسایی تورکیەدا و هەروەها دەنگدانەوەی ڕاسانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە تورکیە و باکووری کوردستاندا، مژاری سەرەکیی وتووێژی کوردستان لەگەڵ بەڕێز مەسعوود تەک، سەرۆکی گشتیی پارتی سوسیالیستی کوردستانە کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین:

وتۆوێژ: سەلیم زەنجیری

سەرەتا چۆن بوو کە دوای ٤١ ساڵ خەبات و تێکۆشان، ئێوە بەم قەناعەتە گەیشتن کە کۆتایی بە مێتۆدی ڕابردووی خەبات بێنن و قۆناغێکی نوێ لە خەباتی سیاسیی یاسایی لە تورکیەدا دەست‌پێبکەن؟

و: چیرۆکی لەگالیزەکردنی خەبات و تێکۆشانی پارتەکەمان دوور و درێژە. واتە لە ئەنجامی نیقاشێکی بەرفراوانی ئەندامانی ئێمەدا هاتووەتە ئاراوە.

تەقریبەن ٢٢ ساڵ بەر لە ئێستا کە بەڕێز کەماڵ بورکای سەرۆکی حیزبەکەمان بوو ئەم پرسەی هێنایە گۆڕێ و موناقشەی زۆری لە سەر کرا، بەڵام هیچکات نەبوو بە مژار یان ڕاسپاردەی کۆنگرەکانمان. بۆ یەکەم جار لە کۆنگرەی ٨ی حیزبەکەماندا ئەو مەسەلەیە بووە ڕۆژەڤ. جیا لە باسی نێو ئەندامان، لە کۆنگرەشدا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ئەو مەسەلەیەمان تاوتوێ کرد. بەڵام زۆرینەی کۆنگرە لە سەر ئەو باوەڕە بوون کە جارێ کاتی لەگالیزەکردنی خەباتی پارتەکەمان نیە، بۆیە وەکوو دۆسیایەکی کراوە بۆ باس و موناقشە لە نێو ئەنداماندا هەر بە کراوەیی مایەوە.

لە ڕاستیدا ئەمە ئاستەنگێکی گەورە و سەرەکی بوو لە پێش خەباتەکەمان. بۆیە لە کۆنگرەی دەیەمی حیزبەکەمان کە لە ساڵی ٢٠١٤دا پێکهات، بە زۆرینەی دەنگ بڕیار درا کە دەست بە خەباتی لەگال لە تورکیەدا بکەین، هەڵبەت بۆ ئەمەش میکانیزمێکی ١٢ خاڵیمان ئامادە کرد. ئەوە بوو کە لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوودا من و چەند کەسی دیکە لە ئەندامانی ڕێبەریی پارتی سوسیالیست گەڕاینەوە دیاربەکر و بەرنامەی حیزبەکەمان هەموار کرد. چوونکە دەبوایە بەپێی دەستووری تورکیە و یاسای ئەحزاب لەو وڵاتەدا هەندێ گٶڕانکاریمان لە بەرنامەکەماندا کردبا.

بەپێی یاسای تورکیە چ کێشە و ئاستەنگێک لە بەرانبەر خەبات و تێکۆشانتاندا هەیە؟

و: بەپێی یاسای ئەحزاب لە تورکیە، سەرەتا دەبێ داوای یاسایی لە وەزارەتی نێوخۆدا تۆمار بکەیت، ئەگەر شتێکی نایاسایی هەبێت دۆزگەر و دادگا دۆسیا لە دژی دەکەنەوە. بەگشتی هەم ڕێگای خەباتمان ئاوەڵایە و هەم داخراو و ئاستەنگ کراو. پارتی سوسیالیستی کوردستان سێیەم پارت بە پاشگری کوردستانییە کە لە تورکیەدا دامەزراوە و ڕەنگە پارتی دیکەش لەو ماوەیەدا بەم پاشگرەوە دابمەزرێت. کاتێک ئێمە پارتی سوسیالیستمان دامەزراند، لە تورکیەدا سوسیالیزم قەدەغە نەبوو، بەڵکوو ناوی کوردستان و ناسنامەی نەتەوەیی ئێمە قەدەغە بوو. بۆیە ئێمە پارتێکی ئیلەگالمان دامەزراند. ئەوکات نەتەنیا وشەی کوردستان، بەڵکوو وشەی کوردی و ئاخافتنی کوردیشی قەدەغە بوو و هەر کەسێک وتبای کە کوردم، دەگیرا و زیندانی دەکرا. بۆیە پارتی سوسیالیستی کوردستان بە پێچەوانەی خواست و حەزی ئێمە، وەکوو حیزبێکی ژێرزەمینی و ئیلەگال دامەزرا.

دەستپێکردنی ئەو قۆناغە نوێیە لە خەباتی ئێوە بە شێوەی یاسایی، هاوکاتە لە گەل ڕوودانی زۆر ڕووداوی گرینگ لە تورکیە وەکوو شەڕ و تێکهەڵچوونەکان، کودەتای سەربازی، دۆخی ئاوارتە و تەسفییەکانی دوای کودەتا و... هتد. ئێستا ژینگەی سیاسیی تورکیە بۆ کار و خەباتتان چەندە لەبارە یان چۆنی هەڵدەسەنگێنی؟

و: ئەوەیکە لە تورکیەدا دەگوزەرێت، بۆ ئێمە پێشبینی کراو بوو. بەڵام ئەوەیکە چاوەڕوانیمان لێ نەدەکرد، هەوڵی کودەتا بوو. کاتێک ئێمە دەستمان بەو خەباتە کرد، پێشبینی زۆر لەمپەر و ئاستەنگمان لە بواری سیاسی، ئابووری، ئیداری و... هتد، لە سەر ڕێگامان کردبوو. بۆ نموونە بینای پارتەکەمان لە بەرانبەر بینای پارێزگای مانیسا لە شاری ئەگە هەڵکەوتووە و پەنجەرەکانی ڕووبەڕووی یەکترن. جەنابی والیی مانیسا چاوی بە تابلۆی سەر ئۆفیسەکەمان کە ناو و لۆگۆی پارتی سوسیالیستی کوردستانی پێوەیە، هەڵنایەت و فەرمانی داوە کە تابلۆکە داگرن. ئەمە شتێکی نایاساییە و لە چوارچێوەی سەلاحیاتی والی‌دا نیە و ناتوانێ چاوەدێریی کار و خەباتی ئەحزابی سیاسی بکات. بەڵام لە بەر ڕاگەیاندنی ڕەوشی ئاوارتەی دوای کودەتا، هەر یەک لە ٨١ والی لە ٨١ پارێزگای تورکیەدا بۆ خۆیان بوونەتە پاشایەک و لە دەرەوەی یاسا حوکم دەکەن و بڕیاری لەم چەشنە دەدەن.

باشە ئەو دۆخە هەتا کەی بەردەوام دەبێت؟

و: حکوومەتی تورکیە لە سەرەتادا ڕایگەیاند کە بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بەڵام لەملاوە پارلەمانی تورکیە هەر سێ مانگ جارێک تەمدیدی دەکاتەوە و سەرۆک کۆماریش ڕایگەیاندووە کە ئەم مەسەلەیە بەم زووانە چارەسەر ناکرێت و ڕەنگە هەتا ساڵێک بەردەوام بێت. بۆیە ئەگەر هێزە دێموکرات و ئاشتیخوازەکان دەنگیان هەڵنەبڕن و لە بەرانبەر ئەم بێدادییەدا ڕانەوەستن، ئەو وەزعە درێژە دەکێشێ و وادیارە هەتا پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغان نەگاتە ئامانجەکانی، بەردەوامی بەم ڕەوشە دەدات.

باشە ئامانجەکانی چین؟

و: بە بڕوای من ئامانجی سەرەکی، پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی تورکی - ئیسلامییە و ئەردۆغان خۆی وەکوو خەلیفەی هەموو موسلمانان بە تایبەت سوننەکان و موختاری هەموو ناوچە و جیهانی عەرەبی دەزانێت. بەڵام بە نەزەری من ئەو پرۆژەیەی سەرناکەوێ، لەبەرئەوەیکە سەردەم گٶڕاوە، ڕۆژهەڵات گۆڕاوە، تورکیەی جارانیش نەماوە، تورکیە کە چەند ساڵ لەوەپێش وەکوو مۆدێل بۆ ناوچەکە دەبینرا، ئێستا لە هەموو ڕۆژهەڵاتی نێوەراستدا تەنیا یەک دۆستی هەیە، ئەویش کوردی باشوورن، لە گەڵ ئێران و زۆربەی وڵاتان لە کێشەدایە.

زۆر لایەن و چاودێری سیاسی، ڕەفتار و کردارەکانی ئاکەپەی لە دوای کودەتا سەرنەکەوتووەکەی چەند مانگی ڕابردوو، بە نیسبەت گرتنی جیابیران، لەکارلادانی کارمەندان، مامۆستایان و سەرۆک شارەوانییەکان و ...هتد، وەکوو تەسفیە کردن و کودەتایەکی سپی یان سڤیلی دەزانن. ڕای ئێوە؟

و: بەڵێ ئەوانە ڕەفتار و کرداری نادێموکراتیک و نایاسایین و مرۆڤ دەتوانێ وەکوو دیکتاتۆری و ئۆتۆریتەیزم ناودێری بکات، بەڵام من وەکوو کودەتا نایبینم، لەبەرئەوەیکە کە کودەتا شتێکی‌ترە. ئەوەیکە ئاکەپە دەیکات، سوئیستیفادە کردنە لەو دۆخە بۆ پێشگرتن لە کودەتای هاوشێوە. شتێکی باش بوو کە خەڵک ڕژایە سەر شەقام و پێشیان بە سوپا و کودەتاکەی گرت. ئەوکات ئێمە و هەموو ئەحزابی دیکەی باکووری کوردستان و هێزە دێموکراتخوازەکانیش داوامان لە ئاکەپە کرد کە ئەم دۆخە بکاتە دەرفەت و هەوێنێک بۆ یەکیتی و دووبارە نەبوونەوەی ڕووداوی لەم چەشنە، کە خۆی لە کەمکردنەوەی دەسەڵاتی سوپا و میلیتاریزمدا دەبینێت.

ئێستا باکووری کوردستان لە دۆخێکی ناڵەبار و مەترسیداردا دەژیت، زۆرێک لە شار و شارۆچکەکان وێران و کاوڵ کراون، خەڵک گیراوە، دەربەدەر کراوە، ئایا ئەو نەهامەتی و وێرانکارییانە لە باکووردا ڕەوان؟

و: هۆکاری ئەسلیی دەربەدەریی گەلی کورد و کاوڵ و وێران کردنی شار و شارۆچکەکانی کوردستان، سیاسەتی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیەیە، بەڵام نابێت سیاسەت و ستراتیژیی هەڵەی پەکەکەش لەبیر بکەین. هەڵقەندنی خەندەق و ستراتیژی گەلی شۆڕشگێر و ...هتد، هەڵەی ستراتیژیکی پەکەکە بوون. ئەو ستراتیژە هەڵەیەی پەکەکە، بیانوو و دەرفەتی بۆ تورکیە ڕەخساند کە بە هەموو هێزی خۆیەوە، هێرش بکاتە سەر شارەکانی سوور، گەوەڕ، سلۆپی، جزیر و ناوچەکانی دیکە و وێرانی بکات.

واتە دەوڵەتی تورکیەش هەر لە بیانوویەکی ئاوها دەگەڕا؟

و: بەڵی مرۆڤ دەتوانێ ئاوهاش بیبینێت و لێکی بداتەوە. ئەوەی کە ئەمڕۆ لە تورکیە ڕوودەدات بەردەوامیی ئەو سیاسەتەیە. دەوڵەتی ئاکەپە بە بیانووی جەماعەتی فەتحوڵڵا گولەن، هێرشی کردە سەر مامۆستایانی کورد، جیابیران، ڕەخنەگران و دژبەرانی حکوومەت و ئەو ئاکادیمیسیەن و کارمەندانەی کە لە دەرەوەی ئاکەپەن. بەڵام ئاکەپە ناتوانێ بەم شێوەیە بەردەوام بێت و حکوومەت بکات و ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەمە دەتەقێتەوە. من هیوادارم کە ئەو ڕەوشە بەرەو ئارامی هەنگاو بنێت، لەبەرئەوەیکە کێشەکانی تورکیە بە توندوتیژی چارەسەر ناکرێن. بە تایبەتی کێشەی کورد لە سەد ساڵی ڕابردوودا کە دەوڵەت هەوڵی داوە بە توندوتیژی و تواندنەوە چارەسەری بکات، بێ‌ئەنجام و ناکارامە بووە. پەکەکەش ٣٢ ساڵە کە شەڕی چەکداری دەکات و لە جیاتی قازانج، زەرەری بۆ کورد بەدیاری هێناوە. بۆیە ڕێگای توندوتیژ، چارەسەری ناهێنێت. باشترە هەموو لایەنەکان بە دەوڵەت، ئاکەپە و لایەنە دێموکراتخوازەکانی تورکیە و وڵاتپارێزانی کوردستانەوە هەوڵ بۆ ئارام کردنەوەی ڕەوشەکە و گەڕاندنەوەی بۆ دۆخی پێشووتری بدەین و بە ڕێگای دیالۆگ و دێموکراسییانە، چارەیەک بۆ کێشەی کورد بدۆزینەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی تورکیە، خەبات و بەرخودانی گەلی کورد لە پارچەکانی دیکە و بە تایبەتی کوردستانی ڕۆژهەڵات گەرم‌وگوڕتر بووە و دوای ماوەیەکی زۆر لە بێدەنگ بوونی چەکی پێشمەرگەکان، ڕاسان یان ڕابوونێکی دیکە لە فورمێکی نوێدا دەستی پێکردووە، ئەمە چۆنی هەڵدەسەنگێنن و چلۆن دەنگدانەوەیەکی هەبووە لە تورکیە و باکووردا؟

و: بەر لە هەر شتێک دەمەوێت پشتیوانیی خۆمان وەکوو پارتی سوسیالیستی کوردستان لە خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو قۆناغە کە بە ڕابوون یان ڕاسان ناسراوە، دوبارە بکەمەوە. ئێمە لە ڕابردوودا و ئێستاش هەر پشتیوانی خەباتی ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکرات بووین و دەبین. واتە ئەگەر نەتوانین پشتگیری بکەین، بە دڵنیاییەوە پێشگیریشی لێ ناکەین. بە خۆشییەوە ئەو ڕابوونە و چوونی پێشمەرگەکان بۆ نێوخۆ و دروشمی گرێدانی خەباتی شاخ و شار دەنگدانەوەی باشی لە باکووردا هەبووە، بە تایبەت ئەوانەی کە حیزبی دێموکرات دەناسن و شارەزای خەبات و تێکۆشانی ئەو حیزبەن، دڵخۆشن بەو خەباتە و بە هیوان کە ئەو تەڤگەر و بزاوتە سەر بکەوێت و بە ئەنجام بگات. بەڵام لەولاشەوە هەندێ موریدی سیاسی، ساویلکە و کوێرفام هەن کە بە دەهۆڵی ڕێژیمی ئێران هەڵدەپەڕن و ئەو خەباتەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەوڵەتانی ناوچەوە گرێ دەدەن، ئەوە ڕاست نیە. بۆچی ئەوانە خەباتی چەکداری بۆ خۆیان بە ڕەوا، بەڵام بۆ براکانیان بە ناڕەوا دەزانن؟ ئەمە دڵسۆزی و نیەتپاکی نیە و ئامانجێکی سیاسی لە پشت ئەو گوتارە قرێژەوەیە. بەڵام ئەوەیکە پێوەندی بە ئێمە، وەکوو پارتی سوسیالیستی کوردستانەوە هەیە، ئەرکی سەرشانمانە کە بە هەموو توانامانەوە بۆ ناساندنی خەباتی ڕەوای خووشک و براکانمان لە ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی حیزبی دێمـوکراتی کوردستان کە بە حیزبی خۆمان و حیزبی برا و دۆستی دەزانین و ساڵانێکە پێوەندی دۆستانە و برایانەمان لە گەل یەکتر هەیە، کار و خەبات بکەین و لە بەرنامەماندایە کە کاری تایبەتی، بە تایبەتی بۆ بیروڕای تورک بکەین.

ئایا هیچ چالاکییەکتان لەم پێوەندییەدا کردووە؟

و: چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا، مەراسیمی کردنەوەی تەشکیلاتی ئاشکرای پارتەکەمان لە شاری دێرسیم بەڕێوە چوو و ئێمە ئەو ڕێوڕەسمەمان لە خۆشەویستیی خەڵکی ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکرات، بە ناوی د.سەعید شەرەفکەندی نەمرەوە ناودێر و کردەوە و پێشکەش بە یادی ئەو گەورە ڕێبەرەمان کرد. مەراسیمی تەشکیلاتیمان لە مێردین بەڕێوە چوو کە لە سەر چوار سەرکردەی کورد پێشەوا قازی محەممەد، سەید ڕەزا دێرسیمی، شێخ سەعید و مەلا مستەفای بارزانی بوو. هەروەها لەم ڕۆژانەی دواییدا لقی ئامەدی پارتەکەمان کرایەوە کە بۆ ئێمە زۆر زۆر گرینگ بوو، چوونکە ناوەندی خەباتی ئێمەیە، ئەو مەراسیمە و کردنەوەی لقی پارتەکەمان، بە ناوی شەهید د. قاسملووەوە وەکوو ڕێزلێنانێک لە خەبات و تێکۆشانی ئەو ڕێبەرە بڵیمەت و زانایەی گەلی کوردەوە ناودێر و کردەوە. بە گشتی دەبێ لە زۆر بوارەوە کار بۆ نواندنی ڕەوایی خەباتی براکانمان لە ڕۆژهەڵات بکەین و بە ئەرکی خۆمانی دەزانین.

وەکوو سیاستڤان و چاودێرێکی کورد، پێت وایە لەم حەرەکەتەی دواییدا چی پێویست بووە کە نەکراوە یان دەبێت ئامادەکاریی بۆ بکرێت؟

و: ئەو خەباتە دوور و درێژە. بەرزی، نزمی و هەوراز و نشیوی خۆی هەیە و ڕەنگە کۆسپ و ئاستەنگی زۆرتری بێتە سەر ڕێگا، بەڵام من لە حیزبی دێموکرات خاترجەم و پشت ئەستوورم کە لە سەر مافی نەتەوەیی گەلی کورد شێلگیر و پێداگرە و ڕەنگە جاروبار پاشەکشەی تاکتیکیشی کردبێت، بەڵام هەرگیز لە سەر داخوازی نەتەوەیی و دێموکراتیکی خۆی پاشگەز نەبووە و نابێت و سەربەرزانە بەردەوام دەبێت.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٢ لەم ژمارەیەدا:

ــ شکستی کەرکووک کۆتایی ڕێگا نییە!
ــ ڕەوایی چەک و ڕەوایی خەڵکی
ــ ئیمپراتوریی نافەرمی ئێرانی
ــ دەسەڵات و کۆمەڵگا