• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
١٨ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

ڕانت لە ئێرانی ئیسلامیدا!

زایینی: ٢٤-١٠-٢٠١٦ - هەتاوی: ١٣٩٥/٠٨/٠٣ - ١٠:٤٨ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
ڕانت لە ئێرانی ئیسلامیدا!
شەماڵ تەرغیبی

یەکێک لەو چەمکانەی کە لەلای ئابووریناسان بەردەوام بۆ پێناسەی دۆخی ئابووریی ئێران کەڵکی لێوەردەگیرێ بریتییە لە حکوومەتە ڕانتێرەکان (Rentier state)؛ حکوومەتی ڕانتێر چییە و چۆن شوێندانەریی نەرێنی لەسەر کۆمەڵگا دادەنێت؟ چەند جۆر ڕانت بوونی هەیە و ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەدەست کام یەک لەو ڕانتانەوە دەناڵێنێ؟

ڕانت: ڕانت بریتییە لە داهاتێک کە بە بێ خۆماندووکردن وەدەست دێت و لە بەرانبەر چەمکگەلێکی وەک قازانج و مووچە بەکار دەبرێت، بەڵام باری نەرێنییەکەی ئەو کاتە زیاتر دەردەکەوێت و لە زانستی ئابووریدا کەڵکی لێوەردەگیرێ کە تێکەڵ بە سیستمی سیاسی دەبێت و دەبێتە ڕانتی دەوڵەتی.

دەوڵەتی ڕانتێر: بەو دەوڵەتانە دەوترێت کە لە ڕێگەی هێزی سیاسی و سەربازییانەوە تەکووزی لەسەر ماددەیەکی خاو (بۆ وێنە نەوت) بۆ فرۆشتن دەکەن و گرینگی بە ڕەوشی ئابووریی نێوخۆیی نادەن کە هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندین:

-هەر وڵاتێک کە زیاتر لە ٤٢%ی داهاتەکەی لە ڕانتی دەرەکییەوە بێت..
- ئەم ڕانتانە لە دەرەوەی وڵاتەوە دابین دەکرێن و پێوەندییەکی ئەوتۆیان بە ئابووریی نێوخۆیی نییە.

- لە حکومەتێکی ڕانتێردا تەنیا بەشێکی بچووک لە کۆمەڵگا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ڕانتن و لانی زۆری کۆمەڵ یان وەری دەگرن یان ڕانتەکان دابەش دەکەن.

جۆرەکانی ڕانت: بەپێی زانستی ئابووری چوار جۆر ڕانت بوونیان هەیە:
- ڕانتی ئابووری: ئەم ڕانتە بەهۆی پرسە ئابوورییەکانی وەک کۆنتڕۆڵی نرخەکان، شێوازی دابەش کردنی بودجە و سنووردارکردنی بازرگانییەکانەوە دێتە ئاراوە.

- ڕانتی سیاسی: ئەو کاتەی کە دەوڵەت و خاوەن دەسەڵاتەکان لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا دووچاوگی ڕەچاو بکەن و سەرمایە و داهات و هێز بە نایەکسانی دابەش بکەن.

- ڕانتی کۆمەڵایەتی: خاوەندارەتی هەندێک پلەوپایەی کۆمەڵایەتی کە بەپێی لێوەشاوەیی بە تاکەکان نەدرابێت بۆ وێنە دانی پیشەیەکی حکومەتی بەهۆی خزمایەتی و بێ لەبەرچاوگرتنی پێوەرەکانی وەک خوێندەواری و توانایی و... هتد.

- ڕانتی زانیاری: دەستپێڕاگەیشتنی خێرای هەندێک کەس بە کۆمەڵێک زانیاری ورد و تایبەت لە ڕێگەی کەسانی دەسەڵاتدار بۆ وێنە زانیارییە ئابوورییەکانی نێو بازاڕی سەهام و سیاسەتە بازرگانییەکان کە دەبنە هۆی چێ بوونی ڕقەبەرایەتی ناتەندرووستی ئابووری.

وەک ئاماژەی بۆ کرا، ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە ڕانتخۆرترین کۆمەڵگاکانی جیهانە؛ بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی نێونەتەوەیی بێ خەوشیی ئابووری (Transparency International) لە ساڵی ٢٠١٤دا، ئێران لە نێو ١٧٧ وڵاتی جیهاندا لە بواری گەندەڵیی سیاسی و ئابووری و گەیاندنی زانیاری، پلەی ١٤٤ی وەدەستهێنا کە زەقترین نموونەی ئیختلاسی ٣ هەزار میلیارد تمەنی بوو.

لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە: بۆچی دیاردەی "ڕانت" لە ئێراندا بووەتە "پڕۆسە" و بۆچی هیچ هەوڵێک لەمەڕ بنبڕکردنی نادرێت؟
هۆکاری سەرەکیی بەردەوامیی ئەم دیاردە لە وڵاتێکی وەک ئێران کە بەردەوام بانگەشەی ئیسلامی بوونی دەکات، بۆ خودی سیاسەتداڕێژانی ئابووریی ئەم وڵاتە دەگەڕێتەوە؛ ڕانتخۆرەکان نیزیکایەتییەکی تەواویان بە لێپرسراوانی حکومەتی و سیاسەتداڕێژانی دەوڵەتییەوە هەیە، بە واتایەکی دیکە هەر دوولا دەستیان لە کاسەیەکدایە و نانی لێ دەخۆن.

سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئەم بەرپرسە حکومەتییانە بە دیتنەوە و کەڵکاژۆ وەرگرتن لە بۆشاییە یاساییەکان نیهادگەلێکی یاسایی دادەمەزرێنن تاکوو بەهۆیەوە بتوانن وێڕای هاوپیاڵەکانیان سەرقاڵی ڕانت خۆری بن.

لەمبارەوە "ئیسماعیل جەلیلی" مامۆستای زانکۆ لە بواری "کارگێڕیی ستراتێژیک" کە پێشتر نوێنەری مەجلیسی ڕێژیمیش بووە، بە هەواڵدەریی "تابناک"ی گوتووە: هەموو دام و دەزگا حکومەتییەکان، بە مەجلیسیشەوە، بەشێکن لەم "گەندەڵییە سیستماتیکە" کە ئیزن دەدات هەندێک کەس لە ڕێگەی بۆشاییە یاساییەکانەوە توانایی و مافی کەسانی شیاو و لێهاتوو هەڵلووشن و خەڵکانێکی نالێهاتوو ببنە خاوەنی سامانی وڵات. هەرچەند کە حەسەن ڕۆحانی بانگەشەی ئەوە دەکات کە کۆتایی بە ڕانت خۆری دەهێنێت، بەڵام چوونکە ڕانتخۆرەکان خۆیان بەشێکن لە بەڕێوەبەرانی حکومەتی، بەکردەوە ئەم پرسە جێبەجێ نابێت.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٢ لەم ژمارەیەدا:

ــ شکستی کەرکووک کۆتایی ڕێگا نییە!
ــ ڕەوایی چەک و ڕەوایی خەڵکی
ــ ئیمپراتوریی نافەرمی ئێرانی
ــ دەسەڵات و کۆمەڵگا