• ڕۆژنامەی کوردستان
  • گۆڤاری ئاگری
  • گۆڤاری بیری خوێندکار
  • گۆڤاری لاوان
  • گۆڤاری ژنان
  • کەناڵی تەلەفزیۆنی تیشک
  • گۆڤاری نەرگز
١٩ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی - ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی  

وتوێژی کوردستان لەگەڵ کاوە ئاهەنگەری

زایینی: ٢٤-١٠-٢٠١٦ - هەتاوی: ١٣٩٥/٠٨/٠٣ - ١٠:٥٢ تاران قه‌باره‌ی فۆنت: قه‌باره‌ی نووسراوه‌ گه‌وره‌ بكه‌قه‌باره‌ی نووسراوه‌ بچووكتر بكه‌‌
وتوێژی کوردستان لەگەڵ کاوە ئاهەنگەری
و: سابیر فەتاحی

بزووتنەوەی ڕزگاریدەری هاوچەرخی کوردستان به هۆی گۆڕان و ئاڵوگۆڕه نێونەتەوەییەکان، هەروەها گۆڕانی کەشی سیاسی، به ناچار لەگەڵ گۆڕانێکی بەرچاو له تاکتیک و پێناسه کردنەوەی چەمکەکان یان بەرهەمهێنانی چەمکی نوێ بەرەوڕوو بووەتەوه و بۆ پاراستنی مانەوەی خۆی له هەمبەر سیاسەته لەناوبەرەکانی دەسەڵاتدارانی زاڵ به سەر کوردستاندا، خۆی لەگەڵ دونیای سەردەم بگونجێنێت. لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا دەسەڵاتەکانی ناوەندگەرای ئێران دوای بەڕێوبردنی بەرنامه بەربڵاوەکانی کۆمەڵکوژی و ژینۆسایدی فەرهەنگیی گەلی کورد، توانیویانه بەشێکی بەرچاو له کوردستان لە بزاڤی ڕزگاریدەری کوردستان جیا و لەگەڵ بزووتنەوەی کورد نامۆیان بکەن. ژینۆساید، ئاسمیلاسیۆنی بەربڵاو و بەردەوام و پێکهێنانی ناکۆکیی ئایینی لەم ناوچانەدا یەکێک له پلانه سەرەکی و فاشیستییەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران بووه و هەیه، که له هۆکارەکانی دوورکەوتنەوەی کوردانی ئەم ناوچانه له بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان به‌ئەژمار دێت. بەڵام بۆ هاتنه ئارای هەرجۆره فاکتێکی سیاسی-کۆمەڵایەتی جیا له هۆکاره دەرەکیەکان، دەبێت هۆکاره نێوخۆییەکانیش سەرنجی پێ بدرێت، چوونکه بێ‌گومان درێژەدان، بەردەوامی و سەرکەوتنی لەڕادەبەدەری هۆکاره دەرەکییەکان، نەبوونی هۆکاری نێوخۆیی شوێندانەر و بەکەڵکه که ڕۆڵێکی گرینگی هەیه. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک یەکەمین حیزبی مۆدێڕنی کوردی و بناغه‌داڕێژەری کۆماری کوردستان و حیزبێک که له سەرەتای دامەزرانیەوه داوای مافی نەتەوەیی کوردی کردووه، و تا ئێستاش سووره له وه‌دەست هێنانیان و هەروەها ڕۆڵی پێشەنگی بزاڤی ڕزگاریدەری کوردستانی له ماوەی ٧٠ ساڵی ڕابردوودا گێڕاوه، بەشێکی بەرچاو له مێژووی خەباتی کوردی لەگەڵ مێژووی خۆی گرێ داوه. هەربۆیەش له ڕاستای ڕوون بوونەوەی هۆکارەکانی نەبوونی پەرە سەندنی بەرچاوی بزووتنەوەی ڕزگاریدەری کوردستان له بەشەکانی باشووری کورستان چەندین وتووێژمان لەگەڵ چالاکانی سیاسی و حیزبی به ئەنجام گەیاندووه، که لە هەر ژمارەیەکدا پێشکەشی خوێنەرانی ڕۆژنامەی کوردستانی دەکەین.

کاوە ئاهەنگەری چالاکی سیاسی و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له ڕاستای شرۆڤه و لێکدانەوەی دۆخ و هەڵکەوتی بزووتنەوەی میللی-دێموکراتیکی کوردستان له ناوچەکانی باشووری زاگرۆس، میوانی ئەم ژمارەی "کوردستان" بوو. ناوبراو لە سەرەتای قسەکانیدا تیشکی خسته سەر هۆکارەکانی نزمیی ئاستی شوێندانەر بوونی بزووتنەوەی کوردستان له پارێزگاکانی باشووری کوردستان گوتی: "کاتێک دەمانهەوێت باس له باشووری کوردستان بکەین، دەبێ به تایبەت مێژووی سیاسیی ئەم ناوچەیه سەرنجی پێ‌بدرێت. لەم ڕوانگەوه شایەتی بزاڤ و چەندین کەسایەتی و ڕێبەرین که زۆربەیان لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی-دێموکراتیکی کوردستان به‌گشتی یان ڕێبەری سیاسیی لەم ناوچانه بوونه. بۆ وێنه بەشداریی برایم‌خانی نادری له کۆماری کوردستاندا، بزووتنەوەی قەدەمخێر، سەردار مەریەم بەختیاری و هتد... . دوای ساڵی ٥٧، و هاوکات لەگەڵ ئاشکرا بوونی چالاکییەکانی حیزبی دێموکرات، ئەم ناوچەیه توانی ڕۆڵێکی گرینگ و بەرچاو له بەرز کردنەوەی بزووتنەوە و بەرگری له کیانی سیاسی-نەتەوەیی کوردەکان به ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بگێرێت، بۆ وێنه هێزگەلێک وەک شاهۆ، داڵەهۆ و هەروەها بێستون سەر بەو ناوچانه بوون.

بەم پێیه ئێمه دەتوانین بڵێین کە ئەم ناوچانه بەشداری بزووتنەوی ڕزگاریخوازی کوردستان بوونه، بەڵام به بڕوای من به لەبەرچاوگرتنی پانتایی و گرینگیی ستراتژیکی ئەم ناوچانه بۆ ڕابردوو، ئێستا و داهاتووی خۆرهەڵاتی کوردستان، چەند و چوونی چالاکیی حیزبی دێموکرات لەم ناوچانه جێگای ڕەخنەیه. بۆ وێنه دەکرێ بگوترێ که پێتەخت بوونی شارێک وەکوو مهاباد چ له کاتی کۆماری کوردستان و چ له سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران له ساڵی ٥٧دا، که ئەوکات شارێکی بچووک و له ڕوی ئاینییەوه سوننه مەزهەب بوو، له چۆنیەتی پەره‌دان بە خەبات و تێکۆشان و ڕێبەری کردنیان له پانتایی و له قووڵایی ڕۆڵی هەبووه، یانێ ئەگەر له جێگای مهاباد، شاری سنه که له کرماشان نزیکتره وەک ناوەندی سیاسی-ئیداری و نیزامی حیزب هەڵبژێردارابا، بێگومان ئەم هەڵبژارده لەسەر چۆنیەتی بزووتنەوه لەگەڵ ناوچەکانی باشووری کورستان شوێندانەر دەبوو".

له درێژەی وتووێژەکەماندا باسمان له گۆڕانکارییە بەربڵاوە ناوچەییەکان و گرینگیی و ڕۆڵی ناوچەکانی باشووری کوردستان به سەرنجدان بەم گۆڕانکارییانه له بزووتنەوی میللی-دێموکراتیکی کورد کرد، که بەڕێز ئاهەنگەری لەسەر ئەو بڕوایە بوو که: "نە تەنیا بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکانی ناوچه له ئێستا و داهاتووی دوور و نزیک، بەڵکوو به بڕوای من مێژووی کرماشان و ئیلام و لوڕستان گرینگییەکی تایبەتی ستراتژیکی بۆ ناوچەکە هەبووه و هەیه، هەربۆیەشه که له ڕابردوودا ئەم ناوچانه سەرنجی بریتانیا و حکوومەتی ئێرانی بۆ لای خوی ڕاکێشاوه. به بڕوای من حیزبی دێموکرات کەمتر لەو دەسەڵاتانه که ناوم برد سەرنجی بەم ناوچانه داوه. گرینگیی ئەم ناوچەیه له کوردستانیش هەڵدەگەڕێتەوه بۆ فاکتەرێکی کاریگەر و حاشا هەڵنەگر له هاوکێشە نێونەتەوەییەکان به ناوی "وزه"، که هەتا ئێستاش به بڕوای من له سەدەی ٢١یشدا وەکوو فاکتەری کاتالیزۆر له پانتای سیاسەتی نێونەتەوەیدا بوونی هەیه و هەمیش له لایەکی دیکەوه، ئەگەر چاوخشاندنێکمان به سەر خاک و حەشیمەتی ئەو ناوچانەدا کردبێت، دەبینین که زۆرتر له نیوەی جوغرافیا و حەشیمەتی کوردستانی له خۆ گرتووه. لەم حاڵەته‌دا ئەگەر بێتو چاو له هەرسێک فاکتەری وزه، پانتایی جوغرافیا و حەشیمەت بکەین گرینگیی ئەم ناوچەیه بۆ چالاکانی سیاسی کورد ڕوون دەبێتەوه. هەربۆیه ئیزنتان لێ وەردەگرم لەمبارەوه چەند نمونەتان بۆ بێنمەوه، به‌پێی ئاماره فەرمییەکانی ناوەندی ئاماری ڕێژیم و به بێ لەبەرچاوگرتنی کوردەکانی هەمەدان، حەشیمەتی کوردەکان له هەردوو پارێزگای ورمێ و سنه نزیک به ٣٠٣٣٩٣٣ کەس دەبێت –به‌پێی سەرژمێریی ساڵی ٩٠ی هەتاوی- حەشیمەتی هەرسێ پارێزگای کرماشان و ئیلام و لوڕستان ٤٢٥٧٠٦٩ ڕاگەیندراوه. له بارەی پانتاییەوە دیسان به‌بێ لەبەرچاوگرتنی کوردەکانی پارێزگای هەمەدان پانتایی جوغرافیایی پارێزگای ورمێ و سنه ٤٧٨٤٢ کیلۆمتری چوارگوشەیه و پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام و لوڕستان ٧٣٤٣٥ کیلۆمتری چوارگوشە ڕاگەیندراوه. له لایەکی دیکەشەوه هەر وەک ئاماژەمان به فاکتەری "وزه" کرد، کرماشان و ئیلام لەمبارەیەوه به تایبەت له نەوت و گازدا لەگەڵ دوو پارێزگای ورمێ و سنە جێی براورد نین. ئەگەر بمهەوێ کورتی بکەمەوە، پێویسته ئاماژه به فەلسەفەی وجودیی حیزبی دێموکرات بکەم. له ئەساسدا حیزبی دێموکرات سەرنجی به بەڕێوبەریی نیشتمان و دەوڵەتداری داوه نەک داڕشتنی ئیدئۆلۆژیکی دێموگرافیی کوردستان، که واته باشتر وایه ڕێبەرایەتی حیزب ئاوڕێکی تایبەتتر له باشووری نیشتمان بداتەوە. له لایەکی دیکەوه ئەگەر کرماشان و ئیلام و لوڕستان به‌پێی هۆکارگەلێک له مێژووی حیزبی دێموکراتدا به شێوەیەکی پێویست سەرنجیان پێ نەدراوه، بەو مانایه نیه وەک ستراتژیکترین بەشی کوردستان چاوپۆشیان لێ بکرێت و پێویسته وەک ئەندێشە و گیانی هەموو خەباتکارێکی کورد بێت. له لایەکی دیکەوه ئەم بەشه له نیشتمانەکه‌مان دەتوانێ ڕۆڵێکی بەرچاوی له سەربەستیی نیشتماندا هەبێت و گرینگیی ئازادی و پله و پایه و شکۆی سیاسەتی کوردستان چەند هێنده بەرز بکاتەوه".

له بەشێکی دیکەی وتووێژەکەماندا، ڕای بەڕێز ئاهەنگەریمان لەمەڕ پەره‌سەندن و بەهێز کردنی بزووتنەوەی میللی-دێموکراتیک لەم بەشەی کوردستانمان وەرگرت، که جنابیان ئەم پرسیارهیان زۆر به گرینگ و ململانێ خولقێن زانی و ڕای وابوو که ئەم پرسیاره زۆرترین ململانێی لێکەوتووەتەوە و گوتی: "به بڕوای من ئەم بابەته گرینگە ململانێ هەڵگرترین بابەتی ئێستای ئێمەیه، بەڵام بۆ ململانێ هەڵگر؟ به بڕوای من ئەم بابەتەش هەڵدەگەڕێتەوه بۆ گرینگییەکەی و لە هەمانکاتدا ده‌توانێ له ئاستی نێوخۆی حیزب و هەروەها له ئاستی کوردستان و ئێران و تەنانەت ناوچه و جیهانیش (به تایبەت هێزەکانی که ئێستا له ناوچه‌دان) جێگای باس و لێکدانەوە بێت، له وەڵامەکەی پێشوومدا باسم له گرینگیی ئەم ناوچەیه بۆ بریتانیا و حکوومەتی ناوەندیی هێنایه گۆڕێ، هەربۆیەش لەسەر ئەو باوەڕەم که حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به‌ناچار تووشی ئەم ڕووبەڕووبوونەوه دژواره بۆ پانتای سیاسی-ئابووریی کوردستان له داهاتوودا دەبێت. بۆ بردنه‌سەری ڕێژەی سەرکەوتن پێویسته سەردانی خەڵکانی ئەم ناوچانه بکرێت، خەڵکی کرماشان، ئیلام و لوڕستان به لایانەوە گرینگه که بزانن سەربه کام کیانی سیاسی-شوناسین، بۆ به‌ئەنجام گەیاندنی ئەم بابەته حیزبی دێموکرات پێویستی به پلانێکی ڕوون هەیه، ڕێگاچارەیەک که لانیکەم دەشیا ٢٠ ساڵ لەمەوبەر ڕەچاومان کردبا و به‌ئەنجاممان گەیاندبا، که واته له‌بیرمان بێت پێش له هەمووشت خێرایی له به‌ئەنجام گەیاندنی ئێجگار زۆر پڕبایەخه.

دەبێ زیاتر له هەمووکات قەیرانگەلێک وەکوو بێکاری، گیرۆدەبوون بە مادە هۆشبەرەکان، ئیدز، هەژاری، منداڵانی کار و به‌ دەیان کێشه و قەیرانی دیکه که بەرۆکی خەڵکی ئەم ناوچەی کوردستانی گرتووه لەبەرچاو بگرین و خوێندنەوەمان بۆی هەبێت. له لایەکی دیکەشەوه له هەمبەر ئاستی تواناکانی ئەم بەشەی کوردستان ڕوونکردنەوەی پێویست بدرێت.
ناساندنی ئەو توانایانه، سروەت و سامان و ئەو مافەی که خەڵک هەیەتی و لێیان زەوت کراوه، دەتوانێت وەک سەرچاوەی جووڵەی تاک و کۆمەڵ، له ڕاستای ستراتژیی حیزبی دێموکرات لەم پەیوەندیه‌دا له ناوچه بێت.

کورد و کوردستانی بوون و مانەوەی ئەم ناوچه بۆ حیزبی دێموکرات ستراتژییە و ناکرێ پشتگوێ بخرێت، ئەگەرچی دەکرێت سەبارەت به هێز و کارکردی حیزبی دێموکرات له هەمبەر پلانەکانی خەبات لەم ناوچەیه ڕەخنه بگێردرێت، بەڵام ئەوه بەو مانایه نیه که حیزبی دێموکرات چاوپۆشی له گرینگیی ستراتژیکی باشووری کوردستان بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی-دێموکراتیکی کوردستان بکات، نەتەوەی ئێمه له کرماشان، ئیلام و لوڕستان به تایبەت له ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا له بەرانبەر سووکایەتی و بێ‌بەشیی سیاسی، شووناسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری له لایەن دەسەڵات و ئایینی فەرمیی ئێران ئاگا بوونەتەوه، بە ڕای من تەنیا خەباتێکی مۆدێڕنی شووناسخوازانه دەتوانێت گرینگیی بەرزی ئەم ناوچەیه بۆ بزووتنەوەی میللی-دێموکراتیکی کورد بگەڕێنێتەوه.

خەڵکی ئەم ناوچەیه لەگەڵ ئێش و ئازاری تایبەت و شەوانه‌ڕۆژیی قووڵ بەرەوڕوو بوونەتەوه. دۆخی ژیانی ژنان له ئیلام، پرۆژەی ئەنفالی سپی –گیروده کردنی لاوانی کورد به ماده هۆشبەرەکان- له کرماشان، پلانەکان کەم و زۆر سەرکەوتووی جیایی خەڵکی ناوچه له شوناسی خۆیان له لوڕستان و کرماشان و ژمارەیەکی زۆر قەیرانی جیددی دیکه، وێنەیەکی ڕوون و تەواو له کارەساتێک له سەدەی ٢١ نیشانمان دەدا که ئێمه له نیشتمانەکاماندا دەبینین و شاهدێین. له کۆتاییدا دەبێت بلێم که ئەرکی سەرەکیی هەموو کوردانی نیشتماندۆسته که ئەم بەشه له وڵاتەکەمان به گیان و بیر ببینن و بیپارێزن.

*ڕا و بۆچوونی ئەوکەسانەی وتوێژیان لەگەڵ دەکرێت دەرخەری سیاسەتی ڕۆژنامەی کوردستان نیه و ڕای شەخسیه.
بالاترین چاپکردنی ئەم بابەتە

رۆژنامەی کوردستان
رۆژنامەی کوردستان ژ. ٧١٢ لەم ژمارەیەدا:

ــ شکستی کەرکووک کۆتایی ڕێگا نییە!
ــ ڕەوایی چەک و ڕەوایی خەڵکی
ــ ئیمپراتوریی نافەرمی ئێرانی
ــ دەسەڵات و کۆمەڵگا