کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

غوڵامڕەزا کاتب: خەڵک چیدیکە بڕوا بە ئامارەکانمان ناکەن

16:45 - 3 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی باسی لە چێ کردنی لانیکەم ٢ میلیۆن و ٤٠٠هەزار پیشەی نوێ لە ٤ ساڵی ڕابردوودا کردووە، بەڵام غوڵامڕەزا کاتب دەڵێ؛ خەڵک چیدیکە بڕوا بە ئامارەکانمان ناکەن.

لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ١٧ـەمین خولی کێبڕکێکانی کار و شارەزایی، عەلی ڕەبیعی ڕایگەیاند کە؛ لە دەورانی دەسەڵاتی دەوڵەتی یازدەیەمدا، دەرفەتی لانیکەم ٢ میلیۆن و ٤٠٠ هەزار پیشەی نوێ ڕەخساوە؛ لە بەرانبەریشدا غوڵامڕەزا کاتب ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی مەجلیسی ڕێژیم، بە هەواڵدەریی تەسنیمی ڕاگەیاندووە کە؛ هەنووکە زیاتر لە ٤ میلیۆن بێکارمان هەیە و بەهۆی ئەم قسە پێک ناکۆکانەوە خەڵک بڕوای پێمان نەماوە.

کاتب لە لێدوانەکەیدا باسی لەوە کردووە کە؛ ئەگەرچی هەموومان بە قسە دەڵێین بێکاری گەورەترین قەیرانی وڵاتە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە هەڵنەگیراوە.

ماوەیەک پێش ئێستاش سەرۆکی ناوەندی ئاماری ڕێژیم لەمەڕ زیادبوونی نرخی بێکاری بەتایبەت لە نێو توێژی لاو و خوێندەواری وڵاتدا هۆشداری دابوو. بە وتەی ناوبراو نرخی بێکاری لە بەشێکی بەرچاو لە پارێزگاکانی ئێران زیاتر لە ٢٠%ە و لە هەندێک شاریشدا ئەم ڕێژە زیاتر لە ٥٠%ە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هاوکاتە لەگەڵ سەفەری ئەم دواییانەی حەسەن ڕۆحانی بۆ پارێزگای مرکزی کە لەوێدا ناوبراو دەستی داوەتە درۆکردن و وتوویەتی: لە ماوەی دەسەڵاتداریمدا ٣ میلیارد و ٨٩٠ میلیۆن دۆلار سەرمایەی دەرەکیمان هێناوەتە نێو ئێران؛ بەم‌پێیەش دەبێ هەنووکە سەدان کار و پیشەی نوێ ساز بووبێت، بەڵام وادیارە ئەم پیشە نوێیانە بەنهێنی ماونەتەوە کە هیچ کەس لە خەڵکی ئێران هەستی پێ‌نەکردووە یان ئەم پیشە نوێیانە تەنیا بۆ ئاغازادەکان و دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم بووە.