کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی دەزگای قەزایی ڕێژیم، نەیارانی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵانی بە \"دژە شۆڕش\" لە قەڵەم دا

16:48 - 3 خەزەڵوەر 2716

كوردستان میدیا: وتەبێژی دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران، داواكارییەكان بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی دەستدرێژیی قورئانخوێنەكەی بەیتی خامنەیی بۆ سەر منداڵانی، بە داخوازیی دژە شۆڕش لە قەڵەم دا.

غوڵامحوسەین موحسینی ئیژەیی، لە پرێس كۆنفڕانسێكدا كە ڕۆژی یەكشەممە ٢ی خەزەڵوەر بەڕێوە چوو، ڕایگەیاند: تووسی لە تۆمەتی دەستدرێژی بێبەری كراوە، بەڵام بە تۆمەتی هاندان بۆ گەندەڵی بەدواداچوون بۆ دۆسیەكەی دەكرێت.

ئیژەیی هەروەها هەرجۆرە لێدوانێكی لەو پێوەندییەدا بە تاوان لە قەڵەم دا و ڕایگەیاند: بێگومان دژە شۆڕش دەیانهەوێ لەو دۆسیەیە كەڵكاژۆ وەرگرن. بۆ دەبێ هەموو ڕاگەیەنەكانی دژەشۆڕش بە شێوەیەكی تایبەت، بەردەوام باس لەو دۆسیەیە بكەن؟

محەممەد گەندومنژاد تووسی ناسراو بە سەعید تووسی، یەكێك لە قورئانخوێنەكانی زۆر نزیك لە خامنەیی، تۆمەتبارە بەوەی كە دەستدرێژیی سێكسیی كردۆتە سەر ١٠ تا ١٩ منداڵی ١٢ تا ١٤ ساڵە، كە بۆ فێربوونی قورئان چوونەتە لای ناوبراو.

سكاڵاكەرانی ئەو قورئانخوێنە دەڵێن دۆسیەی سكاڵای ئەوان لە ناوبراو، بە هۆی گوشاری نووسینگەی خامنەیی و بەرپرسانی باڵای دەزگای قەزایی و یەك لەوانە دۆزگەری گشتیی تاران، داخراوە.

ماڵپەڕێكی نزیك لە ئیسڵاحخوازان ڕایگەیاندبوو كە؛ ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندیی قەرارگایەكی ئەمنیەتی دەیانهەوێ سەعید تووسی تیرۆر بكەن.

ماڵپەڕی ئامەد نیووز نووسیبووی كە ئەو قەرارگا ئەمنیەتییە دەیهەوێ لەو ڕێگەیەوە هەم پێش بە ئاشكرابوونی دۆسیەی دەستدرێژیی بەكۆمەڵ و هاوبەشی ناوبراو و كۆمەڵێك لە كەسایەتییە دەستڕۆیشتووەكانی نێو رێژیم بۆ سەر مێرمنداڵان بگرێت و هەم بە سەرنجدان بە وتەكانی یەكێك لە سكاڵاكەران لە بەرنامەیەكی تەلەڤیزیۆنیدا، بەرپرسایەتیی تیرۆری ناوبراو بخەنە ئەستۆی سكاڵاكەران و ڕێگا بۆ دەستبەسەركردن و ئیعدامیان خۆش بكەن.