کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەمەودوا باجی ڕێگەوبانیش وەردەگیرێ

16:49 - 3 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە بارودۆخی ڕێگەوبانەکان لە ئێران یەکێک لە کێشە ڕۆژانەکانی خەڵکی ئێرانە، بەرپرسانی ڕێژیم لەباتی چارەسەرکردنی، بیر لە وەرگرتنی باج دەکەنەوە.

جێگری وەزیری ڕێگەوبان و شارسازی بە هەواڵدەریی حکومەتیی تەسنیمی وتووە؛ لە ساڵدا پێویستمان بە ٧ هەزار میلیارد تمەن هەیە بۆ پاراستنی ڕێگەوبانەکان، کە پیویستە لەمەودوا ئەم پارەیە لە خەڵک وەربگرین.

گەڵاڵەی پێشنیار کراوی ناوبراو لەژێرناوی باجی سووتەمەنی، یەکێکە لە فازەکانی پڕۆژەی خۆدزینەوە لە ئەرکەکان، کە ساڵانێکە لەلایەن لێپرسراوانی حکومەتییەوە لە بیاڤە جۆراوجۆرەکانی ژیان خەڵکدا ڕەچاو دەکرێت، کە زەقترین نموونەشی ئەستاندنی زۆرەملێی پارە لە قوتابیانە.
چەسپاندنی ئەم گەڵاڵەیە بە واتای گرانتر کردنی تێچووی ژیانی خەڵک لە ئێران دێت کە وەک لە نوێترین ڕاپۆرتی بانکی ناوەندیی ڕێژیم بۆ ساڵی ٩٤ی هەتاویدا درکاوە، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشتری خۆی، ئاستی داهات و تێچووەکانی خانەوارەکان، گۆڕانی بەسەردا هاتووە و نێونجی تێچووی مانگانەی خانەوارە شارنشینەکان لە ئێران بریتییە لە ٢ میلیۆن و ٩٣٨ هەزار تمەن کە لە ساڵدا دەکاتە ٣٥ میلیۆن و ٢٥٩ هەزار تمەن.

خستنە ئەستۆی تێچووەکانی وەک خوێندن، پێداویستییە پزیشکییەکان، چاک کردنەوەی ڕێگەوبانەکان و... هتد، بەشێکن لە ئەرکە سەرەتاییەکانی دەوڵەت، کە لە ئێراندا بەناوی جۆراوجۆر هەوڵ دەدرێت خۆیانی لێ بدزنەوە و بەرپرسایەتییەکەی بخەنە ئەستۆی خەڵکی ئاسایی کە بەشی زۆریان بۆ نانی شەو داماون.