کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆباما پڕچەككردنی ئۆپۆزیسیۆنی سووریەی بۆ سەركۆماری داهاتوو بە جێ هێشت

16:29 - 4 خەزەڵوەر 2716

كوردستان میدیا: حكوومەتی ئەمریكا پاش تاوتوێكردنی ئەگەری ناردنی چەكوچۆڵی قورس بو نەیارانی ڕێژیمی سووریە، بڕیاردانی لەو پێوەندییەدا بۆ داهاتوو بە جێ هێشت.

هەواڵدەریی ڕووسیی سپۆتنیك بە گواستنەوەی هەواڵێك لە ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست ڕایگەیاند حكوومەتی ئەمریكا پرۆژەی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریكا (سی.ئای. ئەی) لەمەڕ ناردنی كتوپڕی ڕادەیەكی بەرچاو لە چەكوچۆڵی پەسەندكراوی بۆ ئۆپۆزیسیۆنی سووریەی تاوتوێ كردووە.

بە گوێرەی هەواڵی ئەو ڕۆژنامەیە، باس لە چەكوچۆڵێك دەكرێت كە یارمەتیی ئەو هێزانە بدات بۆ بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە ئاسمانییەكان و تۆپخانەكانی ڕووسیە كە لە وڵاتی سووریەدا سەرقاڵی بەڕێوەبردنی شەڕێكی خوێناوین.

بەپێی زانیارییەكانی ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست، ئەو پرۆژەیە لە دوایین دانیشتنی باراك ئۆباما لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانیدا تاوتوێ كراوە و پەسەند نەكراوە، بەڵام لە لابردنی یەكجاریی ئەو پرۆژەیەش دڵنیا نین.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها لە درێژەدا دەڵێ، ئەو بڕیارەی كۆشكی سپی دەرخەری دردۆنگیی ڕوولەزیادبوونی واشینگتۆن لەمەڕ پەرەسەندنی پلانە نهێنییەكانی دەزگای هەواڵگریی ناوەندییە كە لە چوارچێوەی ئەو پلانە و لە سێ ساڵی ڕابردوودا ڕاهێنان و پڕچەككردن هەزارانی كەس لە هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن بەڕێوە چووە. ئەو پلانە فاكتەری سەرەكیی ستراتیژی ئەمریكا بۆ گوشارخستنەر بەشار ئەسەد بە مەبەستی وازهێنانی لە دەسەڵات بووە، بەڵام واشینگتۆن بە هۆی بوونی هێزەكانی ڕووسیە لە خاكی سووریەدا، لە جێبەجێكردنی كردەكیی ئەو پرۆژەیە تووشی گومان بووە. بە باوەڕی ئەو ڕۆژنامەیە، ئۆباما داوای كردووە جێبەجێكرانی ئەو پرۆژەیەی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریكا بۆ پاش هاتنە سەركاری سەركۆماری داهاتووی ئەمریكا دوا بخرێت.