کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییانی پیرانشار لەمەڕ خراپیی ڕێگاوبان خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد

16:30 - 4 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: دانیشتوانی شاری پیرانشار لەمەڕ خراپیی ڕێگاوبان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی قوربانیانی هاتوچۆ لەو شارە، خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دانیشتوانی شاری پیرانشار لە کەمپەینێکدا لەژێر ناوی بەڵی بۆ پەرەپێدانی جاددەکانی پیرانشار لەمەڕ خراپیی ڕێگاوبان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی قوربانیانی هاتوچۆ لەو شارە، خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و داوای بەدواداچوون و چارەسەریی ئەم کێشەیان لە بەرپرسانی ڕێژیم کرد.

ئەو خۆپیشاندانەی هاووڵاتییانی پیرانشار ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی لە شاری پیرانشار بە دروشمی من قوربانیی داهاتووم سەبارەت بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم بەرانبەر دۆخی جاددەکانی ئەو شارە بەڕێوە چوو.

لەو خۆپیشاندانەدا ٣٠٠ کەس لە دانیشتوانی ئەم شارە بەشدارییان کردبوو.

هاووڵاتییانی ئەو شارە لەم کەمپەینەدا باسیان لەوە کردبوو کە؛ بە هۆی هەڵکەوتەی جوغرافیایی شاری پیرانشار و ڕێگای بازرگانیی نێوان دوو وڵاتی عێراق و ئێران، دۆخی جاددەکانی ئەم شارە زۆر نالەبارە، ئەوەش لە کاتێکدایه کە ئەو شارە لە بواری ئابوورییەوە ڕۆڵێکی گرینگی هەیە، بەڵام بە هۆی نەبوونی ڕێگاوبانی باشەوە هاووڵاتییان دەبنە قوربانی.

خۆپیشاندەران لەو کەمپەینەدا داوایان لە بەرپرسانی ڕێژیم کردبوو کە؛ بە زووترین کات پرۆژەی ئوتوبانی نێوان نەغەدە ـ پیرانشار تەواو بکرێت و هەروەها ڕێگای سەردەشت و پیرانشاریش سەرنیا و نۆژەن بکرێتەوە.

لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، خەڵکی شاری مەریوان دژی تانکەرەکانی هەڵگری سووتەمەنی کە لە ڕێگاوبانەکانی ئەو شارەدا هاتوچۆ دەکەن و ژیانی هاووڵاتیانیان خستووەتە مەترسییەوە، خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

هاووڵاتییانی شاری مەریوان سەبارەت بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەپێوەندی لەگەڵ ڕووداوە دڵتەزێنەکانی دەرئەنجامی هاتوچۆی تانکەرەکانی سووتەمەنی، ئەو خۆپیشاندانەیان بەڕێوە برد.

ڕێگاوبانی ناستاندارد، کەمتەرخەمیی شۆفیرەکان و خراپیی و کۆنیی ماشینەکان، لە سەرەکی‌ترین هۆکارەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران و کوردستان بە ئەژمار دێن و ڕۆژ بە ڕۆژ ئاماری قوربانیانی ئەو جۆرە ڕووداوانە ڕوو لە زیاد بوون دەکات.

وڵاتی ئێران لە بواری ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە نێوان ١٩٠ وڵاتی جیهاندا پلەی ١٨٩ هەیە.