کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێ پێشمەرگە لە هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیەدا شەهید بوون

16:32 - 4 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیه لە ناوچەی مێرگەسوور، سێ پێشمەرگە شەهید بوون.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، لە ئەنجامی هێرش و بۆردومانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیه لە ناوچەی مێرگەسوور، سێ پێشمەرگە شەهید بوون.

ناوچەی مێرگەسوور لە باکووری هەرێمی کوردستان هەڵکەوتووە، کە هەندێک جار لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیەوە بۆردومان دەکرێت.

دوای هەڵبژاردنی مانگی تەمووزی ساڵی ٢٠١٥ی تورکیه، ئاگربەستی نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیه کۆتایی پێهات و جارێکی دیکە شەڕ و پێکدادان لەنێوانیاندا سەری هەڵدا، لەو کاتەشەوە تا ئێستا تورکیە چەندین جار سنوورەکانی هەرێمی بۆردومان کردووە و لە بەرامبەریشدا پەکەکە چەندین چالاکیی دژ بە سوپای تورکیه ئەنجام داوە.

ماوەى چەند مانگێکە بە بیانووى بوونى بارەگاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەکە، فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیه بۆردومانى گوندەکانى بنارى قەندیل و ناوچە سنورییەکانى دیکەی هەرێم دەکەن و تا ئێستا ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی شەهید بوون، زیانیش بە چەندین گوند گەیشتووە.