کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هۆشداری دەداتە تورکیه

20:50 - 4 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند؛ ئەو لایەنانەی کە دەیانهەوێت بەشداری لە شەڕی مووسڵدا بکەن، دەبێت هاوئاهەنگییان لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا هەبێت.

بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند؛ ئەو لایەنانەی بەناوی ڕووبەڕووبونەوەی تێرۆر دەیانهەوێت لە عێراقدا ڕۆڵیان هەبێت، دەبێت هەوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی‌دا بکەن، لەغەیری ئەوەدا سەروەریی ئەو وڵاتەیان پێشێل کردووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران هەروەها هەڕەشەی کردووە کە؛ ئەو لایەنانەی لە عێراق گوێ بۆ خواستەکانی دەوڵەتی عێراق ناگرن، دواتر تووشی کێشە و ڕوبەڕووبوونەوە دەبن.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە؛ بە هیچ شێوەیەک جێگای قبوڵ نییە کە وڵاتێکی دیکە بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرەوە هەوڵبدات هاوکاریی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بوەستێنێت و بەبێ خواستی دەوڵەتی عێراق لەناوچەکەدا هەڵسوکەوت بکات.

لێدوانەکانی قاسمی ئەو بەرپرسی ڕێژیمی داگیرکەر و تێرۆریستی ئێران لە کاتێکدایە کە؛ ئەو ڕێژیمە خۆی بەردەوام دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی درواسێ‌دا دەکات و بە پشتیوانی کردنی لە گرووپە توندڕەوکان، پەرە بە تێرۆریزم دەدات و ئەوەش ناڕەزایەتیی بەرپرسانی وڵاتانی ناوچەکەی لێ‌کەوتووەتەوە.

ڕێژیمی ئێران لە دوایین ڕاپۆرتی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکادا بە سەرەکیترین پشتیوانی تێرۆیزم ناسێندراوە.